پەیوەندی تەلەفۆنیی ڕیكس تیلەرسن و بارزانی

27-10-2017 03:17

 

حەشدی عێراق هێشتا لە هێرشدابوون، دەنگۆی بەهێز هەبوو، لەسەر یەكلاكرنەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، فشارەكانی عێراق لە ڕێگای توركیا و ئێرانەوە زیاتر بوو، دواجار بەتەلەفۆنێك هاوكێشەكان هەمووی گۆڕدرا، دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ عەبادی(24-10) ڕیكس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، پەیوەندی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرۆك بارزانی ئەنجامداوە نازانرێت ناوەڕۆكی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكە چی بووە، بەڵام هەرچۆنێك بێت، كۆمەڵێك هاوكێشە گۆڕاون.

 

لەوانە؛ ئەمەریكا بەجددی داوا لە حەیدەر عەبادی دەكات كە ڕازی ببێت بە پێشنیاری دەستپێشخەری حكومەتی هەرێمی كوردستان، دواتر داوای ڕاوەستانی شەڕ لەنێوان هەردوولا دەكات، ڕەنگە بارزانیش، كۆمەڵێك كارتی لەبەردەم ئەمەریكا دانابێت، لەوانە مەترسی كەوتنی ناوچەكەو دروستبوونی توندوتیژی، یان دەست بەرداربوونی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كە دواجار ڕەنگە بۆشاییەكی سیاسی‌و ئەمنیی گەورە دروست بكات، ئەمانە هەموو ئەمەریكا دەخاتەبەردەم دوو ڕێگاوە، یان ئەوەتا قبوڵی نفوزی ئێران دەكات، یان ڕەوشی ناوچەكە بە ئاڵۆزیی دەمێنێتەوە، لەهەردوو ئەگەردا بۆ ئەمەریكا باش نابێت.

 

وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، دەڵێت، پەیوەندی دوورو درێژم لەگەڵ بارزانی ئەنجامدا، ڕەنگە ئاستی پەیوەندی تەلەفۆنیی بارزانی و وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لەو ڕوانگەوەبێت كە ئەمەریكاش لە گۆڕانكاری هاوكێشەكە نیگەرانە، چونكە لە فەرزكردنی دەستووری عێراق، بەسەر كوردستاندا وەك عەبادی باسیدەكات، ڕەنگە ئەجێندای حەشد و گروپە شیعەكان بەسەر كوردستان و سوننەكا بسەپێنرێت، ئەوەش پێش هەمووشتێك دەستوور لەناو دەبات و شەراكەت كۆتایی پێدەهێنێت، ئەو كاتە ڕەنگە سعودیە ئەمە قبوڵ نەكات، هەرچەندە لەسەرەتاوە هەڵوێستی سعودیە پشتیوانی بوو لە عەبادی، بەڵام ئەویش تاسەر تەماشاكەری یارییەكە نابێت.

 

بیركردنەوەی ئەمەریكا لە بارەی مانەوەی بارزانی لە پۆستەكەی‌و پێگەی بەهێزی لە ناوچەكە، ڕەنگە لەو ڕوانگەوەبێت كە بارزانی سەنتەری گۆڕانكاری جەمسەربەندی لە ناوچەكە ڕاگرتووە، ڕەنگە ئەمەریكاش پشتیوانی لە مانەوەی بارزانی لە پۆستەكەی بكات، بەمەرجێك گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بكرێت، بەڵام هیچ ئاماژەیەك نییە بۆ ئەوەی كوردستان دەرئەنجامی ڕیفراندۆم هەڵوەشێنێتەوە، ئەمەش ڕەنگە ماوەیەك گفتوگۆكانی نێوان هەولێرو بەغدا دوابخات، بەڵام دواجار دەبێت بەغدا ئەوە قبوڵ بكات.

 

وەك ئەوەی زانیاریم هەبێت بارزانی ئەوەی بەوەزیری دەرەوەی ئەمەریكا وتووە كە لەچوارچێوەی ئەو هەوڵانەی دراون بۆ یەكخستنەوەی پێشمەرگە لەمەودوا هێزی پێشمەرگە لەسەر یەك سیستم و لەسەر یەك ئاڕاستەی سیاسەت كاری خۆی بكات‌و لەنزیكترین كاتدا سەرجەم هێزەی پێشمەرگە بە (یەكە)جیاوازەكانەوە، یەك دەخرێنەوە، بۆ ئەوەش ئەمەریكا ڕەزامەندی نیشانداوە لە دوای سەری ساڵەوە، هەنگاوەكانی یەكخستنەوەی پێشمەرگە خێراتربكات و بارزانی ڕەنگە زۆربەی كاتی بۆ یەكخستنەوەی پێشمەرگە تەرخان بكات، چونكە ناكرێت پێشمەرگەش ببێتە ئەجێندای یارییە هەرێمییەكان وەك ئەوەی لە كەركووك بینرا!!.

 

ڕەنگە لەداهاتووش هەندێك شت ڕووبدات لەوانە كشانەوەی حەشد لە كەركوك‌و سەرپەرشتیكردنی لەلایەن هاوپەیمانان و پێشمەرگەوە، ئەوەشی دەمێنێتەوە ئەوەیە كە ڕەنگە لەو پەیوەندیە تەلەفۆنییە، باس لە گۆڕانكاری لە هەڵوێستی عێراق كرابێت، بەوەی سنوورێك بۆ هەر دەستدرێژییەك دابنرێت كە دەیكات، یان دووبارە داڕشتنەوەی پڕۆژەیەكی دیكە لە دەستوور یان لەدەرەوەی دەستووری عێراق تا ئەو گرفتانە چارەسەر بكرێن، ئەمانە هەموو ئەگەرن لەبەردەم حكومەتی عێراق، ئەگەر پابەندی پێوەنەكات ڕەنگە ئەم جارە ئەمەریكا خۆی سنوور بۆ عێراق دابنێت، چونكە ئەو یاریەی عێراق بەرانبەر بە ناوچە سوننەكان كردی ناتوانێت بەرانبەر بە كوردستانی بكات، لەبەرئەوەی ئێستا سەركردایەتی سیاسی كوردستان هەیە.

 

ئەوەی ماوەتەوە.. ئایا ئایندەی ئەوانەی لە كوردستان دەرگایان بۆ حەشد كردەوەو كەركوكیان داگیركرد چی دەبێت؟ ئەمەریكا حسابات لەگەڵ ئەوانیش دەكات؟.