لە دوای هەڵهاتنەكەی كەركوك، چی لە دۆخی ئێستادا باشە و چی خراپە؟

16-10-2017 07:47

 

یەكەم: هەڵهاتن خراپە و ترس و دڵەڕاوكێیان نایەوە، ئەوە پاشەكشە نەبوو. بەڵام ئەوە زۆر باشە كەركوكییەكان كەمێ لە هەقیقەتی دەسەڵاتی كوردیی تێدەگەن.

 

دووەم: ترس و دڵەڕاوكێی كەركوكییەكان خراپە و خودا دەزانێت ئەو بێئومێدییە چی لێ سەوز دەبێت. هیوادارم لەوە تێبگەن ئەبێت لە پشتی یەكتر بن و قسەی جدی خۆیان هەبێت لە دژی ئەو هەموو هێزانەی شەڕەكە ئەبەنە كەركوكەوە، بە كوردستان و عێراقەوە.

 

سێیەم: ئەوە زۆر خراپ بوو پێشمەرگە بەبەلاش بەكوشتدراوە، بەڵام ئەوە زۆر باشە كە شەڕ گەورەتر نەبوو. شەڕ لە كەركوكدا ڕوبدات بە ئاسانیی ئارام نابێتەوە، ڕەنگە ئێران بەڕاستەوخۆ بێنێتە ناو كوردستان و سلێمانیش لە دەستبدەین. پێویستە كەركوكییەكان ئەو خاڵە پۆزەتیڤە ببینن.

 

چوارەم: ئەوە زۆر باشە كە مۆدێلی یەكێتیی-پارتیی بۆ سیاسەتكردن كە مۆدێلی دی فاكتۆیە، مۆدێلی خۆسەپاندنە، (خۆسەپاندنی گروپ و بنەماڵە بەسەر حزبدا، حزب بەسەر حكومەتدا، حزب و حكومەت بەسەر خەڵكدا، سەپاندنی ڕیفراندۆم بەسەر خەڵكدا، پاشان دەوڵەتی دی فاكتۆ، هەموی لە ڕێی شەڕ و قۆرخكردنی سیاسەت و سەرچاوەی ئابورییەوە)، گورزێكی تری بەركەوت. ئەگەر دەستبەرداری ئەو مۆدێلە ببن، ئەوا شتێك دۆخی كوردستان دەگۆڕێت. ئەگەر نا، دیسان ژیانمان دەكەوێتەوە ناو تاركیی.

 

پێنجەم: ئەوە زۆرباشە خەڵك ڕەنگە پێیەكی تر لە مۆدێلی سیاسیی یەكێتیی-پارتیی بۆ سیاسەتكردن و بەڕێوەبردن دوربكەوێتەوە. بەبێ ئەوە، یەك هەنگاو ناچینە پێشەوە نەك دەوڵەت ببین بە ئیمپراتۆریش.

 

شەشەم: لە دوای تەمێكردنی هەرێمی كوردستان، ئیدی سەرەی هەرێمە داواكاریی هەبێت. عێراقی ئەمڕۆ تایفییە، خاڵی لاوازی زۆرە، پڕیشە لە غەدر بەرامبەر بە كورد. لە دوای ئەم قۆناغە، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دروستدەبێتەوە. ئەگەر لەناوخۆدا كێبڕكێ بهێڵێت، سەلاحیاتی زیاتر و داهات بۆ هەرێم دەكرێت بەدەستبهێنرێت.

 

حەوتەم: ئەگەر حەشدی شەعبیی(شیعیی) و سوپای عێراق سوكایەتی بە خەڵكی كەركوك بكەن و ئازاریان بدەن، ئەوا ڕای گشتیی نێونەتەوەیی زیاتر لە هەرێم نزیكدەبێتەوە، ڕۆحی بەرگریی و بەرخودان بەهێزدەبێتەوە. لەسەر شتی لەو چەشنە هەڵوێستی توند گرنگە و قابیلی قبوڵ نییە، بەڵام شەڕ هەمیشە ئەبێت بژاردەی ناچاریی و كۆتایی بێت. كە بە ناچاریی توش بوین، ئیدی ئەوە ڕیشەو ئەبێت ئازایانە شانەی بۆ هەڵگرین. ئەوەی ئامادە نەبین شەڕ بكەین هەنگاوێكی گەورەیە، ئەگەر سەروەتیشی لەپێناودا دابنێین هیچ كێشەیەك نییە. ژیانی یەك پێشمەرگە هەموو سەروەتی دونیا ئەهێنێت. پێویستە خۆمان لە سۆز و حەماسەت بپارێزین.