(ساڵی 1999 دایە(حەمایل) دایكی سەرۆك بارزانی، دوای گەڕانەوەی سەرۆك مەسعود بارزانی و كۆچكردوو سەرۆك تاڵەبانی لە واشنتۆن، هەردوو سەرۆكی بۆ ماڵی خۆی بانگ كردوون، سوێندی داون كە چیتر ناكۆكی لەنێوانیان نەبێت) تاڵەبانی، خۆی لەكۆچی دوای دایە (حەمایل) ئەو بەسەرهاتەی گێڕایەوە، دوای ئەو ڕێكەوتە، تا (سەرۆك تاڵەبانی) لەكایەی سیاسی بوو، هیچ ناكۆكییەك لەنێوان هەردوو حزب نەبوو، تائێرە ئەم ئاشتییە بەزەقی باس نەكراوە، تا ئەوكاتەی لە مەراسیمی بەخاك سپاردنی تاڵەبانی، (سەرۆك بارزانی) بەئاشكرا وتی"هیچ كەس وەك من هەست بەبۆشایی نەمانی مام جەلال ناكات، زۆرجاری واهەبوو گرفتی زۆر گەورە دەهاتەپێش بەتەلەفۆنێك یان ئەو بۆ منی دەكرد یان من بۆ ئەوم دەكردو چارەسەردەبوو."
قسەكانی بارزانی، بە جۆرێك بوو دەرخەری ئەو ڕاستیەبوو كە تاڵەبانی، توانای جڵەوگرتنی سیاسی هەبوو، توانای بڕیاری هەبوو، بارزانی ڕەنگە دیوی دووەمی قسەكانی لەسەرئەوەبێت كە تاڵەبانی، بۆ قۆناغی ئێستا زۆر گرنگ بوو، چونكە لەماوەی ڕابردوو لە بۆشایی تاڵەبانی، ئاستەنگێكی زۆر هاتنەبەردەم بارزانی، ڕەنگە هەندێك بڕیاری كاتی خۆی بە تەلەفۆنێك چارەسەر كرابێت، ئێستا دەیان كۆبوونەوەی دەوێت تا یەكلا دەبێتەوە.
بوونی قسەیەكی وا بۆ سەرۆكی هەرێم كەم نییە، ڕەنگە ئەزموونی هاوبەشی هەردوولا لەو تێگەیشتنەوە بووە، بۆ واقعی كوردستان، چونكە بەشێكی زۆری سەركردەكانی دوای تاڵەبانی، پرسی واقعییان باش درك نەكردووە، بارزانی لە كۆتا ڕۆژەكانی بانگەشەی ڕیفراندۆم لە سلێمانی دووپاتی ئەوەی كردەوە كە ئەگەر تاڵەبانی لەمەیدانی سیاسی بوایە ئێستا زۆرێك لەكارەكان بەسانایی دەڕۆیشتن بەڕێرەوی خۆیدا، بۆ ئەوەی یەكێتییەكان دڵی مام جەلال ئاسودە بكەن، زۆر گرنگە یەكڕزی ناوماڵی خۆیان بپارێزن، هەركەسێكیش شوێنی تاڵەبانی بگرێتەوە لە چوارچێوەی بیركردنەوەی ئەو لابدات ڕەنگە دواجار یەكێتی توشی گرفتی زۆر گەورەببێت، كە بینیمان چۆن تووش بوو.
لێدوانی دووەم لەكاتی كۆچی دوای سەرۆك تاڵەبانی درا لەلایەن (قوباد تاڵەبانی)یەوە بوو، ئەو لەسەر گڵكۆی باوكی وتی"وەك وەفایەك بۆ تاڵەبانی دەبێت یەكڕیزی ناو یەكێتی بپارێزرێت" هەڵبەتە پەیامی بنەماڵەی تاڵەبانی، دواجار بۆ خودی یەكێتییەكان بوو كە دەبێت لەدوای كۆچی دوایی تاڵەبانی یەكێتییەكان هەست و درك بە هەستیاری قۆناغەكە بكەن، چونكە بوونی یەكێتی گرنگە بۆ ئارامی و پاراستنی خاكی كوردستان، تەنیا هەردوو بنەماڵە لە گرنگی هاوبەشی ڕاستەقینەی پارتی و یەكێتی تێدەگەن، زۆر گرنگە كەسی دوای تاڵەبانی دووشت لەبەرچاو بگرێت، یەكەم: یەكێتی بەرپرسیارە لە داهاتوی كوردستان، دووەم: قۆناغی دوای سەرۆك مام جەلال قۆناغی نوێ دەبێت، یەكێتی لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی قورسدایە.
ڕەنگە هەڵكشانو داكشانی سیاسی وایكردبێت ئاڕاستەی قسەی بارزانی و بنەماڵەی تاڵەبانی یەك بگرنەوە لەخاڵێكدا ئەویش پاراستنی یەكڕیزی كوردستانە، بەپێچەوانەوە ڕەنگە ئەگەرێك خۆی بەهێز بكات بەسەر كوردستاندا كە دواجار هەمویان تێیدا زەرمەند دەبن وەك ئەوەی لەماوەی رابردوو بینرا بۆ تەفرەدانی هێزە كوردییەكان لەناو خۆیانداو لەناوبردنی تەوافوقی نیشتیمانی وەك ئەوەی لەبەغدا و لە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بینرا، پرسیاری جددی ئەوەیە، دوای كۆچی سەرۆك تاڵەبانی، یەكێتی دەست دەگرێت بەو پەیامەی تاڵەبانییەوە؟.