بۆ شۆڕش دژی دەسەڵاتی كوردی ڕوونادا؟

30-11-2017 02:11

 

دەسەڵاتی پاوانخوزای كوردی لە ماوەی چارەكە سەدەی حوكمڕانیدا، هاوشێوەی حزبە چەپەكانی سەردەمی سۆڤێت، توانیویەتی هەژموونی خۆی بەسەر سەرجەم جومگەكانی كومەڵگادا بسەپێنێت، بەمشێوە ناشرینە درێژە بەحوكمڕانی سەقەتی بدات، كە لە ئەنجامدا بۆتەهۆی دروستبوونی چەندین مافیاو چەتەی بۆین باخ لەملی بەناو سیاسی كە ئەم كەسانە سامانی سەرزەوی‌و ژێرزەوی‌و تەنانەت ئاسمانی هەرێمی كوردستانیشیان فرۆشتوە.

 

ئەم كۆمەڵە كەسانەی كە سیاسەت دەكەن لەم هەرێمەدا نەبوونایە، لە هەر وڵاتێكی تر بوونایە بەمشێوەیە ئیدارەدانی خراپی دەسەڵاتیان بكردایە زۆردەمێك بوو لە دەسەڵات هێنرابوونە خوارەوە، بەڵام چەند هۆكارێك وایكردووە شۆڕش دژی دەسەڵاتی كوردی ڕوونەدا، كە ئەمە بەشێك لەو هۆكارانەن:

 

یەكەم: بەریەككەوتنی نێوان نەوەكان، مەبەستمە بڵیم كوردستان دابەشبووە بەسەر دوونەوەدا، نەوەیەكیان پیرەكانن، كە سەردەمی دەسەڵاتی بەعسیان دیوە، ئەم نەوەیە دەسەڵاتی كوردی هەرچۆنێك حوكمڕانییان بكات پێی ڕازین، چونكە تێگەیشتنی ئەمان بۆ حوكمڕانی ئەوەندەیە، كە دەڵێن ئەگەر دەسەڵاتی كوردی نانیشمان نەداتێ‌و سادەترین مافیشمان نەبێ هەرباشترە لەدەسەڵاتێكی تر.

 

جگە لەم دوو حزبەی كە حوكمڕانن و شكستیان هێناوە لە ئیدارەدانی ڕێكوپێكی هەرێمی كوردستان كەسیتر بە شایستە نازانن، هێرشی توند دەكەنەسەر ئەوگەنجانەی كە هەر بۆچوونێكی جیاواز بڵێن. ئەم نەوەیەی كۆمەڵگا هەرگیز لەوە تێناگا كە مرۆڤێكی ئازاردراو ئیهانەی پێكرا لەكاتی داواكردنی مافەكانیدا لەلایەن كەسێك بە كڵاشی هەورامی‌و بە زمانی كوردی ئازاربدرێ هیچ جیاوازیەكی نیە لە كەسێك لە ژێر عەگالی عەرەبی یان خاوەن ڕیشێكی هاوشێوەی خومەینی یان جەندرمەیەكی تورك ئازاربدرێ.

 

دووەم: تۆڕی كومەڵاتی فەیسبوك، ئەم تۆڕە لە سەرەتایی سەرهەڵدانی شۆڕش لە وڵاتە عەرەبیەكان لەسەرەتای ساڵی 2011، وەك داینەمۆی شۆڕش دەناسراو دەبووە شوێنی كۆبوونەوەی ناڕازیەكان، بەڵام لە هەرێمی كوردستان تۆڕی كومەڵایەتی فەیسبوك بۆتە شوێنی خاڵی بوونەوەی زۆربەی دەنگە توڕەكان، ئەگەر تەنها یەكجار بچیتەناو ئەم تۆڕەوە تێدەگەیت كە چەند دەنگی ناڕازی زۆرە، بەڵام بەجنێوێك توڕەبوونی خۆی خاڵی دەكاتەوە لەدەسەڵات، ئەمە جگەلەوەی بەشێكی تری خەڵك لەناو ئەم تۆڕە كۆمەڵایەتیە بێ ئومێدبوونێكی وا چۆتە ناخیانەوە گەورەترین كارەساتیش ڕووبدات ئەوان هەرخەریكی نوكتەو قسەی خۆیانن‌و بێ باكن لەوەی چی ڕوودەدات.

 

سێیەم: مشەخۆركردنی تاكەكانی كۆمەڵگا، ئەم جووت حزبە لە ماوەی ڕابردوودا توانیویانە كۆمەڵێكی زۆر لە خەڵكی لە ڕێگای حزبەوە بكەن بە خاوەن موچەو ئیمتیازی بەردەوامی پێبدەن كە لە دەرئەنجامدا بووەهۆی دروستكردنی چینێكی تووتی ئاسا كە تەنها گوێچكەكانی فەرمانەكانی حزب دەبیستێت، لەئێستادا بوونەتە بارێكی گەورە بەسەر حكومەتەوەو هەرگیز حزب ڕێگەنادات موچە و ئیمتیازەكانیان كەمبكرێتەوە.

 

چوارەم: ڕاگەیاندن، حزبەكانی دەسەڵات لەماوەی ڕابردوودا سەدان كەناڵی بیسراو، بینراو، خوێنراویان دروست كردوە، كە هەردەم بانگەشەكارێكی چاك بووە بۆ دەسەڵاتی حزبیی خۆسەپێن، كە هەردەم و لەكاتی دروستبوونی هەردەنگێكی ناڕازیدا لەسەر شەقام بووبێت یان ڕۆشبیرێك‌و كەسێكی ئاینی بووبێت، ئەم دەزگایانە زۆر بە نابەرپرسانە مامەڵەیان كردوەو دەیكەن و هەرچی تۆمەتی ئەخلاقی و ناشرین و نازناوی خیانەتیان داونەتە پاڵ، هاوكات بە شێكی دیاری كۆمەڵگای كوردی ناهۆشیارن لەژێر كاریگەری ئەم ڕاگەیاندنەدان.

 

پێنجەم: نەبوونی حزبێكی خاوەن جورئەت، ئەو‌‌ هێزانەی تری ناو گۆڕەپانی سیاسەت كە ئامادەییان هەیە بەشێكیان بوون بە دووكانی سیاسی و خاوەنی بڕیاری خۆیان نین و بەشێكی تریشیان تاڕادەیەك تێوەگلاون لە خراپ ئیدارەدانی هەرێمی كوردستان و بەشداربوون لە بردنی سامانی گشتی، كە ئەمەش وایكردوە لەكاتی ڕەخنەگرتن یاخود هەوڵدان بۆ جوڵانی شەقام خێرا لەلایەن ڕاگەیاندنە حزبیەكانەوە هەموو مەلەفی ڕابردویان هەڵبدرێتەوە. هەربۆیە دەسەڵاتی كوردی بەردەوام دەبێت چونكە كۆمەڵگای كوردی خاڵییە لە هێزێكی بە جورئەت كە سەركردەكانیان و كادیرەكانیان لەسەر شەقام بن و داوای مافی فەوتاوی چارەكە سەدەی ڕابردووی هاوڵاتیان بكەنەوە.