هێشتا دەرئەنجامەكانی ڕیفراندۆم ڕانەگەیەنرابوو، حكومەتی عێراق دەستیكرد بە سزادانی خەڵكی كوردستان، بەغدا لە بڕینی قوتی خەڵكی كوردستانەوە ڕانەوەستاوە، ئێستا پەنای بردووە بۆ داخستنی سنووری وشكانیو ئاسمانی كوردستان، دەستی سەرۆك وەزیرانی عێراقی ئاوەڵاكردووە، بۆ هێرشكردنەسەر كوردستان، پرسیارێك لەبەردەم خەڵكی كوردستاندایە، دەكرێت تا هەتایە بڕیار لە چارەنووسی خۆمان نەدەین، لەبەرئەوەی بەغدا پەنا دەباتەبەر سزادانی خەڵكی كوردستان؟ بەغدا هەرچییەك بێت، دواجار نیەتی خۆی دەرخست لە سزادانی خەڵكی كوردستان، ئەگەر ڕیفراندۆمیش نەكرایە، ئەوەی ئێستا دەكرێت هەردەكرا، واتە ئەوسزایانەی بەغدا بەسەر كوردستانیداوە پاساوە، ئێستا بەغدا دەبێت چاوەڕوانی شتی دیكەش بكات، لەوانە سوننەكان لەگەڵ ئەوەن كە ڕیفراندۆم لەناوچەكانیان بكرێت، واتە حكومەتی عێراق، خۆی هۆكاربوو بۆئەوەی عێراق پارچە پارچەبێت، هەنگاو بۆ گەڕانەوەی عێراقی كۆن زیاتر دەبێت، شیعە حوكمی خۆیانو سوننەش بەهەمان شێوەو كوردستانیش ڕێگای خۆی دۆزییەوە، بڕیاروانەبوو عێراقی نوێ ئاوابێت كە ئێستا هەیە.
شەراكەتی عێراق نەما بەبڕیاری تاكە كەسێك پارەی گەلێك بڕاوە. بەهۆی حكومەتێكی شكستخواردوەوە بەشێك لە عێراق كەوتە دەست داعش، واتە ئایندەی عێراق دیارنییە، دەسەڵاتی عێراق خەریكە دەكەوێتەدەست چەند كەسێكی شیعە كە خەریكە عێراق، بەرەو هەڵدێر دەبەن.
دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم چەند ئەگەرێك هەن، ئەمەریكا لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستانو هێزی پێشمەرگە لەسەر خەتە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی تیرۆر، هیچ بڕیارێكی بەغدا تا كوردستان ناڕوات، هیچ كاتێك كوردستان بڕیاری بەغدای جێبەجێ نەكردووە، تائێستا لەبەغداوە هەڕەشە بكرێت، دەبێت عێراق باش بزانێت ئەگەر هەرێمی كوردستان نەبوایە شەڕی تیرۆر ئاسان نەدەبوو، دواتر دەبێت بەغدا ئەوەبزانێت كە ئێستا لە هەولێرەوە ئەمەریكا خەریكە بۆ دروستكردنی بنكەی سەربازی گەورە، بۆئەمەش لە فڕۆكەخانەی هەولێر ئامادەكاریی دەكرێت بۆ كردنەوەی بەشی سەربازیی هاوپەیمانان، ئەمەریكا دەبێت باش لەوەتێبگات تاكە شوێن لە عێراقدا هەبێت بۆ حەوانەوەی كوردستانە، ڕەنگە داهاتووی ئەمەریكاش لە عێراق نەبێت، لەیادی عاشورا ئەمڕۆ(٢٩\٩\٢٠١٧) ئاڵای ئەمەریكا لەژێر پێیان بوو، هەمان سیناریۆی ئێران لە عێراق دوبارە دەبێتەوە، لە 12 ساڵی ڕابردوو 7 هەزار سەربازی ئەمەریكا لە عێراق كوژراون، تەنیا یەك سەربازی ئەمەریكا لە كوردستان نەكوژراوە، داهاتووی ئەمەریكا بۆ سوریاو بۆ ئێرانیش لە كوردستانە، كردنەوەی بەشی سەربازیی ئەمەریكا لە فڕۆكەخانەی هەولێر، ڕێگرە لەهەر هەوڵێكی عێراق بۆ داخستنی فڕۆكەخانەكە، لەهەمانكاتدا داهاتوی عێراق لەگەڵ توركیاش نابێت، چونكە سیاسەتی عێراق لە دەرەوەی سنوری وڵات ئەوەیە، ئەوكاتانەی ئێرانو توركیا گرژییان دەبێت عێراق لەناو ئەو گرژییانەدایە، وەك پرسی هێزی توركیا لە باشیك، ئێستاش ئێرانو توركیا هاوبەشن، عێراق خۆی خزاندووەتە چوارچێوەكەیەوە كەوایە سەروەری عێراق كامەیە؟.
ئەوەی ماوەتەوە، ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان قسەی خۆی كرد، ئێستا كوردستان كوردستانەو عێراقیش عێراقە بەتێكڕای خەڵكی كوردستان دەستوری عێراقیان ڕەتكردەوەو ئامادەنین لەچوارچێوەی دەستوری عێراق بمێننەوە، بۆیە دەبێت عێراق ئەوە قبوڵ بكات كە كوردستان بڕیاری خۆی داوە، باشتر ئەوەیە هەردووكیان ببنە دراوسێیەكی باش تا پێكەوە بەم دۆخەوە بەردەوامی بدەن، ڕەنگە گوشارو هەڕەشەكانی بەغداش بۆ ڕاگەیاندن و پرسی ناوخۆی شیعەبێت، ئەگەرنا بەناچاری دەبێت بەغدا بكەوێتەوە گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی كوردستان، چونكە زۆر خاڵی هاوبەش هەیە دەبێت عێراق لەگەڵ كوردستان جێبەجێیان بكات، بەپێچەوانەوە ڕەنگە بەغدا توشی ئەوەش ببێت كە دەتوانێت ئەو مامەڵەیەی لەگەڵ هەرێمی كوردستانی كرد لەگەڵ ناوچە سوننەكانیشی بكات، لەماوەی ڕابردوو هەمان مامەڵەیكرد، بینیمان خۆپیشاندانی ناوچە سونییەكان بەتایبەت لە ئەنبار چۆن فشاری لەسەر عێراق دانا، دواتر پشتیوانی خەڵكی سوننە لە گروپی تیرۆریستی داعش كە سەرەتا(نەیانزانی داعش دەبێتە ئەو دڕندەیە) دەرئەنجامی ئەو سیاسەتەی بەغدابوو كە لەگەڵ سوننەكان كردی، هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن كە دەبێت جارێكی دیكە عێراق بەسیاسەتی خۆیدا بچێتەوە.