بڕیاردەرانی گۆڕان خەریكن حكومەتێك زیندوو بكەنەوە كە مردووەو مانای حكومەتی تێدانەماوە، كاركردن لەگەڵ هەمان دەموچاوە بێزراوەكانی جاران گاڵتەجاڕییە، ئەو دەموچاوانەی قوڕیانكردووە بەسەری میللەتدا، گۆڕان بەنیازە لەماوەی چوار مانگ یان حەوت مانگ چەندین چاكسازی ئابوری و سیاسی و سەربازی بێنێتەدی لەگەڵ ئەم دەموچاوە ناشیرینانەی یەكێتیو پارتی، مایەی گاڵتەجاڕییە گۆڕان چەندین ساڵە ئەم دەموچاوانەی بە ئێكسپایەری سیاسی داناوەو ئێستاش ڕۆژانە دیشلەمەی سیاسیان لەگەڵ دەخواتەوە، گۆڕان چەقی بەستووەو بەدیار هیچەوە خەون دەبینێت، گۆڕان بەم كارانەی بەشێك لە ناشیرینیەكانی ئەم دەسەڵاتە بۆیاخ دەكات و جوانی دەكات، گۆڕان بیریچوو پەرلەمانتارو وەزیرەكانی بەبڕیارێكی دیوەخان شاربەدەركران؟ حكومەتێك چارەكە سەدەیەكە وەستاوەو گۆڕانكاری ناكات، بەم پڕۆژە چوار مانگو حەوت مانگییەی گۆڕان چۆن گۆڕانكاری دەكات؟ گاڵتەجاڕییە و كۆمێدیای سیاسییە.
دەڵێن لە گوندێك پیاوێك لەبەیانییەوە تا ئێوارە سەیری ناو ئەشكەوتێكی دەكرد، مایەی پرسیاربوو بۆ خەڵكی گوندەكە، بۆیە ئێوارە خەڵكی گوند بڕیاریاندا بچنە لای پیاوەكەو پرسییان، بۆچی لەبەیانییەوە سەیری ناو ئەم ئەشكەوتە دەكەیت؟ چی تێدایە؟ ئەویش زۆر بەسوكی، وتی من سەیری هیچ دەكەم، هیچی تێدانیە، گۆڕانیش بەدیار هیچەوە پڕۆژە دروستدەكات و خەون دەبینێت و كات دەكوژێت و ناشیرینیەكانی ئەم دەسەڵاتە جوان دەكات.
پێویستە بەشەكەی تری گۆڕان كە گەنجانن ڕێگری لەم جوڵە سیاسیانەی گۆڕان بكەن، بۆئەوەی گۆڕان ببێتەوە هێزە ئازاكەی جاران، نەك ببێتە سورەی بەرلەشكر بۆ جوانكردنی ناشیرینیەكانی دەسەڵات.