لە چ دۆخێكدا دەژین؟ سێ هەفتە دوای ڕیفراندۆم و هەرەسەكانی ئەم دوو ڕۆژە

19-10-2017 08:00

 

بەبۆچونی من ئەمە وێنە گشتییەكەی هەرێمە لەمڕۆدا:

 

یەكەم: تەرازوی هێز لەنێوان هەرێم و حكومەتی عێراقیدا بەتەواوی گۆڕاوە و هەرێم دۆڕاو و بەغدا براوەی جەنگە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ئەوەی لە ئایندەدا مەرجەكانی گفتوگۆكردن و ڕێكەوتن و دروستكردنەوەی پەیوەندییەكان دەستنیشاندەكات بەغدایە نەك هەرێم.

 

دووهەم: شكانی شەرمی سیاسیی هێزە شیعەكانی عێراق لەوەدا كە پەلاماری كوردستان بدەن و بە لۆژیكی هێز مامەڵەی هەرێم بكەن. ئەمەش مانای ئەوەی كە پەیوەندیی لەگەڵ بەغدادا گۆڕاوە بۆ پەیوەندیی هێز، هێزی ڕووت و دابڕاو لەهەر ڕێگرێكی سایكۆلۆژیی و ئەخلاقیی. لەمەشدا هەرێم وەك دۆڕاوێك دەچێتە هەر دیالۆگێكەوە كە لە ئایندەدا دروستببێت. لۆژیكی جەنگ وایە: لایەنی دۆراو نە مەرجی هەیە، نە داخوازیی. لایەنی دۆراو تەنها ئەمری بەسەردا دەكرێت.

 

سێهەم: وەكچۆن بڕیاری ڕیفراندۆم هەڵەیەكی ستراتیژیی گەورە و گەمژەیەكی سیاسیی كەم وێنە بوو كە سایكۆلۆژیای بارزانی ئاراستەی دەكرد، هەرێمی لە ناوچەكە و لە دونیادا تاك و تەنیا و بێدۆست و هاوڕێ كرد، ئاواش بڕیاری بەرگریكردن و شەڕكردن لەگەڵ سوپای عێراق و حەشدی شەعبیدا هەڵەیەكی ستراتیژیی تر بوو. ئەوانەی بڕیاری شەڕكردنیان دا هەمان ئەو عەقڵە سیاسییە گەمژەیەیە كە لەپشتی بڕیاری ڕیفراندۆمەوەبوو.

 

چوارەم: ئەو هەڵوەرین و شكانە خێرا و سەرسوڕهێنەری هێزەكانی پێشمەرگە لە شەنگالەوە بۆ خانەقین، بە تێپەڕین بە مەخمور و كەركوك و دوزدا، نیشانیداین چ لاوازییەكی بونیادیی لە هەناوی هێزی پێشمەرگەدایە. ئەم شكانە بەوە تەفسیر ناكرێت كە ئەم یان ئەو یەكەی سەربازی شەڕی نەكردوە و خیانەتی لە هاوسەنگەرەكانی كردوە. شكانەكە لەوە قووڵتر و فراوانترە.

 

پێنجەم: وەك دەرنجامی ئەم دۆخە هەرێم ناوچە جێناكۆكەكان بۆ ماوەیەكی درێژ و نەزانراو لەدەستداوە و ئەگەری گەڕانەوەی ئەو ناوچانە بۆ سەر هەرێم ئەگەرێكی هێجگار لاوازە، لەم ڕووەوە ڕووداوەكانی ئەم دوو ڕۆژە هەرێمی لەڕووی ڕووبەری جوگرافییەوە گەڕانەوە بۆ سەردەمی "حوكمی زاتی"یەكەی سەدام حوسەین.

 

شەشەم: كۆتاییهاتنی ئەو حەماسەتە ناسیۆنالیستییە فوتێكراو و بۆش و فشەڵەی لە رۆژانی بەر لە ڕیفراندیۆمدا لەئارادا بوو، شوێنگرتنەوەی ئەمەش بە هەستێكی گەورە بە سوكایەتییپێكردن و نائومێدیی و توڕەیی. حەماسەتێك نەك تەنها بە زمانی تەخوینكردنێكی دوور لە رەوشت ئەدوا، بەڵكو ڕێگەشی لە سادەترین بەرخوردی عەقڵانیی گرتبوو.

 

حەوتەم: سەدبارەكردنەوەی نابەپرسیارێتیی ئەخلاقیی و سیاسیی لەلایەن ئەو سیاسییە گەمژە و بێتوانایانەوە كە بۆ جاری سەدەم هەڵەی سترتیژیی گەورە دەكەن و ئامادەنین لانی هەرە كەمی بەرپرسیارییەكەی هەڵگرن. ئەوەی لەم نوخبە فاشیلە دەیبینین تۆمەتباركردنێكی بێمانا و نائەخلاقییانەی یەكترییە، بەكارهێنانی ئەم تۆمەتكارییەش بۆ خۆدزینەوە لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی. هاوكات دروستبوونی دابەشبوونی قووڵ لەناو پارتە سیاسییەكاندا كە رەنگە دابەشبوونی تازەی لێبكەێتەوە.

 

هەشتەم: ئەوەی تا ئێستا دەیبینین غیابی هەر دەستپێشخەرییەكی سیاسیی مانادارە لە دەرەوەی ئەو نوخبە سیاسییە بێمێشكەدا كە هەرێمی بەم دۆخەی ئەمڕۆكە گەیاند. دەستپێشخەرییەك توانای ئاراستەكردنی ئەو نائومێدیی و توڕەیی و هەستكردن بە سوكایەتیكردنە بكات كە هەیە و بیگۆڕێت بۆ وزەیەكی سیاسیی نوێ، بە ئاراستەی دروستكردنی بەرەیەكی سیاسیی نوێ بتوانێت لانیكەم وەك ڕێگرێك لەبەردەم نوخبە سیاسییە دەسەڵاتدارە گەندەڵ و ترسناكەكەی هەرێمدا بوەستێت.