كۆمەڵگای دیكتاتۆرەكان

12-11-2017 09:48

 

دیكتاتۆر لە وشەی لاتینی(دیكتاتۆس) وەرگیراوەو بەمانای خۆسەپێن یان بڕیاردەر، دیكتاتۆر سەركردەیەك یان هێزێكە دەسەڵات كۆنتڕۆڵدەكات‌و یاسا پشتگوێدەخات، خۆی بڕیاردەری هەموو شتەكانەو حساب بۆ كەسی تر ناكات، دیكتاتۆر و كۆمەڵگا بەردەوام لە پەیوەندیدان‌و كار لەیەكتری دەكەن، دیكتاتۆر پێویستی بە كۆمەڵگایەكی گۆێڕایەڵەو كۆمەڵگاش پێویستی بە سەركردەیە، دیكتاتۆرەكان بەردەوام وەك سادیزمێك چێژ لە ئازاردانی خەڵك وەردەگرن، بەشێكی كۆمەڵگاش وەك مازۆخیزمێك چێژ لەئازاردانی خۆی وەردەگرێت، دیكتاتۆرەكان بەردەوام خەریكی خەڵەتاندنی خەڵكن، لە ڕێگەی هەڵسوكەوتەكانیان بەردەوام وێنایەكی نەرمونیان‌و كۆمەڵایەتی نیشان دەدەن، واتا وەك چۆن دەڵێین منداڵ دیكتاتۆرێكەو هەمو شتێك دەكات‌و هیچ قانونێك نایگرێتەوە، بەهەمان شێوەش دیكتاتۆریش منداڵێكە بەردەوام دەیەوێت هەموو شتەكان هی ئەو بن، وەك منداڵ هەندێجار دەگریی بۆ ئەوەی دەوروبەری بگەوجێنێت‌و بیانخەڵەتێنێت.

 

پەروەردە كاردەكاتەسەر دروستبونی دیكتاتۆرەكان، باوكێك لەماڵەوە دیكتاتۆرە، بەڵام لە فەرمانگەكەی بۆ بەڕێوەبەرەكەی دەچەمێتەوە، مامۆستایەك لە پۆلدا زانیارییەكانی خۆی بەزۆر دەچەسپێنێت بەسەر قوتابیەكانیدا، بەڵام لەبەرامبەر بەڕێوەبەری قوتابخانەكەی دەكەوێتەسەر ئەژنۆ، بەڕێوەبەری قوتابخانەش بەرامبەر وەزیری پەروەردە چێژ لە چەمانەوەو كەوتنەسەر ئەژنۆ دەبینێت، وەزیریش بۆ سەرۆك چەماوەتەوە، دەبینن سەرۆكێكی دیكتاتۆر گەلەكەی خۆی دەچەوسێنێتەوە، بەڵام بۆ سەرۆكی وڵاتێكی تر دەبێتە پردو كۆیلە، واتا بەردەوام دیكتاتۆرێك دەچەمێتەوە بۆ دیكتاتۆرێكی تر، لێرەدا مامۆستاو باوك وەك ستەمكاری سیاسی نابینین، بەڵكو وەك سیفەتی دیكتاتۆرە كە خۆسەپاندنە، دیكتاتۆرەكان بەردەوام خەریكی تێركردنی چێژەكانی خۆیانن، وەك ئەپیكۆڕییەكانی یۆنان دەیانگوت چێژەكان باشترین چاكەن.

 

كۆمەڵگا پڕە لە دیكتاتۆری ناو ماڵەوەو قوتابخانەو مزگەوت‌و فەرمانگەو هاوڕێیان‌و وەرزش‌و هیدیكەش.. ئەمانە سیفەتی خۆسەپاندنیان هەیە كە سیفەتێكی دیكتاتۆرە، دیكتاتۆرەكانیش بەردەوام بۆ دیكتاتۆرێكی گەورەتر چەماونەتەوە، دەكرێت لە ڕێگەی پەروەردەیەكی تەندروستەوە ڕێگری لە دروستبونی دیكتاتۆرەكان بكرێت، چونكە پەروەردە فێری ویستن‌و نەویستنی دیكتاتۆرمان دەكات، بۆئەوەی كۆمەڵگایەك چێژ لە دیكتاتۆریەتی ناوخۆی وەرنەگرێت پێویستە پەروەردەیەكی باشی هەبێت، كۆمەڵگا پڕە لە دیكتاتۆرو لە كۆتایشدا سەربۆ دیكتاتۆری سیاسی نەویدەكەن، چونكە دیكتاتۆری سیاسی لەهەمویان ترسناكترە، وەك كالیگۆلاكی ئیمپڕاتۆری ڕۆما دیكتاتۆرییەكەی گەیشتە ئاستێك داوای خوایەتی دەكرد، بەڵام مردن ڕێگەی نەدا، واتا دیكتاتۆر تێرنابێت گەر ڕێگری لێنەكرێت، پەروەردەیەكی باش كۆمەڵگایەكی باش دروستدەكات و ڕێگە لە دروستبونی گەراكانی دیكتاتۆر دەگرێت، ئەو كۆمەڵگایانەی دیكتاتۆری بچوكیان زۆرە لە كۆتایدا دیكتاتۆرێكی سیاسی دروستدەكەن‌و وەك بت دەیپەرستن، دژایەتیكردنی عەقڵیەتی دیكتاتۆری حەقیقەتێكی گەورەو گرانە لەم ناوچەیەدا، وەك نیچە دەڵێت، بەرگریكردن لە حەقیقەت قورسترین جۆری بەرگریكردنە.