كارتێكی ناچاریی لەبەردەم كوردستان

20-11-2017 05:17

 

جگە لە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا، لەم قۆناغەدا، هیچ ڕێگاچارەیەكی دیكە نییە، كوردستان بۆ ئەم قۆناغە هەردەبێت لەدەرگای بەغدا بداتەوە، چونكە گرفتی بودجەی هەیە، پێشووتر نەوتی كەركوك لەبەردەست بوو، ناچار نەبوون ملكەچی كۆمەڵێك فشاری بەغدابین، بەڵام بۆ ئەم قۆناغە دەبێت گفتوگۆ بكەین، چونكە كوردستان هێشتا دوابژاردەی بەردەمی بریتییە لە بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق، كەوایە گرنگە گفتوگۆكان بەردەوامیی هەبێت، چەندجارێك هەرێمی كوردستان ئامادەیی دەربڕیوە لەوبارەیەوە، بەڵام حكومەتی عێراق وەڵامی داواكارییەكانی نەداوەتەوە، عێراق توشی غروری سیاسی بووە، بەتایبەت دەسەڵاتی شیعە لە عێراقدا، چونكە لە بەسرە تا چیاكانی كوردستان هەست بەوەدەكات، بەربەستی لەبەردەم نەماوە، بەتایبەت لەدوای ڕادەستكردنی كەركوك‌و هێرشی حەشد بۆسەر پێشمەرگەو كۆتایی بەهەناردەی نەوتی كەركوك لەلایەن كوردستانەوە.

 

لەئاستی سوننەی عێراقیش، شیعەكان توانییان شتێك بەناوی سوننەی سیاسی نەهێڵن، هەرچی سەركردەی دیاری سوننە هەبوو، لەلایەن سەركردایەتی شیعەوە كڕدراون، ئەوەشی ماوەتەوە، بەتۆمەتی تیرۆر، بەرەو دەرەوەی عێراق ڕاونراون، ئێستا كوردستان چاوی لەوەیە كە بەغدا ڕێككەوتنی لەگەڵ بكات‌و موچەی فەرمانبەرانی بدات، لەئاستی سیاسیش دۆخی ناوخۆی كوردستان باش نییە، كورد لە پەرلەمانی عێراق كراوتە ئامانج، زۆر پڕۆژەیاسا هەیە، بەبێ ڕەزامەندی كوردستان لەپەرلەمان تێدەپەڕێنرێت، كەوایە لەئاستی سیاسی كوردستان لەبەردەم تەحەدایەكی گەورەدایە.

 

پێش ڕیفراندۆم كوردستان كۆمەڵێك كارتی لەبەردەست بوو، بەڵام هەندێك لەوكارتانە ڕەنگە بۆئەم قۆناغە بەسەرچووبن، ئەوەی گرنگە ئەوەیە كە مادام كوردستان بڕیاری داوە بەشداری لە پڕۆسەی سیاسی عێراق بكات‌و بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی عێراق بكات، دەبێت بیرلەوەبكاتەوە كە بەوچەند كورسییەی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق شەڕی پێناكرێت، بەتایبەت ئێستا دروشمی عێراق بوەتەوە ئەوەی كە زۆرینەی سیاسی بڕیار بدات، بۆیە بژاردەیەكی ناچاری لەبەردەم كوردستان هەیە، ڕەنگە لەهەموو بژاردەكان باشتربێت ئەویش ئەوەیە كوردستان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق لیستێكی هەڵبژاردن بكاتەوەو ڕێككەوتن لەگەڵ سوننە بكات، بۆ ئەوەی پێكەوە بەیەك لیست بەشداری هەڵبژاردنەكان بكەن، هەڵبەتە ئەو سوننەیە نا كە نوری مالیكی، جێگری سەرۆك كۆماری عێراق كڕیویەتی، ئەو سوننەیەی كە نوێنەرایەتی دەنگی ناڕازی دەكات، كوردستان لەم پلانەسیاسییە دەتوانێت سەركەوتووبێت، سوننە لە هەڵبژاردنی ڕابردوو 91 كورسیی هەبوو، ئەگەر لەگەڵ كوردستان هاوپەیمانی بكەن، ژمارەی كورسییەكانیان لە 100 كورسی زیاتر دەبێت ئەوكاتە دەنگی كورد بەسوننەشەوە بەهێز دەبێت، ڕێگا بەهیچ پڕۆژەیەك نادرێت بەبێ ئەوان تێپەڕببێت، هەڵبەتە ئەمە بژاردەیەكی ناچارییە، چونكە لایەنی خراپیشی هەیە، بەڵام زۆر لەوە باشترە كە كورد بەتەنیا بكەوێتە بەرانبەر ئەو هەموو كورسیەی شیعەكان.

 

سوننەی عێراق بەقەد كورد چەوساوەن، ڕەنگە كوردستان خاوەنی سەركردایەتی سیاسی خۆی بێت و بڕیاری خۆی هەبێت، سوننەكان ئەوەشیان نییە، سەرگەردانن، بەشێكی زۆریان ئاوارەی كوردستان بوون، بەشێكی دیكەیان ناچاربوون بە ملكەچبوون بەو واقعەی لە عێراق هەیە، بۆیە باشترین بژاردەش بۆ سوننە ئەوەیە لەگەڵ كوردستان ڕێككەوێت، ڕەنگە ئەوكاتە هاوبەشیی هەردووكیان وابكات كە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی‌و وڵاتانی عەرەبیش بێنەسەرخەت، لەوەدەچێت ئەمە ئاسانتریش بێت، چونكە گەنجێكی زۆری عەرەبی سوننە لەڕیزی پێشمەرگەن‌و سنووریشمان هاوبەشی یەكترە.