
(1)
تەنها چلو هەشت سەعات ماوە لەبەردەم كاتی گشتپرسیدا، هەموو ئەوانەی پشتیوان بوون، ناكۆك بوون، دژ بوون، قسەی خۆیان كرد، دواجار ئەوەی توانی تەعبیر لە ڕای كوردستان بكات، نوێنەرایەتی میللەت بكات، ئەو دەنگەیە لە دەرەوەی یاساو دامەزراوەی شەرعی خۆی سەپاندووەو خۆی كردووەتە نوێنەری خەڵكی كوردستان، پێمان خۆش بێت یان نا، نەیاربین یان دۆست، ئەوەی بڕیاردەداتو ئاڕاستەی ڕۆشتنەكانی كوردستان دیاریدەكەن دوو هێزی سیاسین، ئەوانیش بە پلەی یەك پارتیو بە پلەی دوو یەكێتی، ئەوەش لە دەرئەنجامی لاوازكردنی دامەزراوەكان، پەكخستنی پەرلەمانو وەلانانی یاساوەیە، كەواتە وێنەی ئێمە ئێستە بەوجۆرەیە كە خەڵكی كوردستان لە 25ی 9ی 2017 گشتپرسی دەكات، كۆمسیۆن ئامادەكاری كردووەو ئەو ڕۆژە سندوق دەچێتە بەردەم ئیرادەی خەڵك، پڕۆسەكەش دەڕوات بە هەر ڕێژەیەك بێت، خۆ ئەگەر دواش بخرێت ئەوە هەر ئەو دوو هێزەن بڕیار دەدەن، بە پلەی یەكیش پارتیو سەرۆكەكەی، نەوەك كەسی ترو دامەزراوەی تر، هەمووش دەزانین ڕێگاكە ناڕاستەو نەدەبوو بەوجۆرە بێت، دەبوو پەرلەمان كارابێتو یەك دەستو یەك دڵ هەموو هێزەكان بڕیارێكی بەو ئاستە چارەنووسساز بدەن، بەڵام واقیعەكە بەمجۆرەیەو دونیاش بەمجۆرە مامەڵەی لەگەڵ دەكات.
(2)
كاتێك زۆرینەی وڵاتو دامەزراوە گرنگەكانی دونیا هەریەكەیان بە ڕێگەیەك ڕووی لە كوردستانەو داواكاری هەیە، بە بەیاننامەو هەڵوێستو لێدوان بەشدارن لەم پڕۆسەیە، ئەوە ناكرێت هاوڵاتی كوردستانی لەنێوخۆ بێدەنگ بێت، یان بێلایەنی هەڵبژێرێت، ئەگەر گشتپرسی پەیوەندی بە ئەمەریكاو بەریتانیاو فەڕەنساو حەیدەر عەبادیو ئەردۆغانو ڕۆحانیو ئەسەدەوە هەبێت، چۆن چۆنی پەیوەندی بە هاووڵاتی كوردستانییەوە نییە، مرۆڤی كورد چۆن دەتوانێت خۆی لێ كەڕ بكات؟ بێگومان ناكرێتو پێویستە بەشداربێتو هەڵوێستیشی هەبێت.
(3)
ڕێژەی بەشداری هەرچی بێت، سەركەوتنی ڕێژەی بەڵێ پێویستی بە لێكدانەوەو بۆچوونو پێشبینی نییە، چونكە ئەو پرسیارەی لەسەر كارتی دەنگدان ئاڕاستەی هاووڵاتیان دەكرێت هیچ بژاردەی تێدا نییە، یان بەڵێ دەكەیت بۆ سەربەخۆیی كوردستان، یان نەخێرو بە زمانی حاڵ دەڵێیت پێم خۆشە لەگەڵ عێراقی ئەنفالو كیمیاییبارانو تائیفەگەراو حەشدی شەعبی بمێنمەوە، نە پاشگری لە ئێستادا لەگەڵ (بەڵێ) هەیەو نە بە نەخێرەوە، ویژدانی مرۆڤی كوردیش بەجۆرێكە زۆر زەحمەتەو كارێكی ئاسان نییە نەخێر هەڵبژێرێت، چونكە هەستی نەتەوەییمان، ئازارەكانمان، خەباتو قوربانیدانمان هێندە گەورەو بەئازارن هەرگیز دەرفەتی بیركردنەوە بە هیچ كوردێك نادات، لائیرادی دەبێت بڵێیت بەڵێ بۆ سەبەخۆییو نەخێر بۆ مانەوەی نەوەك تەنها باشور، بەڵكو باكورو ڕۆژهەڵاتو ڕۆژئاواش لەگەڵ ئەو ڕژێمانەی كە بوونمان ناسەلمێنن.
(4)
هێزو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، وڵاتانی زلهێزو هەموو دونیا ئامۆژگاری گەلی كورد دەكەن كە گشتپرسی دوا بخرێت، نەیارەكانیش هەڕەشە، بەڵام ئەو كەسو حزبەی كە بڕیاریداوە دوای ناخات، كەواتە لەم حاڵەتەدا هەموو بەرپرسیاری ئەنجامەكانی دەكەونە ئەستۆی ئەم لایەنە، پێویستە پارتیو سەرۆكەكەی بە كردەیی تەحەمولی برسێتیو شەڕو گرفتو كێشە بكات ئەگەر خوانەخواستە گەلەكەمان جارێكیتر ڕووبەڕووی ببێتەوە لە ئەنجامی گشتپرسی، لەم كاتانەدا نە هاووڵاتیو نە ئەو هێزانەی ناوخۆ كە ئامۆژگاری دڵسۆزانە دەكەن بە دواخستنیو ڕەخساندنی دۆخی گونجاو، باشكردنی ژیانی خەڵكو بەهێزكردنی ژێرخانی ئابوری، دروستكردنی دامەزراوەو بە یاساییكردنی گشتپرسی لە ڕێگەی نوێنەرانی گەلەوە لەنێو هۆڵی پەرلەمانێك كە لەچوارچێوە یاساییەكەدا كاربكات، نەوەك لەسەر خواستی حزبێكو دوان.
ئەگەرچی بۆچوونێكی ئاقڵانەو حەكیمانە هەیە پێماندەڵێت بەشێكی گەورەی ئامانجەكانی گشتپرسی هاتوونەتەدی بەبێ ئەنجامدانی، ئیتر گشتپرسی لە ئێستادا نەكرێت باشەو سود لەم پشتیوانیو دەنگە نێودەوڵەتییە بێ وێنەیە وەربگرین، چونكە هەر لە بنەمادا گشتپرسی مەرجی ڕاگەیاندنی دەوڵەت نییە، خۆ ئەوەی بڕیاریداوە بكرێتو ئەوەشی ئێستە سوورە لەسەر ئەنجامدانی گەل نییە لە ڕێگەی پەرلەمانەوە، بەڵكو حزبێكەو دوان، كەواتە هەر ئەوانیش بەرپرسیارن لە ئەنجامە نەرێنییەكانی، لەوەی ئەم كارتە گرنگەی ڕای خەڵك خراپ بەكاربێنن، نەتوانن باشترین سودی لێوەرگرن.
(5)
لە دەرەوەی لێكدانەوەی سیاسیو یاسایی، زۆر هۆكار هەن كە وا دەكەن هیچ دەرفەتێك بۆ بژاردەی تر نامێننەوە، بێجگە لە بەشداریو بەڵێ بۆ سەربەخۆیی، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە كە بەڵێ وتن بۆ سەربەخۆیی هەستێكی ویژدانییە، نرخەكەی دەرهاویشتەی پڕۆسەیەك نییە كە پارتی ڕابەرایەتی بكات، ڕیكلامی بۆ بكات، سەرۆكەكەی بیكاتە دەستكەوتی خۆی، نەخێر، بەڵێی ئێمە لە هەستێكەوە دێت كە خوای گەورە خۆی پێی بەخشیوین، ئاوێتەی خاكو خۆڵی كوردستانە، ڕەنگی شەهیدانی گرتووە، بۆنخۆشە بە بۆنخۆشی ئەو دایكو باوكانەی تەمەنێك بە چاوەڕوانیو هیوای ژیانی خۆشو سەربەخۆییەوە پیری كردن، هەستێكە لە شێخ سەعیدو قازی محەمەدو دەیانو سەدان شۆشگێڕو شۆرەسوارەوە بۆمان ماوەتەوە، هەستێكە كە مرۆڤ هیچ بژاردەیەكی بۆی نییە، بژاردە لەپاش وڵاتو كوردستانو سەربەخۆیی تەنها هەر وڵاتو سەربەخۆییو كوردستانە، ئەمە نهێنی (بەڵێ)ی منە بۆ سەبەخۆیی، بە ڕێژەیەكیش لەگەڵ ئەم بۆچوونەم هیوادارم تەنها (یەك) نەخێر لە هیچ سندوقێك نەبینم.
(6)
دوای گشتپرسیو بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كاری دڵسۆزانی گەلو وڵات تەواو نابێت، ئامانجە گەورەكە بێتە دیو دەوڵەت دروست ببێت یان ناو بەمجۆرەی ئێستە بمێنینەوە، پێویستە خەبات لەپێناو دادگەریدا لە نێو خۆدا بەردەوام بێت، خەبات لە پێناو سەروەری یاسادا لەنێو خۆ بەردەوام بێت، كاركردن بۆ سڕینەوەی ئاسەواری دوو ئیدارەیی، خەبات دژی دزینی سەروەتو سامانو گەندەڵیو حزب دەوڵەمەندكردن بەردەوام دەبێت، خەبات بەردەوام دەبێت لە پێناو كوردستانێكدا موڵكی كەسێكو دوان، خێزانێكو دوان، حزبێكو دواندا نەبێت، گەندەڵی نەبێتە خۆرەی سەروەتو سامانەكەی، سیستم سەروەر بێتو لاوازەكان بێ بەش نەكرێن، دادگەری كۆمەڵایەتی بەرقەراربێت، ئەوەش هاوشێوەی هەستی نەتەوایەتی پێویستە لەناخی هەوو تاكێكی دڵسۆزدا بێت، ناتوانین دەستی لێهەڵگرین، لە پێناو ئایندەی خۆمانو نەوەكانو كوردستاندا خەباتی بۆ دەكەین، خەباتێكی مەدەنی شێلگیرانەی بەردەوامو بێ سازش.