قەڵەمی ئازادیخوازان‌و چەكی جەللادەكان

07-12-2017 07:56

 

بێگومان بەردەوام قەڵەم و دەسەڵاتی سیاسی ستەمكار و جەللادەكانی ڕوبەڕوی یەكتر دەبنەوە، بەردەوام دوژمنایەتی یەكتر دەكەن، چونكە عەقڵی قەڵەم و عەقڵی چەك ناكۆكن بەیەكتر، هێزێك عەقڵێكی چەكداری هەبێت ڕێزی قەڵەم نازانێت، هێزێك كەللەیەكی ڕەقی هەبێت كوا هێزی نەرم دەناسێت؟ جەللادەكانی ستەمكار لە دونیادا هەمویان ڕقیان لە قەڵەم و ئازادیخوازانە، لەكوێ هەبووە ستەمكار باوەشی بۆ قەڵەمە ئازاو ئازادەكان كردبێتەوە!؟ جگە لە قەڵەمفرۆش و ڕانتخۆرەكان و هاوئاوازەكانی ستەمكارەكان.

 

لەكوێ قەڵەمەكان كەوتنە سەما بۆ جەللادەكان لەوێش ئازادی لە گۆڕنراوە، لە كوێش قەڵەمە ئازادەكان دژایەتییان كراو لێیاندراو كوژران بزانن هەناسەی قەڵەمە ئازاكان بەردەوامە، چونكە كاری قەڵەمە ئازادەكان ڕەخنەكردنی دەسەڵاتی چەتەگەریی‌و مافیاكڕاتییە، دەسەڵاتە كلیپتۆكراسییەكان بەردەوام قەڵەمە ئازادەكانیان بە دووژمنی پلەیەك داناوە، بەردەوام خەریكی شكاندن و بوختانن بۆ قەڵەم بەدەستەكان.

 

گۆبلز وەزیری پڕوپاگەندەی هیتلەر بەردەوام دەیگوت: سەرۆك هیتلەر هەر كاتێك گوێم لە وشەی ڕۆشنبیر دەبێت دەست بۆ دەمانچەكەم دەبەم، ئاخر ڕۆشنبیر گەر ئازاو ئازاد نەبێت قەڵەمەكەی ئەوە دەبێتە چەكێكی حەساری دەسەڵات، بەردەوام ڕانتخۆرەكان و ڕاگەیاندنكارەكان و نوسەران و ڕۆشنبیران بە نزیك بوونەوەیان لە پەرداخە ئاوەكەی دەسەڵات وەك شەكر دەتوێنەوەو نامێنن، ببینە هێزی ڕاكێشانی نەوت دەزگا ڕاگەیاندنەكانی چەند قەرەباڵخ كردووە، وەك موگناتیس ڕۆشنبیر و نوسەرانیان كێش كردووە تا ئاو بەئاشەكەی ستەمكاردا بكەن، ببینە ئەوانە پارە چەند ناشیرینی كردوون.

 

ڤیدڵ كاسترۆش بەردەوام لە جیڕەی قەڵەمی نوسەران دەترسا، قەڵەم و دەسەڵات بەریەكتر دەكەون، بۆیە بەزەحمەت نوسەرە ئازادەكان دەتوانن لە وڵاتی خۆیان بژین، ناچارن لە دەرەوە ڕەخنەكانیان ئاڕاستەی كەللەوشكەكەی دەسەڵات بكەن.

 

دەسەڵاتی جووت حزبی كوردیش ماوەی بیست و شەش ساڵە نەیتوانیوە سیستمێكی سیاسی گونجاو دروست بكات، نەیتوانیوە كەرامەتی مرۆڤ بپارێزێت، بەردەوام قەڵەمە ئازادەكانی ترساندوە یان تیرۆركردووە، سۆرانی مامە حەمەو سەردەشت عوسمان و كاوە گەرمیانی نمونەی تیرۆرن بەدەستی دەسەڵاتی جووت حزب، بەڵام قەڵەمە ئازادەكان هەر زیاتر دەبن، ئێستاش لێدان و هەڕەشە لە نوسەران درێژكراوەی سیستمە ستەمكارەكەیە، كاری ڕۆشنبیران بەرهەمهێنانی مەعریفەیە، كاریان ڕەخنەی ناشیرینییەكانی دەسەڵاتە، نەك گەرمكردنی دیوەخان و پیاداهەڵدانی بەرپرسە تەجمیلكراوەكان، قەڵەمی ئازا نابێتە دەروێشی سیاسیەكان، نابێت بێدەنگبێت، چونكە بێدەنگی كاری ڕۆشنبیران و نوسەران نیە وەك ئۆجەلان دەڵێت.

 

كاوێژكردن كاری قەڵەمە فاشیلەكان و عەقڵ دۆگماو نەوتاوییەكانە، ئەوان دۆڕاون‌و ناتوانن بڵێن و بنوسن بۆ خەڵك، بۆیە چەك دەبێتە ناسنامەیان، ئەمە گاڵتەجاڕی عەقڵی ستەمكارانە، ئەم شەڕەی قەڵەم و چەك بەردەوام دەبێت هەمیشە خەتی ئازادی و خەتی ستەمكاری تۆختر دەكاتەوە، هەمیشە ناشیرینیەكانی دەسەڵاتی تەجمیلكراو لەبەردەم خۆری قەڵەمە ئازادەكان توختر دەبێت، هەمیشە قەڵەم ماسكە ناشیرین و گاڵتەجاڕو خەڵەتێنەرەكان كەشف دەكات، بۆیە هەمیشە ستەمكاران دوژمنی قەڵەمی ئازاو ئازادن، هەمیشە خەم و كۆژان و كۆشادی خەڵك دەبێتە مەرەكەبی قەڵەمە ئازاو ئازادەكان، هەمیشە چەتەگەریی و خیانەت و نەوتخۆری و ستەمكاری و نادیموكراسی بونەتە فیشەكی چەكەكەی دەسەڵاتی ستەمكار، بەڵام تا ستەمكاری هەبێت قەڵەمە ئازادەكان هەر دەبن، ئەم سیاسەتی ترساندن و لێدانی دەنگە ئازادەكان لە ئێستادا پێماندەڵێت جووت حزب تائێستاش زۆر ستەمكارن، قەڵەم فرۆشەكانی حەساری دەسەڵات ڕۆژێك دێت ئاواببن، چونكە بوونەتە ڕۆبۆتی جەللادەكان.