نەزانیی سەركردایەتی كوردو سیاسەتی ئەمەریكا كۆتایی بە خەونی سەربەخۆیی هێنا

23-10-2017 07:13

 

لەگەڵ گیرانی كەركوكدا كۆمەڵێك پرسیاری زۆر گەورە لەسەر ئەمەریكا، ئێران، كوردستان‌و وڵاتانی ناوچە دروستبوو. زۆرێك لە ئیسرائیلییەكان متمانەیان بە دەسەڵات‌و هەژمونی ئەمەریكا نەماوە، ناتانیاهۆ بۆ پاراستنی سنورەكانی ڕویكردە ڕوسیا.

 

ئێران وەك بەهێزترین هێز دەردەكەوێت لە ئێستادا، خەونی لە مێژینەی كورد بە تەواوەتی لەناوچوو، ئەمڕوداوانەی كە ڕویدا ناكارامەیی‌و ناشارەزایی سەركردایەتی كوردی دەرخست.

 

ماكماستەر ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی دۆناڵد ترەمپ، وەك وتی 'ئەمریكا بەرژەوەندیەكی بەهێزی هەیە لە عێراقێكی بەهێزدا' ماكماستەرهەمان سیاسەتەكانی كیسینجەر بەكاردەهێنێت كە لە ڕێكەوتننامەی جەزائیر كیسینجەر(وەزیری دەرەوەی ئەوكاتی ئەمەریكا) پەیڕەویكرد كە خەونی سەربەخۆیی كوردی تێكشكاندو ئێران و عێراقی لە كەوتنە دەستی سۆڤیەت پاراست، لەئێستادا ئێران دەیەوێت وڵاتانی چواردەوری زۆر لاوازبن بۆئەوەی بە ئاسانی دەستێوەردانیان تێدا بكات، بەڵام ئەمەریكا هەر لەگەڵ كشانەوەی هێزەكانی هەوڵی دروستكردنی عێراقێكی بەهێزیدا بەڵام بەهۆی نزیكی مالیكی لە ئێرانەوە سوپای عێراق تەفروتونا كراو كەوتنی موسڵ‌و گیرانی هەزارەها چەك ئەگەری زۆرە پلانی مالیكی‌و ئێران بووبێت بۆیە ئێران دیەوێت مۆدێلی حیزبوڵا بەكاربهێنێت لە عێراق كە بریتیە لە لاوازكردنی وڵاتەكەو دروستكردنی گروپانێك كە سەر بە ئێران بن، حەیدەر عەبای كەسێكە كە ڕۆژئاوا و ئەمەریكاوە نزیكەو تاڕادەیەك نەتەوەپەرستە هەربۆیە پشتیوانییەكی زۆری دەكرێت لە ئەوروپاو ئەمەریكا.

 

هەر لەگەڵ هاتنە سەرحوكم، عەبادی چەندین چاكسازی كرد دەستیكرد بە نەهێشتنی گەندەڵی ژمارەی وەزارەتەكانی كەمكردەوە. لە ئێستادا باڵانسی هێز لای ئێرانەو ئەم باڵانسە بە یەكگرتنی سعودیەو عێراق هاوسەنگ دەبێتەوە هەربۆیە ئەمەریكا دەیەوێت باڵانسەكە هاوسەنگ بكاتەوە.

 

هەرلەبەر ئەم هۆكارە ئەمەریكا دژایەتی ڕیفراندۆمی كرد بۆئەوەی عەبادی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو دەربچێتەوە، لەئێستادا تەنانەت بەرەی سەدر كە پەیوەندی سعودیە و عێراقیان دروستكرد دەیانەوێت عێراق لە ئێران پاك بكەنەوەو تەنها بەرەی مالیكی ئێرانییە.

 

بە پاككردنەوەی عێراق لە داعش عەبادی ناوبانگی دەركرد و ئەگەری سەركەوتنی لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو زیاتر بوو، بەڵام بە جیابوونەوەی كوردستان عەبادی شكستی دەهێناو مالیكی سەردەكەوت. كوردستان لە ناوخۆیدا یەك نییە تا ئەمەریكا پشتی پێببەستێت بۆ بەرەنگاری ئێران، ڕازی بوونی ئەمەریكا بۆ گرتنی كەركوك‌و بەشداریی ئێران تێیدا بووە جیی پرسیار لەلای هەمووان، بەڵام ئەم سیاسەتەی ئەمەریكا وایكرد عەبادی زۆر بەناوبانگتربوو لەلای خەڵكی عێراق‌و سەركەوتنی مسۆگەر بوو لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا.

 

سیاسەتمەدارنی كورد ڕیفراندۆمیان كرد، هەرچەندە جوڵەیەكی باشبوو چونكە ئەمەریكا لەمكاتەی ئێستادا پشتگیری دەوڵەتی كوردی ناكات، بەهەرحاڵ سەركردایەتی كورد ئامادەباشییان نەكرد‌و هیچ گوێیان بە هەڕەشەكانی عێراق نەدا هەربۆیە زۆرینەی دەسكەوتەكانی كورد لە دەستچوون.
پێدەچیت ئەوەی ئەمەریكا نەتوانێت بە جەنگ بەدەستی بهێنێت بە دیپلۆماسی بەدەستی بهێنێت. لە ئێستادا پەیوەندییەكانی سعودیەو عێراق بە نێوەندگیری ڕیكس تیلەرسن زۆر بەرەو باشی دەچێت‌و یەكەم فڕۆكەی سعودی دوای 27 ساڵ لە بەغداد نیشتەوە، بەم جوڵەیەی ئەمەریكا پێدەچێت كە ڕێگە لە هەژموونی ئێران بگرێت لە عێراق.

 

حەشدی شەعبی كە دابەشبووە بەسەر سێ بەرەدا تەنها یەك بەرەیان لە ئێرانەوە نزیكن، هەروەها گومانی ئیسرائیل لە ئەمەریكاو لۆبیكردنی بۆ دەوڵەتی كوردی گومان لەسەر ئەم سیاسەتەی ئەمەریكا دادەنێت‌و ئەم سیاسەتە دەكەوێتەوە سەر لێهاتوویی عەبادی.

 

لە گرتنی كەركوك بەرژەوەندییەكانی توركیا و ڕوسیاش پارێزرا، بەڵام تەنها كورد زەرەرمەندی گەورەبوو، چونكە كورد بێئاگایانەو كەمتەرخەمانە سیاسەتی وڵاتانی تریان پشتگوێخست‌و خەونی هەزاران ساڵەی كوردستان لەناوچوو، هەرچەندە سەركردایەتی كورد ڕیفراندۆمی كرد، بەڵام هیچ خۆیان بۆ ئامادەنەكرد، بە واتایەكیتر دەستنوێژیان گرت، بەڵام بۆ نوێژكردن نەبوو، لە ئێستادا دەوڵەتانی چواردەوری كوردستان ڕۆژ بەڕۆژ بەهێزتر دەبن‌و كوردیش لاواز و لاوازتر دەبێت، لە ئێستادا دابەشبونی كوردستان زۆر قوڵتربووەتەوەو حكومەت تەنها كارە ئیدارییەكان دەكات.