پرسی شەرعیەت لە حوکمڕانیدا؛ سەرۆکی حکومەت‌و جێگرەکەی بە نمونە

19-11-2017 03:32

 

لەوەتەی بابەتی شەرعیەت‌‌و بێتوانایی‌و شكستی كابینەی هەشتی حكومەتی هەرێم سەری هەڵداوە، ژمارەیەك میدیا‌‌و سیاسی‌‌و چاودێری سیاسی، مامەڵەكردنی هەرێمی‌‌و نێودەوڵەتی‌‌و سەردانەكان‌‌و ناوهێنانی سەرۆكی حكومەت‌و جێگرەكەی لەنامەی ئیدارەی ئەمریكیدا‌، دەكەنە بیانو یان پاساو هێنانەوە بۆ مانەوەی ئەم دوبەڕێزە لە پۆستەكەنیاندا. تەنانەت ئەم پاساوانە بۆ شاردنەوەو پەردەپۆشكردنی شكستە بێشومارەكانی سەرۆك وەزیران‌و جێگرەكەی بەكاردەهێنن. بەڵام ئایا سەرچاوەكانی شەرعیەت كامانەن لە حوكمڕانیدا؟ ئایا سیستمی سیاسی ‌و فەرمانڕەواكانی، شەرعیەت لە ناوخۆ وەردەگرن یان لە دەرەوە؟

 

شەرعیەت (ڕەوایەتی) پێگەی سەرەكی دامەزراندن‌‌و كاركردنی هەر سیستمێكی سیاسی‌ و حوكمڕانییە. شەرعیەت Legitimacy وشەیەكی لاتینیەو مەبەست لێی یاسایی بوونی دەسەڵاتی بەڕێوەبردنە ‌و ئاماژەیە بۆ شەرعیەتی یاسایی، سیاسی‌و رەوایەتی بە پێی ستاندەرە ناوخۆییەكان. شەرعیەت‌ و دەسەڵات Authority دوو چەمكی گرێدراون‌‌و ماكس ڤیبەر سێ جۆر لە دەسەڵات جیادەكاتەوە: تەقلیدی، كاریزمی‌‌و یاسایی (عەقڵانی و دامەزراوەیی). ئەمەی سێیەمیان پەیوەندی بەباتەكەی ئێمەوە هەیە، چونكە ئەگەر بمانەوێت قسە لەسەر حكومەتێكی دیموكرات‌و پێشكەوتوو بكەیەن، ناكرێت باس لە شەرعیەت‌‌و دەسەڵاتی تەقلیدی‌‌و كاریزمی بكەین. ئەگەر ئەم دوانەمان قبوڵە بۆ حوكمڕانی، ئەوا دەبێت هەرسێ دەسەڵاتی تەشریعی، جێبەجێكردن‌ و دادوەری هەڵوەشێنینەوە یان ڕۆڵێكی لاوەكی‌‌و روكەشان هەبێت. هاوكات یاساكان بكەینە دەرەوە لە پرۆسەی حوكمڕانی هەرێمەوە.

 

كەواتە شەرعیەت‌‌و دەسەڵاتی یاسایی (حوكمڕان) پێویستیان بە هەڵبژاردن‌‌و دەنگدان‌‌و پشتگیری هاوڵاتیان (حوكمكراو) هەیە، لەلایەك‌ و لەلاكەی دیكەوە، كاركردنی بەپێی یاسا كارپێكراوەكانی ناوخۆی وڵات. بەكورتی ئەوەی چارەنوس‌‌و شەرعی بوون‌‌و نەبوونی دەسەڵاتێك دیاری دەكات، فاكتەرە ناوخۆییەكانن نەك دەرەكیەكان.

 

بەهەمو پێوەرەكان‌و داتاو زانیاریەكان‌و ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان، كابینەی هەشتی حكومەتی هەرێم شكستێكی گەورەی هێناوە لە زۆربەی بوارەكاندا. زەقترینیان كارنامەی ئابوری سەربەخۆی كابینەی هەشت بو كە هەرێمی توشی كارەساتی گەورەكردوە. سەرۆك وەزیران‌و جێگرەكەی متمانەی هاوڵاتیانی هەرێمیان نەماوە بۆ حوكمڕانی‌و هاوكات هەستی لێپرسراویەتیان لەدەستداوە بەرامبەر بەم هەمو قەیرانانە.

 

لە دەرەنجامدا، ئەگەر باوەڕمان بە دیموكراسی‌‌و سەروەری یاسا‌و دامەزراوەكان (دەسەڵاتی عەقڵانی‌و یاسایی) هەیە، كەواتە ڕازیبون‌و متمانەی هاوڵاتیانی هەرێم‌‌و سەركەوتن لە پرۆسەی حوكمڕانیدا، زامنی مانەوەی سەرۆك وەزیران‌و جێگرەكەیەتی لە پۆستەكانیاندا، نەوەك پشتگیری دەرەكی‌‌و بەشداری لە كۆنفراس‌‌و كۆڕبەندی هەرێمی‌‌و نێودەوڵەتیدا، وەك چۆن هەندێ لە میدیای بەناو پرۆفیشناڵ ‌و سیاسی بەناو بە ئەزمون بانگەشەی بۆ دەكەن!