شكستی سیاسەتی نەوتی هەرێمو فەشەل لە بەڕێوەبردنی داهاتەكەی، بەهێزترین فاكتەرە لە خۆبەدەستەوەدانی پارتیو یەكێتی بەرامبەر بەغدا.
سەركردایەتی شكستخواردووی هەرێم دەیەوێ ئەو ڕاستییە بشارێتەوە، كە نەیتوانی لەلایەك پڕۆسەكانی نەوتیی لە گرێبەستەكانو ڕاكێشانی كۆمپانیاكانی نەوت بە قازانجی كوردستان ئاڕاستە بكاتو لەلایەكی تر نەیتوانی لە ڕێگەی دەیانو سەتان ملیار دۆلارەوە لە پاش 2003ەوە بچووكترین پڕۆژەی ژێرخان بنیات بنێت.
داهاتی نەوت جگەلە بەهێزكردنی پێگەی كەسییو بنەماڵە، نە لە بەهێزكردنی پێگەی سیاسی كوردستان بەكارهاتووەو نە لە بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری.
كەواتە هەردوو بانگەشەی بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری لە ڕێگەی داهاتی نەوتو پتەوكردنی پێگەو پێوەندییە سیاسییەكانی كوردستان لە ڕێگەی پڕۆسەكانی نەوتییەوە، دوو گوتاری بەتاڵ بوون. لەكاتێكدا لە توانادا هەبوو هەردوو ئامانج لە ڕێگەی سیاسەتێكی ژیرانەو نیشتمانییانە بۆ نەوت، مسۆگەر بكرێن.
حكومەتی هەرێم لە ساڵانی پاش 2003ەوە پارەیەكی زەبەلاحی هاتە دەست، لە واقیعدا ئەو پارەیە تاڵان كراو بە وەهم ئابووری سەربەخۆو پێگەی سیاسی كوردستانی پێ بەهێز كرا.
هەموو ئەوە وایكرد، سەركردایەتی باڵای پارتیو یەكێتی سازشی گەورە بۆ بەغدا بكەن، بەتایبەت پاش ئەوەی توركیا دەرگای بەڕووی پارتی داخستو چەندان ڕاپۆرتیش ئاماژەیان بە بلۆككردنی پارەی نەوت لە توركیا كرد كە بەناوی سەركردایەتی باڵای پارتییەوەیە، بەڵام پارتی بێدەنگی لێكرد، ئەو بێدەنگییە گومانو پرسیاری زۆر هەڵدەگرێت.
داخستنی دەرگای توركیا بەڕووی پارتیدا، دەستی بەغداو تارانی واڵا كرد، هەر فشارێك بۆ سەر كوردستان بێنن كە دەیانەوێت. ئەوە لە ئەنجامی نەبوونی ستراتیژیەتی نیشتمانی بۆ نەوت ڕوویدا، لەكاتێكدا پارتی بە وەهمی ڕێككەوتنی پەنجا ساڵە لەگەڵ توركیا، هەمووانی فریودا.
بەغدا دەخوازێت هەر ئەو سەركردایەتییە فاشیلو گەندەڵە بمێننەوە، چونكە ئەوان ئێستا تەنیا لەبەرامبەر مانەوەی خۆیاندا ئامادەی هەموو دانێكن بەبێ ئەوەی هیچ بستێنن، ئەمریكاش لەو قۆناغەدا هەرئەوەی دەوێ، كە نێچیرڤان بارزانیو قوباد تاڵەبانی وەك دوو كارەكتەری لەرزۆكو بەزیو بە پەڕ و باڵكراوی لەبەردەم بەغدا ئامادە بن.
دۆسیەی ڕێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی بەغداو هەولێر گونجاو نییە بەدەست شكستخواردووانەوە بێت، چونكە ئەوان سازشی گەورە دەكەن لە پێناو تەنیا سەلامەت دەرچوونی خۆیانو داخستنی فایلەكانی گەندەڵیو شاردنەوەی فەشەلەكانیان. ئەو سازشە هەر لە ئێستەوە نێچیرڤان بارزانی لە پێش مایكەكاندا هاواری بۆ دەكات.
بەداخەوە هێزو كارەكتەرە سیاسییەكانی دیكە هێشتا بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتییەكە تەواو ئامادە نین، تێگەیشتنو بەرنامەیەكی ڕوونیان نییە لەلایەكو لەلایەكی دیكەش بەغداو ئەمەریكاش بە ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ لەگەڵ مانەوەی شكستخواردووەكانن تا ئەوكاتەی هەموو سازشێكیان پێدەكەن.
ئەوە ئەركی كوردستانیانە، فشار لەسەر كۆی هێزە سیاسییەكان دروست بكەنو ناچار بە پێكهێنانی دەستەیەكی نوێیان بكەن بۆ ڕێكخستنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا. بە هەر شێوەیەك بێت، كوردستان لەسەر دەستی ئەو گرووپە فاشیلو گەندەڵەدا، زۆر بۆ پاشەوە گەڕاوەتەوە، بەڵام هیچ مەترسییەك لەسەر هەرێمی كوردستان نییە وەك هەرێمێكی فیدڕاڵی كە دەستووری عێراق دانیپێداناوە. لەكاتێكدا ناچارین لەسەرەتاوە جارێكی تر تێهەڵچینەوە.