خولانەوە لەناو بازنەی بۆشدا

21-11-2017 09:37

 

ئەگەر كەمێك ئاوڕ لە ڕابردووی نزیكی ژیان بدەینەوە، لە هەرێمی كوردستان‌و دروست بگەڕێینەوە بۆڕۆژگاری خۆپیشاندانەكانی ساڵی 2011، بەشێك لەداخوازییەكانی خەڵك‌و ڕۆشنبیرانمان بیردەكەوێتەوە.

 

كە گرنگترینیان ئەوەبوو بودجەی هەرێمی كوردستان ساڵانە لەچوارچێوەی چەند قیستێكدا حكومەتی عێراق دینێرت بۆ هەرێم، هەركات بەرژەوەندی نەما یاخود گرفتێك دروست بوو، بودجەكە دەبڕێ، هەربۆیە ناكرێ بودجەی هەرێم بەم شێوەیە تەخشان‌و پەخشان بكرێت‌و بخرێتە خزمەتی شەخس‌و حزبەكانەوە.

 

بەڵكو پێوستە ئابورییەكی بەهێزی پێ بنیادبنرێت، كەرتی كشتوكاڵ چالاك بكرێت‌و پێداویستییەكانی بۆدابین بكرێت، چونكە كەرتێكی گرنگە‌و بڕبرەی پشتی كەرتی ئابورییەو بەرهەمەكانی پێداویستی گرنگی بازاڕەكانی شارەكانی هەرێمن.

 

داوادەكرا كەرتی پیشەسازی بەو بودجە زەبەلاحە پەرەی پێبدرێ‌و سندوقی داهاتەكان هەبێت، چونكە پێویستە پارەی پێوست هەبێت، بۆ هەرئەگەرو كارەساتێك كە ڕوو لە هەرێم بكات هەروەك كەسە بەناو سیاسییەكانی كورد ماوەی چارەكە سەدەیەكە دەڵێن، هەموو جیهان دوژمنمانە.

 

ئەودەمە چەندین تۆمەتی ناشرین‌و پڕۆسەیەكی بە شەیتان نیشاندانی هەموو ئەوانەی بەشداربوون لە خۆپیشاندانەكان ڕۆژانە بەڕێوەدەچوو، تۆمەتی ناشرین نەما نەیخەپاڵ خەڵك، دەسەڵاتی كوردی خوێنی 10 گەنجیان ڕشت‌و بە دەیان كەسیش برینداربوون.

 

ئەودەمە زۆربەی خەڵكی كوردستان بە شێك بوون لە هەرای ڕاگەیاندنە حزبییەكانی دژی خۆپیشاندانەكان بوون، بێدەنگ بوون لە ئاست ئەو نادادییەی هەبوو لەبەرامبەر بڕێك پارە كە وەك مووچە وەریان دەگرت!

 

هەرچی حزبەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئەودەمەیە بە ڕاگەیاندن لەگەڵ خۆپیشاندان بوون، بەڵام لەواقعدا قاچێكیان لەگەڵ خەڵك‌و قاچێكیان لەگەڵ دەسەڵات بوو.

 

ڕۆژگارتێپەڕی‌و قۆنا‌غی نوێ دەستیپێكرد ئەمجارەیان حكومەتی هەرێم بڕیاری فرۆشتنی نەوتی دا بەناوی ئابوری سەربەخۆ، بە غدادیش موچە‌و بودجەی ڕاگرت.

 

شكستی حكومەتی هەرێم لە یەكەم مانگەوە دەستیپێكرد كە نەیتوانی موچەی هاوڵاتیان لەكاتی خۆیدا بدات كە تائیستاش درێژەی هەیە، هیچ ئاسۆیەكی ڕوون نییە بۆ وەرگرتنەوەی موچەكان لەلایەن فەرمانبەرانەوە.

 

دواتر ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەكەی هەرێم كە چەندین دۆستی ناوخۆیی‌و دەرەكی وتیان ئەم كارەمەكەن لەئێستادا، بەڵام لەسایەی كۆمەڵێك كەسەوە ئەوشكستە گەورەیە ڕوویدا‌و كارەساتەكە هەموو كورد باجەكەی دا.

 

ئێستا شتەكان گۆڕاون موچەخۆران لە پاش دووساڵ بایكۆت‌و خۆپیشاندان كە من پێموایە خولانەوە بوو بە دەوری بازنەی بۆشدا، سەرجەمیان ئەمساڵ گێژبوون‌و چونە ماڵەوە، وەك بڵێی سەرجەم داخوازییەكانیان جێبەجێ كرابێت!

 

هەرچی ئەوكەسانەی كە دەسەڵاتدارن كە تادوێنی دەچوونە بەغداد‌و بەوپەڕی فیزو خۆبەگەورەزانینەوە دەیان وت بەغداموفلیسە‌و ڕێك نە دەكەوتن لەگەڵیان، ئێستا ئەوانیش لەناوبازنەی بۆشدا دەسوڕێنەوە لەدیوی دەرەوەی بازنەكەش ڕۆژنامەنووسان وەستاون‌و پەیتاپەیتاو هەموو ڕۆژیك لەكاتی سوڕانەوە بەناو بازنە بۆشەكەدا لێدوانیان بۆ دەدەن‌و دەڵێن ئامادەی گفتوگۆین‌و ڕازین بە مەرجەكانتان، بەڵام با بەسبێت سوڕانەوەمان لەناو بازنەی بۆشدا.

 

لەكۆتاییدا دەپرسم ئەگەر مووچەخۆران ئەودەمە پشتگیری خەڵكانی بە ئاگای شەقامەكانیان بكردایە باشترنەبوو لەوەی دووساڵ بە بەردەوامی‌و بەبێ سود لەناو بازنەی بۆشدا بسوڕێنەوە؟

 

دەسەڵاتدارانی ئەودەمە كەهەر ئەم دەمووچاوانەی ئێستان، گوێیان لە دەنگە دڵسۆزەكانی ئەودەمەو دڵسۆزانی ماوەیەك پێش ئێستا بگرتایە لەسەرپرسی ڕیفراندۆم باشتر نەبوو لەوەی ئێستا وا بەبچوكی‌و بە دەنگی لەرزۆك‌و شەرمنانە داوای گفتوگۆ لە كەسانێك بكەن كە ئامادەنین گوێتان لێ بگرن؟.