پەرلەمان‌و دیموكراسیەت لە 12ی ئۆكتۆبەردا

11-10-2017 09:53

 

كاتێك نەوشیروان مستەفا لە 16ی نیسانی 2009 بۆ ڕۆژنامەی(شرقلئەوسەت)ی لەندەنی(ژمارە 11092) لێدوانیدا سەبارەت بەشداریكردنیان بە لیستێكی تازەو جیاواز لە تەواوی پارتە سیاسیەكانی تر بۆ نێو پڕۆسەی هەڵبژاردن لە 15-9-2017، بۆ یەكەمجاربوو پڕۆسەی سیاسی لە هەرێم پێبنێتە نێو قۆناغێكی جیاوازەوە، ئەویش دروستبوونی ئۆپۆزسیۆن‌و یاخیبوونێكی مەدەنییانە بوو، ئامانجیش لێی گۆڕینی سیستم و چاكسازی بوو لە تەواوی سێكتەرەكانی حوكمڕانی لە وڵات.

 

دوای قۆناغی دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنێكی كاراو چاودێربەسەر حكومەتەوە بزوتنەوەی گۆڕان لە یەكەمین كۆنگرەدا كە لە 26-12-2013، بڕیاریدا بۆ خولی داهاتوو بە پڕۆژەی "بەرەو دەسەڵات" بچێتە نێو پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە، بۆئەوەی لەڕێی حكومەتەوە بۆ قۆناغی دووەم كە گرتنە دەستی دەسەڵات بوو لەچەند وەزارەتێكەوە، بتوانن دەستبكەن بە ڕێكخستنەوەی دامەزراوە حكومییەكان لەڕێی كار و پڕۆژەكانیانەوە.

 

هەروەها لەڕێی پەرلەمانیشەوە چاودێربن بەسەر ئەدای حكومەت و گومرگ و خاڵە سنورییەكان و نەوت و سامانی سروشتی و گرێبەستەكانی تایبەت بە قوت و داهات و بژێوی خەڵك و مووچە و بودجە.

 

ئیدی دەسەڵات بە كەمتر لە ساڵێك تێگەیشت كە فیعلەن هێزێكی تازە هاتووەو دەیەوێت هەرێم بە دامەزراوەیی بكات، دەیەوێت دەسەڵاتی حزب لە حكومەت جیا بكاتەوە، هێزێكە هاتووە دەیەوێت حزب دەربكات لەناو حكومەت‌و هێزی پێشمەرگە بەچەند قۆناغێك ڕێكبخاتەوە‌و چیتر لە ژێر فەرمانی حزبدا نەمێننەوە، هێز و دەسەڵاتەكانی حوكمڕانی هەمووی بێتەوە پێگە ئەسڵییەكە، لە بری ئەوەی حزب وەسیلەیەك بێت بۆ بە تاڵان بردنی داهاتی وڵات، لە بری ئەوەی لە ڕێی چەند كۆمپانیایەكی حزبی بە برا بەشی وڵات بۆ خۆیان مۆنۆپۆڵ بكەن، دەبێت حكومڕانی ڕاستەقینە، دەسەڵاتداری ڕاستەقینەو كارا بێت.

 

گۆڕان دەیەوێت بە پشت بەستن‌و سود وەرگرتن لە حكومڕانی وڵاتە تەواو دیموكراسییەكان سیستمێكی تازە پیادە بكرێت لە وڵات كە خۆی لە سیستمی پەرلەمانی دەبینێتەوە، دەیەوێت شكۆ بۆ تەواوی دامەزراوە شەرعیەكان بگێڕێتەوەو لە ژێر هەیمەنەی حزب بێنە دەرەوە، دەستورێكی دیموكراسی باڵادەستبێت بۆ هەریەك لە دەسەڵاتەكانی (یاسادانان، جێبەجێكردن و دادوەری) نەوەك شەخسی قائد دروستبكات‌و دەستاو دەستی سیستمی پاشایەتی بكات بە میرات بۆ نەوەكانی داهاتوو.

 

ئەمانە نەهج و بەرنامە و پڕۆژەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بوون، ئیدی بە كەمتر لە ساڵێك ئەو هێزە سیاسییە لە ڕۆژێكی ڕەش‌و خیانەت‌و كودەتا بەسەر دیموكراسیەتدا لە 12ی ئۆكتۆبەری 2015 لە پەرلەمان و حكومەت بە بڕیارێكی حزبیی گۆڕان نێردرایەوە بۆ ماڵەوە، ئێستا دوو ساڵ تێپەڕدەكات بەسەر كودەتاكە، لەو ڕۆژەوە (دیموكراسییەت) لە هەرێم نەك هەر كەوتبێتە ژێر پرسیارەوە، بەڵكو ئەویش دەمامكی خۆی فڕێدا و پەردەی لەسەر ڕووی ڕاستەقینەی دەسەڵاتی خۆماڵی هەڵماڵی.