سیناریۆكانی بەردەم بزوتنەوەی گۆڕان لە ئێستادا

28-10-2017 07:57

 

ئەگەر بێت‌و هەڵسەنگاندنێك لە زیهنیەت و توڕەیی و ناڕەزاییەكانی شەقام بەگشتی و هەڵسوڕاو و هەوادارانی بزوتنەوەكە بكەین، بەتایبەت تر بۆ ئەدای بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت چاوێك بە مێژووی بزووتنەوەی گۆڕاندا بخشێنینەوە، چونكە لە دنیادا وایە كاتێك پارتێكی سیاسی دێتە نێو پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە هەڵگری كۆمەڵێك گوتاری سیاسی تایبەت بەخۆی دەبێ هەروەها كۆمەڵێك پڕۆژە لە چاكسازی‌و گۆڕانی ڕیشەیی دەكات بە بەرنامەكانی خۆی.

 

لە یەكەم قۆناغدا بزوتنەوەی گۆڕان بە بەدەست هێنانی 25 كورسی پەرلەمانی ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆی بەرامبەر دەسەڵات هەڵبژارد وەك خەباتێكی مەدەنی پەرلەمانیی، دوای تاقیكردنەوەی قۆناغی ئۆپۆزسیۆن بوون و سەركەوتنی بۆ قۆناغی دووەم دروشمی(بەرەو دەسەڵات)ی كرد بە گوتاری سیاسی خۆی و هەڵمەتی بانگەشەكانی، ئیدی لەم قۆناغەشدا ئەگەرچی وەرگرتنی دەسەڵاتەكانی تەنها لە هەیكەلیەی وزاریی خۆی بینییەوە بێ ئەوەی شۆڕبێتەوە بۆ هەڕەمی پەیوەست بەتەواوی دام و دەزگاكان و یەكە ئیدارییەكانی بەڕێوەبردن دیسان سەركەوتنی بە دەستهێنا لە تاقی كردنەوەی وەرگرتنی دەسەڵات لەوەزارەتەكان، بەڵام هەمان سەركەوتنەكەی جەنگی پڕۆسەی ئازادی عێراق لەسەردەمی ویلایەتەكەی بۆش، چونكە ڕاستە ئەوان لەو جەنگە سەركەوتن لە كۆتایی هێنان بە حوكمی دكتاتۆریەتی ڕژێمی پێشوو، بەڵام لە گوتاری سیاسی وڵاتەكەیان شكستیان هێنا تەنانەت لەڕووی ماددیشەوە.

 

بەهەرحاڵ لەدوای ئەوەی پارتی دیموكرات بەبیانوی ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان هاتوە لە ڕێی پەرلەمانەوە ئەجێندا سیاسییەكانی خۆی جێبەجێ دەكات لەڕێی دەستبردن بۆ یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، بە بیانوی لە بەرچاو نەگرتنی دۆخی هەرێم لە شەڕی دژ بە تیرۆردا، بزوتنەوەی گۆڕان هەم لە پەرلەمان‌و لە حكومەتیش كردەدەرەوە لە 12ی ئۆكتۆبەری 2015.

 

هەر دوای ئەو كاردانەوەیەی پارتی لەبەرانبەر دەركردنی بزوتنەوەی گۆڕان، فشارەكان زیادیانكرد لەسەر خودی نەوشیروان مستەفا بەوەی كە ئاخۆ ئەو بەدیلی بۆ چارەسەری ئەم دۆخە چییە، نەوشیروان مستەفاش هەموو شتێكی هەڵگرت بۆ قۆناغی دوای تەواوبوونی شەڕی دژ بەتیرۆر، بەڵام مخابن قەدەر دەرفەتی نەدا ئەو كارەكانی تەواو بكات.

 

دوای تێپەڕبوونی دوو مانگ لە مردنی ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لە هەمان ڕۆژی ساڵیادی دروستبونیدا لە هەڵبژاردنێكدا بە دوو قۆناغ بۆ سكرتێری جڤاتی گشتی و لە قۆناغی دووەمیشدا بۆ ڕێكخەری گشتی و پێكهێنانی خانەی ڕاپەراندن، بزوتنەوەكە قۆناغێكی نوێی تێپەڕكرد.
ئێستا هاونیشتمانیان و تەواوی لایەنە سیاسیەكانی دیكەو دەنگدەر و هەوادار و لایەنگرانی بزووتنەوەكە چاویان لەچنینەوەی بەرهەمەكانی ئەو بزووتنەوەیەیە.

 

گرنگترین سیناریۆكانی چارەسەر بۆ دۆخەكە:

 

یەكەم: حكومەتی ڕزگاری نیشتمانی
لێرەدا كاتێك تۆ دێیت پڕۆژەكەت هاوشێوەی بەیاننامەیەك بڵاودەكەیتەوە، هیچ نەبێ بۆ ئەوەی خۆت پێ بنێیتە قۆناغی جێبەجێكردنەوە لانیكەم یەكەم قۆناغ دەبێت دەست لەكاركێشانەوە بە وەزیرەكانت پێشكەش بكەیت‌و لەڕێی سەرۆكی پەرلەمانیشەوە پراكتیزەی حكومەتی كاتیی ڕزگاركەری نیشتمانی پێكبهێنی، نەوەك بێدەنگ بمێنیتەوە.

 

دووەم: دەست لەكاركێشانەوەی سەرۆكی پەرلەمان
مادام تۆ لەگەڵ درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و حكومەت نیت، دەبێت دەستلەكاركێشانەوە بە د. یوسف پێشكەش بكەیت، چونكە باڵەخانەی پەرلەمان هیچ گرنگیەكی نەماوە بە مانا دیموكراسیەكەی.

 

سێ یەم : بانگەوازی هێزی پێشمەرگە
كاتێك تۆ زیاتر لە 19 هەزار دەنگت لە ناو هەریەك لەوەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە هەبێت، دەتوانی بانگەوازێك بكەی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە بۆئەوەی ببیت بە ئەمری واقیع لە ناوچەكە، وەك چۆن نەوشیروان مستەفا لە دواین دیداری لەگەڵ هەڵسوڕاوانی گۆڕاندا لە لەندەن ڕایگەیاند خەباتی پەرلەمانیشمان تاقیكردەوە ئیدی كاتی تاقیكردنەوەی بژاردەی ترە كە لە بەردەستن .

 

پێویستە بێ ترس بڕیاری كۆتایی بدرێت، وەك چۆن دوای 2003 حكومەتی فیدڕاڵی بڕیاریدا بە دروستكردنی دوو فەیلەقی 12 هەزار كەسی و 15 دەبابە و دوو فڕۆكەی جەنگیی لە زمنی ئەو دوو فەیلەقە لە كۆی 7 فەیلەق لە هەموو عێراقدا، بوونی مەرج وایكرد لە هەموو كوردستان یەك كەسیش دەرنەچێ لە تاقیكردنەوەی بوون بە قائد فەیلەق لەبەر كەمیی ئەزموون و دەرچووی ئەكادیمی لێهاتوو لە هەرێمەكەمان بۆ كەرتی سەربازیی، دواتر لەبەر نەبوونی كەسی دەرچووی ئەكادیمی، عێراق بڕیاریدا بە دروستكردنی هەردوو فەیلەقەكە، بەڵام قائیدەكانی عێراق دایاندەنێت، ئیدی كورد ڕازی نەبوو، ئەگینا كورد ئەبوو بەخاوەنی دوو فەیلەقی نیشتمانی مودەڕڕەب هەم مونەززەم، كورد جورئەتی نەكرد بە بیانوی ئەوەی چۆن ئەكرێ كۆنە بەعسیەكان ببن بە قائد فەیلەق بەسەركوردەوە.

 

بەداخەوە لەبەرئەوەی هێزەكانمان نیشتمانی نین‌و سەر بەحزبن بۆیە كەفائەتی بەرپرسانی سەربازیش هیچیان بە قۆناغی ئەكادیمیای سەربازییدا ڕەت نەبوون، بۆیە وا حاڵمان خۆشە، تەنها لە سەردەمی عوسمانی حاجی مەحمود دا كاتێك ئەو وەزیری ناوخۆ بوو تەنها لە سلێمانی 170 كەس پلەی ئامر لیوای هەبووە، لەكاتێكدا لە سەردەمی ڕژێمی سەدامدا كە 35 ساڵ حوكمی كرد ئامر لیواكان نەگەیشتە ئەو ژمارەیە، چونكە ئەوسا بەخشینەوەی پلەی سەربازیی نەبوو.

 

چوارەم: جوڵاندنی شەقام
لە دواین سیناریۆدا گۆڕان دەیتوانی شەقام بجوڵێنێت‌و خۆپیشاندانی ملیۆنی‌و سەرتاسەری ڕابگەیەنێت‌و بەرپرسیاریەتیش لە ئەستۆ بگرێت، ئەگەرنا بە ڕاستی دەبێ لەمەودوا هەموومان بەیەك دەنگ بڵێین بەڵێ نەوشیروان مستەفا كۆچی دوایی كردوە، بەڵێ ماڵئاوایی كردوە، ئێمە ئەوە نەبووین كاتێك پێمانت دەوت بزوتنەوەی گۆڕان بەمردنی كەسانێك و ڕۆشتن و وازهێنانی چەند كەسێك كۆتایی نایەت!.