ڕیفراندۆم بەرەو كوێمان دەبات؟

23-09-2017 07:12

 


وڵاتانی چواردەوری كوردستان لە ئێستادا لە ئەوپەڕی لاوازیدان‌و ئەگەر لە ئێستادا ڕیفراندۆم نەكرێت ئەوا ئەگەری زۆرە ئێران ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆم(ئەمەریكا دەیەوێت پەیماننامەكە هەڵوەشێنێتەوە)و توركیا و عێراق ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێز دەبن بۆیە زۆر زەحمەت دەبێت لە داهاتودا ڕیفراندۆم بكرێت.

 

ئەگەر كورد ڕازی ببێت بەوەی بگەڕێتەوە بەغداد هەر كاتێك بێت بەغداد دەتوانێت هەمان سیناریۆ دوبارەبكاتەوەو بەشە بودجەی كورد ببڕێت‌و هیچ گەرەنتیەك نیە.

 

لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا گەرەنتی بوونی نیە، لە 1994 ئۆكرانیا هەموو چەكە ئەتۆمیەكانیان دا بە ڕوسیا بە ناوەندگیری ئەمەریكا لە بەرامبەر پاراستی سەروەری ئۆكرانیا، بەڵام ڕوسیا سەروەری ئۆكرانیای بەزاند.

 

توركیاو ئێران ناتوانن ڕاستەوخۆ هێرش بكەنەسەر كوردستان، چونكە دەبێتە هۆی یەكگرتنی كورد كە ئێران‌و توركیا زۆر لێی دەترسن، چونكە دەبێتە شەڕێكی نەتەوایەتی‌و هەموو كوردێك بەشداری دەكات، ئەگەر بیانەوێت لە شارە كوردستانییەكان شەڕ بكەن ئەوا بە ئاسانی دەگوازرێتەوە بۆ شارە توركی‌و فارسییەكان. هەروەها ئەو وڵاتانەی بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە لە ئێستادا، سعودیەو ئیسرائیل‌و میسرو ئوردن (زۆر لەیەك نزیكبوونەتەوەو چەندین كۆبونەوە لە نێوان ناتانیاهۆو محەمەد بن سەلمان‌و سیسی‌و شا عەبدوڵادا ئەنجام دراوە) بۆیە بە ئاسانی ناتوانن هێز بنێرنە كوردستان‌و گەیشتنی هێزی توركی‌و ئێرانی بۆ كوردستان بە دڵنیاییەوە بێ وەڵام نابێت، چونكە دەبێتە مەترسی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتانە (سعودیەو ئوردن‌و ئیسرائیل‌و میسر).

 

كوردستان وەك مەكینەی ئابوری توركیاو ئێران وایە، چونكە بەرهەمە ئێرانی و توركیەكان كوالێتییان نزمەو لە ئەوروپاو وڵاتانیتر زۆر بازاڕیان نییە، بەرهەمە ئێرانییەكان تەنانەت لە ئێرانیش بازاڕیان نیەو بەرهەمی قاچاخ زۆر لای خەڵك پەسەندترەو ئەگەر ئێران(ڕێژەی بێكاری لەسەدا 30یە) سنور دابخات ئەوا هەڵئاوسان ڕودەدات‌و بازاڕی ئێرانی زۆر دەشكێت‌و دەبێت هەزارەها كارگە دابخرێت.

 

ڕێگری ئەردۆغان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە پێویستی بە پشتگیری خەڵكەكەیەتی چونكە كوردستانی سەربەخۆ دەنگی ئەردۆغان دەهێنێتە ژێر لە سەدا پەنجاو هەڵبژاردنی 2019 ئەردۆغان توشی شكست دەكات.

 

هاوكات توركیا پێویستی بە ڕەزامەندی ڕوسیایە بۆ ئەنجامدانی هەر جوڵەیەك لە دەرەوەی سنورەكانی، ڕوسیا دەیەوێت توركیا دابخات‌و لاوازی بكات هەر لەبەرئەوەشە كە ڕوسیا دەیەوێت گازی سروشتی كوردستان هەناردەی دەرەوە بكات بۆئەوەی تەواو جڵەوی توركیا بكات(توركیا زۆرینەی نەوت و گازی سروشتی لە ڕوسیاو كوردستان هاوردە دەكات‌و گرتنەوەی ئەو وزەیە توركیا شەلەل دەكات) ڕوسیا پێویستی بە توركیایە لەبەر دەرچەی بۆسفۆرۆس كە بەهۆی ئەو وزەیەی ڕوسیا دەیداتە توركیا هاوسەنگیی ڕاگرتووە. توركیا دەیەوێت كوردستان وزەی بۆ دابین بكات‌و لە ڕوسیا ڕزگاری ببێت، ئاسایشی وزەی توركیا لە دەست كورستانە.

 

ئەمەریكا لە ڕێگەی هاوپەیمانەكانیەوە هەژمون‌و دەسەڵاتی خۆی لە جیهاندا دەپارێزێت (سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا لەدوای جەنگی جیهانی دووەم) ئەمەریكا دەیەوێت وەك جاران دەسەڵاتی هەبێت لە ناوچەكەدا بۆیە باشترین ڕێگە بۆ ئەمەریكا كوردستانە، چونكە كوردستان دەتوانێت خۆی بپارێزێت (سعودیە و ژاپۆن و كۆریای باشور، ئەمریكا دەیان پارێزێت) ئەگەر ئەمەریكا پشتگیری كورد نەكات ئەوا كورد دەچێتە مۆسكۆ كە كرملین زۆر پێیخۆشحاڵ دەبێت بۆ جڵەوكردنی ئێران‌و توركیا (لە جەنگی ئەفغانستان حەفیزوڵا ئەمین داوای هاوكاری لە مۆسكۆ كرد، بەڵام گوێیان بۆ نەگرت بۆیە مۆسكۆ لە ترسی ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ واشنتۆن هێزێكی 500 هەزار سەربازیی ناردە ئەفغانستان) ئەمەریكاش بەتەواوەتی لاوازدەبێت لە ناوچەكە، ئەمەریكا پشتگیری كوردستان دەكات، هەموو ئۆپەراسیۆنەكان لە دەستی دەزگای هەوڵگریی (CIA) دان‌و تائێستا هیچ هەڵوێستێكیان بەرامبەر ڕیفراندۆم نەبووە.

 

بۆ عەبادیش بەهەمان شێوەیە‌و ئەمەریكا دەیەوێت كە عەبادی ببێتەوە بە سەرۆك بەڵام ئەمەریكا دەزانێت كە كوردستانێكی هەوپەیمانی ئەمەریكا باشترە لە عێراقێكی ژێردەستی ئێران.