بێدەنگیی لە ستەمكاریی تاوانە، بەڵام بێدەنگی لە (چەقبەستنی ستەمكاریی) ژیرییە!
بەرامبەر ستەمكاریی 'دەنگ' گرنگە، بەو هیوایەی كە ببێ بە كردارو بە گورزو بەر ستەمكاریی بكەوێت.
بەڵام كە دەنگ هەر دەنگبێو نەبێ بە هیچ، ئەوە ئیتر ستەمكاریی چەقیبەستووە، لەو دۆخەشدا كاری دەنگ تەواوبووەو سودێكی نییە، ئەگەر هەیبێ بۆ ستەمكاریی هەیەتی، چونكە وزەو توڕەیی تیا بەتاڵ دەكرێتەوە!!
سەیركە، كاتی سەدام یەك كەناڵی ئاسمانی هەبوو، ئێستا سەد، مەسەلەكەش دیموكراسیو ئازادی ڕادەربڕین نییە، بەڵكو پێشتر ستەمكاریی هەبوو كە لە دەنگ دەترسا، ئێستا چەقبەستنی ستەمكاریی هەیە، كە پێویستی بە دەنگە دەنگە بۆ تەفریغ.
سەیركە نەوشیروان مستەفا سەرەتا هەفتانە قسەی دەكرد، كەچی لەم ئەخیرەوە دوو ساڵ قسەی نەكرد!
چونكە سەرەتا هیوای بە قسەبوو كە ببێ بە كردارو گۆڕانكاریی دیموكراسیی، بەڵام كە شتەكە بووبە قسە لە پێناوی قسە، ئیتر كۆتایی پێهێناو دەستی دایە بێدەنگی!
لە دۆخی چەقبەستنی ستەمكارییدا بە بێدەنگی بیربكەرەوە، تا دەرفەتێك دەدۆزیتەوە بۆ كردار.
هەر ئەوەی نەوشیروان كردی، لە ناوەڕاستی بێدەنگییەكەیدا لەپڕ هاتەوە ڕێكەوتنێكی ئیمزاكرد.
لەئێستادا (قسەو ڕەخنە) باشترین خزمەتكاری دۆخی چەقبەستوی ستەمكاریین، چونكە لەبری ئەوەی بەر ستەمكاریی بكەونو ئەو بەتاڵ بكەنەوە، بەر (ڕاگەیاندنو فەیسبوك) دەكەونو خۆیان بەتاڵ دەبنەوە.
ئەو هێرشەش كە جارجار ستەمكاران دەیكەنەسەر ڕاگەیاندنو فەیسبوك، بۆ ئەوەیە كە شتەكەت لا موهیم ببێو هەر لەوێدا بیتو نەپەڕیتەوە بۆ شوێنێكی تر!
ڕەنگە من نوسینم كردبێ بە خوو، بەڵام تۆ خوێندنەوەی مەكە بە خوو، نەشیخوێنیتەوە هیچت لەكیس ناچێ!
ئەو بەرنامەیەی سەیری دەكەیت، سەیری نەكەیت باشترە، ئەو شەوە ئارامتر دەنویت!
ئەو جەریدەیەی دوای خوێندنەوە دەیكەیت بە سفرە، پێش خوێندنەوەش بیكەت هەر دەبێ، لە هەردوو حاڵدا ئەوەی گرنگە سفرەكەیە!
لە دۆخی چەقبەستنی ستەمكارییدا (ڕۆشنبیر، ڕاگەیاندن، قسە، ڕەخنە..) لەبری باڵانسی هۆشیاریی، باڵانسی ژاوەژاو بەرزدەكەنەوە، هەڵبەتە لەسەر حسابی باری دەروونیی تۆ.