گرێبەستەكانی گازپڕۆم و ڕوسنەفت.. لە (پاساوی دەستێوەردان)ەوە بۆ پاڵپشتی لە (سەربەخۆیی)

01-10-2017 05:12

 

1-
گرێبەستەكانی گازپڕۆم و ڕوسنەفت، دەروازەیەك بۆ ڕوسیا دەكەنەوە بە ئاڕاستەی دەستێوەردان لە كێشەی كورد لە عێراق. ڕاگەیاندنی گرێبەستەكانی ڕوسنەفت و گازپڕۆم لە سەروەختی ڕیفراندۆم لە كوردستاندا لەلایەك و لەلایەكی تر دابینكردنی پارەیەك لەلایەن كۆمپانیا ڕوسییەكانەوە لە بەرامبەر وەرگرتنی نەوت لە داهاتوودا یان بنیاتنانی ژێرخانی گواستنەوەی وزە، هەموو ئەوانە لەوماوە كورتەدا، ئاماژە بە ویستی ڕوسیا بۆ دەستێوەردان لە كێشەی كورد لە ناوچەكەدا دەخەنەڕوو. بەتایبەت كە هەندێك لەو خاڵانە، كۆنن، بەڵام ئێستا لەلایەن ڕوسییەكانەوە، بەمەبەست نوێ دەكرێنەوە یان دەخرێنەوە‌ڕوو.

 

2-
ڕوسیا دەتوانێ ئەو گرێبەستانە بكاتە پاساو بۆ ئامادەیی خۆی لە ناوچەكەدا، بەڵام هیچ ئاماژەیەك تا ئەو چركەساتە لە ئارادا نییە كە ڕۆڵی ڕوسیا پاڵپشتی لە سەربەخۆیی كوردستان دەبێ. ئێمە نازانین ئایا ڕوسیا دەیەوێ چۆن ڕۆڵێك ببینێت، ئەو دواجار پاساوێكی هەیە بۆ دەستێوەردان و ئامادەبوون، بەڵام تا كۆتا هەڵوێست، ناتوانین پێشبینی ئەوە بكەین كە ڕوسیا لە كۆتاییدا لەگەڵ سەربەخۆیی كوردستان دەبێ، چونكە ئەو دەروازەیەش لەبەردەم ڕوسیادا كراوەتەوە‌ كە لە بەرامبەر پاشەكشە لە (پشتیوانی)یەكانی لە دۆسیەی كوردستاندا، سەودایەك لەگەڵ ئەمەریكا یان توركیا بكات لە پێناو جێگیركردنی بەرژەوەندییەكانی خۆی، لە دۆسیەیەكی دیكەدا، بۆنمونە لە دۆسیەی سوریا و ڕۆژاڤادا. یان لە دۆسیەكانی زۆر زۆر دوور لە ئێمە كە پەیوەستن بە بەرژەوەندییەكانی ڕوسیا لەڕووی سیاسی و ئابوورییەوە كە پێویست بە ڕێككەوتن لەگەڵ زلهێزەكانی تری وەك ئەمەریكا دەكات. ئەو سەودا و مامەڵەیە یان ئەو ئاڵوگۆڕە لە نێوان زلهێزەكاندا و لەسەر حسابی دۆسیەكانی وەك دۆزی كورد، حاڵەتێكی زۆر زۆر چاوەڕوان كراوە. نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و یەكلاكردنەوەی پشكی زلهێزەكان و ڕێككەوتن لەسەر بەلاداخستنی ناكۆكییەكان، لە كۆتاییدا بەو شێوە ئاڵوگۆڕانە، یەكلا كراوەتەوە.

 

3-
كاتێك دەڵێین ناتوانین پێشبینی سەد لە سەد بكەین كە ئەو دەستێوەردان و ئامادەییەی ڕوسیا لە دۆسیەی كوردستاندا، لە بەرژەوەندی سەربەخۆیی كوردستان دەشكێتەوە، لەوەش ئاگادارین كە ئەو گرێبەستە نەوتییانە، هێشتا زۆر زۆر سەرەتایین، هێشتا ڕون نییە ئایا كۆمپانیا ڕوسییەكان نەوت دەدۆزنەوە یان نا؟ ئەوان دەبێ لە ماوەی پێنج تا حەوت ساڵ گەڕان و پشكنین بكەن بۆ دۆزینەوەی نەوت، دیار نییە ئایا نەوت دەدۆزنەوە یان نا؟ دەگوترێت (ماسی لە ناو بەحردا ناكڕدرێ)، ئەو گرێبەستە نوێیانە، لە كڕینی ماسی لەناو بەحریش، ئەولاترن. كۆمپانیاكانی نەوت دەبێ تا دۆزینەوە و بەرهەمهێنانی نەوت پارەی خۆیان خەرج بكەن، نەوتیان دۆزییەوە، پارەی تێچوو وەردەگرنەوە و نەوتیان نەدۆزییەوە لە خۆیان دەچێت، لەبەرئەوەیە گرێبەستەكانی هاوبەش لە بەرهەم، بە (ڕیسك كۆنتراكت) ناودەبرێن، ئێمە لە گرێبەستە نوێیەكاندا، هێشتا ئەو قۆناغی (ڕیسك)ەمان تێپەڕ نەكردووە تا وا دابنێین ڕوسیا شەڕێكی گەورەیان لەسەر دەكات. بەزیادكردنی ئەو خاڵەش، كە ئەو گرێبەستانە لە حاڵەتی جیابوونەوە یان مانەوەی كوردستان لە عێراقدا، وەك خۆیان دەمێننەوە. واتە (جیابوونەوەی كوردستان)، مەرجی سەركەوتنی ئەو گرێبەستانە نییە، كەواتە پەیوەندییەكی پتەو و دامەزراوەیی لە نێوان گرێبەستەكان و سەربەخۆییدا نییە.

 

4-
بنەڕەتی قسەكە ئەوەیە، ئەگەر هێشتا گرەنتییەك نەبێ كە كۆمپانیا ڕوسییەكان نەوت دەدۆزنەوە، هەروەك ئەو گرەنتییە لەئارادا نییە، كەواتە چۆن دەتوانین وەها چاوەڕوانییەك بكەین كە هەر لەو سەرەتای ڕێگەیەدا، هەموو شت بە قازانجی مەلەفێكی گەورەی وەك سەربەخۆیی، لەمەڕ ڕوسیاوە، دەشكێتەوە؟ گرێبەستی هاوبەش لەبەرهەم، گرەنتییەكی تێدا نییە، لەو ساڵانەی ڕابردوودا، چەندان كۆمپانیای بچووك و مامناوەند و گەورە گرێبەستیان ئیمزا كرد، پاش چەندان ساڵ گەڕان و پشكنین و هەڵكەندنی بیری نەوت، نەوتیان نەدۆزییەوە و بلۆكە نەوتییەكانیان جێهێشت. ئەوەش حاڵەتێكی نۆرماڵە لەو گرێبەستانەدا و بگرە بنچینەیەكە لەو مۆدێلە گرێبەستانەدا.

 

5-
دوو گریمانە هەیە، گریمانەی یەكەم، ڕاستەوخۆ گرێدراوە بە (نەوتی كەركوك)ەوە. كێڵگەكانی نەوتی كەركوك پێشتر كاریان تێدا كراوە، ئەوە یەكلا بووەتەوە كە پاش نزیكەی سەدەیەك لە بەرهەمهێنانی نەوت لەو كێڵگانەدا، هێشتا یەدەگێكی زەبەلاح لە كەركوكدا هەیە، كە پێدەچێت لە یەدەگی نەوتی هەموو هەرێمی كوردستان بەسەریەكەوە زیاتر بێت. لە پاش 2014ەوە، لەلایەن نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك و حكومەتی هەرێم، هەوڵێك هەبووە بۆ ڕاكێشانی كۆمپانیاكانی ڕوسیا بەمەبەستی كاركردن لە نەوتی كەركوك. ئایا هیچ ڕێككەوتنێكی شاراوە لەو ڕووەوە هەیە كە خاوەندارێتی نەوتی كەركوك یان بەشێك لە كێڵگەكانی، بۆ ڕوسییەكان یەكلا بكاتەوە؟ ئەوە داهاتوو وەڵاممان دەداتەوە، بەڵام هەر شتێك لەو ڕووەوە هەبێ، پڕۆسەكە لە بەرژەوەندی كورد كۆتایی دێت و بۆ ئێستە و داهاتووش، تەنانەت توركیاش بێدەنگ دەكات، لە ئەگەری ئەو شێوە بەشدارییەی ڕوسیا، ئاساییە كە چاوەڕوان بكەین دووەم دەروازەی هەناردەكردن بۆ نەوت و گازی كوردستان بكرێتەوە، كە سوریایە. لێرەدا خاڵێك هەیە كە زۆرجاری دیكە ئاماژەم بۆ كردووە، فاكتەری هەرە سەرەكی لە بەدەركردنی كەركوك لە ناوچەی ئۆتۆنۆمی لەلایەن بەعسەوە، كە لەلایەن ئەمریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تا ڕاپەڕینی بەهاری 1991 و دیاریكردنی ناوچەی دژە فڕین و بەدەركردنی هێڵی 34 لەو بازنەیەدا، پشتیوانی كراوە، ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە نەوتی كەركوك‌و بەكارهێنانی بۆ پەیداكردنی پشتیوانی نێودەوڵەتی یان هەرێمی بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوەی كوردستان لە عێراق. لە دانوستانی بەرەی كوردستانی-بەعس لە 1991دا، نەوشیروان مستەفا ئەوە دەگێڕێتەوە كە تاریق عەزیز بە شاندی بەرەی كوردستانی دەڵێ: ئەگەر كەركوك بخرێتەسەر ناوچەی ئۆتۆنۆمیی، كێ دەڵێ ئێوە سبەی لەگەڵ توركیا ڕێك ناكەو‌ن، لە بەرامبەر ئەوەی نیوەی نەوتی كەركوك بە (خۆڕایی) بە توركیا بدەن، ئەوە توركیا پشتیوانی لە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان دەكات. ئێستا قسەكە لەسەر ڕوسیایە، ئایا كورد دەتوانێ، بەسەر توركیاشدا باز بدات و وەها سەودایەكی ئابوری-سیاسی لەگەڵ زلهێزێكی وەك ڕوسیا بكات؟ ئایا ڕوسیا چۆن توركیا ڕازی دەكات؟

 

گریمانەی دووەم:
هەر پەیوەست بەو خاڵە، ناتوانین كاریگەرییەكانی (گاز) بە تەنیا نادیدە بگرین، بەتایبەت كە تاڕادەیەكی باش یەكلابووەتەوە، پێگەی هەرێمی كوردستان(بەبێ كەركوك)، لەرووی یەدەگی گازەوە، جێگیرتر و مسۆگەرترە تا بە نەوتەكەی، ئەوە جگەلە حسابكردن لەسەر پێویستییەكانی بازاڕی ناوچەكەو ئەوروپا بە گازی سروشتی. لەوەشیاندا، دیسان ڕوسیا ئەگەر قفڵەكە لەدەست خۆیدا بێت، دەشێت هاوكار بێت و ئەگەر لە دەستی خۆیدا نەبێت، بەدڵنیاییەوە دژیش نەبێت، پشتیوان نابێت، لەكاتێكدا بۆ هەمووان ڕوونە، بە پەرەپێدانی گازی كوردستان و هەناردەكردنی، فشارەكانی ڕوسیا لەسەر هەم توركیا و هەم ئەوروپاش، كەمتر دەبنەوە، ئەو فشارانەی دەتوانێت بەهۆی دابین كردنی گازەوە بەسەریاندا بسەپێنێت. جا ئەوە لایەنی پێچەوانەیشی هەیە، توركیا و ئەوروپا لە بەرژەوەندییاندا دەبێ، سەرچاوەیەكی دیكەی دابینكردنی گاز پەیدا ببێت كە قەرەبووی بەشێك لە پێویستییەكانی ئەوان بۆ گازی ڕوسیا بكاتەوە. لەكاتێكدا ڕوسیا دەیەوێ ئەویش بخاتەژێر كۆنتڕۆڵی خۆیەوە.

 

6-
ئاڵوگۆڕی ئابووری-سیاسی بە نەوتی كەركوك، لە بەردەم هەولێر و بەغداش كراوەیە. جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە ساڵی 1992دا، كە لە كۆبوونەوەیەكی تایبەتی پەرلەمانی كوردستاندا ئامادە بوو، باسی لەوەكرد: عێراق لە ڕێگەی باڵیۆزەكەیەوە لە توركیا، دەستپێشخەرییەكی كردووە، ئەگەر توركیا هاوكاری عێراق بكات لە داخستنی سنوورەكان و گەمارۆدانی هەرێم، ئەوە عێراق نەوتی توركیا بە خۆڕایی دابین دەكات. تاڵەبانی هەر لەوێدا باسلە یەكێك لە پارتەكانی توركیا دەكات كە لەڕێگەی فراكسیۆنە پەرلەمانییەكەیەوە، ئەو دەستپێشخەرییەی عێراقی لەناو پەرلەمان تەبەنی كردووەو داوا لە لایەنەكانی تر دەكات، دەستپێشخەرییەكەی عێراق قبوڵ بكەن و توركیا لە (بەڵا)ی كورد لە باشوور و باكوور دەرباز دەكات. بە گوزارشتی مام جەلال، عێراق بەڵێنی بە توركیا داوە: ڕێگە نادەین قووش بەو سنوورەدا تێپەڕببێ!
دواجار بەغدا و هەولێر شەڕ لەسەر ئەوە دەكەن، ئەو سەودا ئابووری-سیاسییە بە ڕێگەی نەوتی كەركوك یان كوردستانەوە بكەن، بەدڵنیاییەوە فاكتەری ناوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتی ڕۆڵ لەوەدا دەبینن كامیان دەتوانن براوە بن.

 

7-
بەهەر شێوەیەك بێت، گرێبەستەكانی نەوت لەگەڵ كۆمپانیاكانی گازپڕۆم و ڕوسنەفت، ئەو دەرفەتەیان بۆ ڕوسیا ڕەخساندووە، بتوانێت لە كێشەی كوردستاندا ئامادەبێت و دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ بكات(بە پاساوی بەرژەوەندییە ڕاستەوخۆكانی ڕوسیا)، بەڵام وەك ئاماژەمان بۆ كرد، ڕوون نییە كە ڕوسیا ئەو دەستێوەردانە بە چ ئاقارێكدا دەبات، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا، ئەوەی لە گرێبەستەكانی نەوتدا كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر كوردستان هەبێ، دوورخستنەوەی مەترسییەكانی شەڕ و پێكدادانی چەكداریی یان هەڕەشەكانی لەشكركێشی توركیا و ئێران و عێراقە. ئەوە مانای ئەوە نییە كە پڕۆژەكانی نەوتی یان بەرژەوەندی وڵاتان و كۆمپانیا زەبەلاحەكان، هیچ كات لەگەڵ شەڕدا یەك ناگرێتەوە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی، ئەگەرێكی دوورترە، شەڕ یەكێك لەو بژاردانەیە كە بە ئاسانی ماوە و تێچووەكانی دەستنیشان ناكرێ، دەستێوەردانی وڵاتانی دیكەش دێنێتە ئاراوە، لەكاتێكدا ئەوانەی شەڕەكە هەڵدەگیرسێنن، لەكۆتاییدا بۆ ئەوانە، بتوانن لە بەرژەوەندی خۆیاندا كۆنتڕۆڵی بكەنەوە، بەڵام بە هاتنە ناوەوەی ئەوانی دیكە، ئەو كۆنتڕۆڵكردنە، ئاسان نابێ، كە لە بەرژەوەندی كام جەمسەردا دەشكێتەوە، ئەوە بەتایبەت بۆ بارودۆخی كورد لە عێراق و كارتێكەرەكانی دەوروبەر، بەتەواوەتی ئاڵۆز و فرەڕەهەندە.

 

8-
پەرەپێدانی ژێرخانی پیشەسازی نەوت و گاز لە كوردستاندا، بەتەواوەتی گرنگ و پڕ بایەخە. بۆرییەكانی نەوت لە توانادا هەیە سەقامگیری لە ناوچەكەدا دروست بكەن، كاتێك بەرژەوەندییەكانی كارەكتەرەكانی ناوچەكە و جیهان، دەخرێتە ناو بۆرییەكانەوە، ئەوان ناچارن پارێزگاری بكەن. لەكاتێكدا ئەوەی پێوەندی بە ناوخۆی كوردستانەوە هەیە، ئێمە بەڕاستی كێشەمان لەگەڵ بەڕێوەبردنی داهاتەكانی نەوتدا هەیە. لە پاش 2003ەوە، حكومەتی هەرێم سەركەوتوو بوو لە ڕاكێشانی كۆمپانیاكانی نەوت و هەتا سەربەخۆ هەناردەكردنی نەوتدا، بەڵام شكسخواردوو بوو لە بەڕێوەبردنی داهاتەكانی نەوتدا. مەلەفی چالاكییەكانی نەوتی(لە ئیمزاكردنی گرێبەستەكانەوە تا دەگات بە بەرهەمهێنان و هەناردە و فرۆشتن)، بەتەواوەتی مەلەفێكی جیایە لە (بەڕێوەبردنی داهات)، ئەو دوو مەلەفە لە كوردستاندا، بەتایبەت لەلایەن ڕەخنەگرانی دۆسیەی نەوتەوە، لە نائاگایی یان بە مەبەست تێكەڵ دەكرێن من ئەوە نازانم، تەنیا دەزانم دوو مەلەفی تەواو جیان و تێكەڵكردنیان وادەكات، نەتوانین خاڵەكانی سەركەوتن و خاڵەكانی شكست دەستنیشان بكەین. بۆنمونە، ئێمە شكستمان هێناوە لە بەڕێوەبردنی داهات، بەڵام هیچ كات شكستمان نەهێناوە لە ڕاكێشانی كۆمپانیاكانی نەوت و پەرەپێدانی كێڵگەكان و هەتا هەناردەكردنی سەربەخۆی نەوتدا، دەشێت لەهەموو ئەو چالاكییانەدا لاوازبین، بەڵام شكستخواردوونین. كێشەی ئەو تێكەڵكردنە، ڕەخساندنی بارودۆخێكە، كە وا دەكات خەڵك و دامەزراوەكان، هاوشێوەی ئێستا، پێیان وابێ، كێشەكانی پەیوەست بە قەیرانی دارایی، بە سەربەخۆ هەناردەكردنی نەوتەوە بەستراون، بەڵام ئەوە هیچ ڕاست نییە، بەڵكو ڕاستەوخۆ بە شكست لە بەڕێوەبردنی داهاتەوە گرێدراون.

 

9-
جێگیركردنی دەسەڵاتەكانی كورد بەسەر نەوتی كوردستاندا، بەتایبەت لە نووسینەوەی دەستووری نوێی عێراقدا، یەكێك لە باشترین دەستكەوتەكانی كورد بووە لەو قۆناغەدا. لەكاتێكدا ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق بەگشتی و بەعس بەتایبەت، لە ڕێگەی نەوتی كوردستانەوە، نەك هەر كۆمەڵكوژی و جینۆسایدی گەلی كوردستانیان كردووە، بگرە بەوهۆیەوە، چاوی دنیایان لەسەر كوردستان داخستووە. لەپاش 2003ەوە ئەو دەرفەتە بۆ كورد ڕەخساوە، كە خاوەندارێتی لە نەوتی كوردستان بكات، هەر خۆیشی بتوانێت لەو سەودا ئابووری-سیاسییەدا بەكاری بێنێتەوە. ئەوە دەستكەوت و دەركەوتەیەكی نەوعیی بوو‌ لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی كورد لە عێراقدا، نەوت ئامرازێكی كاریگەرە كە‌ كورد دەتوانێت لە بەرژەوەندی دۆزەكەی بەكاری بێنێت، دەمێنێتەوە سەر توانای باش بەكارهێنانی ئەو چەكە، ئەگەر تا ئێستا باش بەكارنەهێنراوە، بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بە بەڕێوەبردنی داهاتەكەی بە ئاڕاستەی گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووری كوردستان، بەڵام هەر خودی جێگیركردنی دەسەڵاتەكانی حكومەتی هەرێم لە بەڕێوەبردنی نەوت لە دەستووری عێراقدا، دەستكەوتێكی نایابە.

 

10-
پاش ڕیفراندۆم، بەڕێوەبردنی مەلەفی سەربەخۆیی بیركردنەوە و پڕۆژەی دەوێ. سەربەخۆیی، نەهێندە ئاسانە بە بڕیارێك كۆتایی بێت، نە وا بەزوویی ڕوودەدات، بەو حاڵەیشەوە، پشتیوانی زلهێزەكان دەتوانێت ئەو پڕۆسەیە زۆر خێراتر بكات لەوەی چاوەڕوان دەكرێت، بەڵام هیچ ئەكتەرێكی نێودەوڵەتی (لە پێناو خودا یان لە پێناو ڕەوایەتی دۆزی كورد) پشتیوانی لە ئێمە ناكات، ئەوان بەدوای بەرژەوەندییەكانی خۆیان دەگەڕێن، كورد دەبێت بتوانێت بەرژەوەندییەكانی ئەوان لە كوردستانی سەربەخۆدا گرەنتی بكات، ئەوە بەهێزترین و زۆرجاریش تاكە فاكتەری پاڵپشتی دەرەكییە بۆ سەربەخۆیی. مسۆگەركردنی ئەو فاكتەرە(دابینكردنی بەرژەوەندی)، هەموو پڕۆسەیەك خێرا دەكات.