مانگێك دوای ڕیفراندۆم: نەمانی یەكجارەكیی شەرمی سیاسیی‌و ڕۆشنبیریی

24-10-2017 01:05

 

پێنج خاڵی سەرەكیی كە شایانی لەسەروەستانن.

 

یەكەم: هێشتا لای هێزە حوكمڕانەكانی هەرێم ئەو هەستە دروستنەبووە چ شكستێكی سیاسیی و سەربازیی و ئەخلاقیی گەورەیان دروستكردوە و چ دۆخێكی كارەسات ئامێزیان لە هەرێمدا بەرهەمهێناوە. ڕەنگە لە قووڵایی خۆیاندا هەست بەو هەڵە ستراتیژییە یەك لەدوای یەكانە بكەن كە كردویانە، بەڵام ئەوەی گومانی تێدانییە ئەوەیە كە ئامادەنین بەرپرسیارێتیی ئەو هەڵەو شكساتە هەڵبگرن. تائێستاش ئەم هێزانە ڕوویان دێت كۆبوونەوەی "مەكتەب سیاسیی"ەكانیان و "سەركردایەتییە پێكەوەیی"ەكانیان بەهەمان ڕیتم‌و ڕۆتینی جاران ئەنجامبدەن‌و واش هەڵسوكەوت بكەن وەك ئەوەی هیچ لە وڵاتەكەدا ڕووی نەدابێت. بەهێمنیش كار بۆ دروستكردنەوەی هەمان تاس‌و هەمان حەمامی سیاسیی و ئابوریی و سەربازیی، جاران بكەنەوە.

 

دووهەم: حوكمڕانانی هەرێم لەمێژە نابینان و توانای تێبینیكردنی سادەترین ڕووداوەكانی دونیای ئێمەیان نەماوە، بەڵام نەبینینی ئەمجارەیان تەنها پەیوەندی بە توانای چاوەكانی ئەوانەوە بۆ بینین نییە، بەڵكو پەیوەندیی بە نەمانی تەواوەتیی لانی هەرە هەرە كەمی شەرمی سیاسیی و ئەخلاقییەوە هەیە. نەمانێك وادەكات ئەمانە دوای كارەسات و شكستە گەورەكانیش باوێشكی سیاسیی نوێ بدەن و یەكتری بۆ كۆبوونەوە بێماناكانیان بانگبكەن، تەمەنی پەرلەمانە ناشەرعییەكەیان درێژبكەنەوە و وەك ماشێنێكی قورمیشكراویش هەندێك لە دەزگاكانیان بخەنەوەگەڕ. هەمووان دەزانین دیاردەی نەمانی شەرمی سیاسیی و ئەخلاقیی لە مێژە یەكێكە لە ئاكارە سەرەكییەكانی سیاسەتكردن لە هەرێمدا، بەڵام مانگێك دوای ڕیفراندۆم و دەرنجامە وێرانكەرەكانی، ئەم شەرمكردنە بە ئاستێكی خورافیی گەیشتوە و لە هەموو كاتێك بەهێزتر و بەرچاوترە.

 

سێهەم: لەمڕۆدا هەندێك جوڵەی سیاسیی سەرەتایی لە ئارادایە كە خوازیاری دروستكردنی نەخشەڕێگایەكی سیاسەتێكی نوێن لە هەرێمدا، بەڵام تا ئەم ساتە ئەم جوڵەیە هەم لاوازە، هەم زۆر سستەو هەم پێدەچێت لە گرنگیی ساتەوەختە مێژوویەكە تێنەگەن. پێشدەچێت زۆرینەشیان نووقمی ناو نارسیزمی سیاسیی تاكەكەسیی و حیساباتی بچووكیی گروپگەرایی خۆیانبن. ڕاستە هێزەكانی ناو ئەم جوڵە تازەیە لە ڕووی ئایدیۆلۆژیی و فیكرییەوە لەیەكتری جیاوازن، بەڵام بەشی ئەوەندە ناشیرینیی و كارەساتی سیاسیی و كۆمەڵایەتیی و ئابوریی لە ئەزموونی ئەمڕۆكەی هەرێمدا هەن، كە وابكات لەسەر بنەمای تێپەڕاندنی ئەو دۆخە، بەرە یان "بلۆكێكی مێژوویی" دروستبكەن. بە دیوێكی دیكەدا دەڵێت كایەی سیاسیی لە هەرێمدا بەرەو دابەشبوونی نوێ و هەڵوەشاندنەوەی گەورە بچێت، كە ئەمەش ڕەنگە بتوانێت ئەگەری دروستكردنی ئەم "بلۆكە مێژووییە" گەورەتربكات.

 

چوارهەم: دوای مانگێك لە ڕیفراندۆم بۆ هەمووان زەلیلیی و خورافەتی سەرجەمی ئەو لێكدانەوانە ئاشكرایە كە باسیان لە "گۆڕانی جیۆپۆلیتیكیی ناوچەكە" و "كۆتایی سایكس پیكۆ" و "حەتمیەتی دروستبوونی دەوڵەتی كوردی" دەكرد، ئەو خورافەتەش ئاشكرابوو كە باسی لە "هاوسێیەتی باش"ی لەگەڵ حكومەتی عێراقدا دەكرد و وایدەزانی بە وتنی "بەڵێ"یەك لەسەر كاغەز، نەخشەی سیاسیی ناوچەكە دەگۆڕێت و عێراق و ئێران و توركیاش، لە دوا دەرەنجامدا، دەبنە كۆمەڵە "هاوسێ"یەكی هێمن و هاریكاری هەرێم. پەلاماری سوپای عێراق و حەشدی شەعبی نیشانیداین سەرجەمی ئەو لەشكرە لە "شیكەرەوەی غەیبانیی" لە چ هەژارییەكی سیاسیی و لە چ قوڕولیتاوێكی فیكریی قووڵدا دەژیان، ئێستا دەبینین ئەمانە چ خورافەتێكی گەورەیان خستبووە شوێنی سادەترین لێكدانەوەی عەقڵانیی و سارد و سڕی پەیوەندییەكان و هاوكێشەكان.

 

پێنجەم: وەكچۆن "شەرمی سیاسیی" لای نوخبە حوكمڕانەكەی هەرێم نەماوە، بەهەمانشێوە "شەرمی ڕۆشنبیریی"ش لای بەشێكی زۆری ئەو ڕۆشنبیرانە نەماوە كە من چەند ساڵێك لەمەوبەر لە نووسینێكدا بە "ڕۆشنبیرانی بەیعە" ناونوسم كردن. ئەم گروپە بەیعەچییە، تێكەڵێكی سەیرن لە "چەپگەری منداڵبازاڕ"، بە گوتە بەناوبانگەكەی لێنین، لە "كۆمۆنیستی بێفیكر" و لە "ڕۆشنبیریی ناسیۆنالیستیی خورافیی" كە لوتكەی لێكدانەوەكەیان ئەوەبوو بە ماكگۆرك بڵێن با "گوو بخوات". دەڵێم ئەم گوردانە گەورەیە لەباتی ئەوەی بێدەنگبن و بە دید و ڕوانینە خورافییەكانی خۆیاندا بچنەوە، لەباتی ئەوەی پرسیاری ئەخلاقیی بەڕووی عەقڵیەت و ئەخلاقیاتی بەیعەبەخشینی خۆیان و هاوشێوەكانیاندا بەرزبكەنەوە، بەكورتیی، لەباتی ئەوەی بەرپرسیارێتی ئەخلاقیی و فیكریی هەرەسی سەرتاسەریی شیكردنەوەكانیان هەڵبگرن، كەچی بێ هیچ شەرمكردنێك و وەك جاران دەدوێن و درێژە بە خورافەتە زۆرەكانی ناو عەقڵیەتی غەیبانیی خۆیان ئەدەن. لە وڵاتی ئێمەدا شكانی شەرمی سیاسیی و شەرمی ڕۆشنبیریی دوانەیەكی لەیەكدی دانەبڕاون. ئەوەشی لە ئاستە ڕۆشنبیرییەكەیدا لەم شكانە بەرپرسیارە گروپە جیاوازەكانی "ڕۆشنبیری بەیعە"ن، كە لەپشتی زەخرەفەكانی زمان و ناعەقڵانیەتی گوتارە حەماسیی ناسیۆنالیستیی و گەردونگەرایی بێناوەڕۆكەكانیانەوە، هەم خۆیان شاردۆتەوە، هەم ڕێیان لە شیكردنەوەیەكی ورد و هێمنی دونیای ئێمە گرتوە.