باڵدارێكی سیاسیمان پێویستە

09-12-2017 03:56

 

لەسەرجەم جومگەكانی وڵاتدا ئاریشەی زۆر هەن‌و لە هەمانكاتدا پسپۆڕی زۆریشمان هەیە كەچی كێشەكان چارەسەر نابن، بە تێڕوانینی من ئەگەر بۆ وێنە باسلە كێشەی ئابوری بكەین ئەوا پسپۆڕی زۆرمان هەیە لەو بوارەداو زۆر لێدوان‌و لێكۆڵینەوەیان هەیە كەچی كێشەكان نەك چەقیان بەستووە، بەڵكو لە تەشەنەكردندان‌و بۆ جومگەكانی تریش بەهەمان شێوە.

 

درێژەپێدەری ئەم ڕەوتە لە سیاسەت‌و هەژمونی ئەو نوخبەیەی دەسەڵاتی بەدەستە وایكردووە تەنانەت پسپۆڕانیش سەر لەم گرێژەنەبردنە دەرناكەن لەبەر دوو هۆكار، یەكەم؛ ململانێیەكی ناڕەوای حزبایەتی، دووەم؛ كاری ناشەفافیی پڕۆتۆكۆلەكان بەمەش چۆك دانەدان بۆیەكتر بەستەڵەكەكە زیاتر دەخاتە ژێر سفر.

 

كێشەكان بنچینەیان دەگەڕێتەوە بۆئەوەی نەك بەرپرس و سەرۆك زانكۆ و ئەمانە، بەڵكو نوخبەی دەسەڵات دەستی خستوەتە بەرپرسی پۆلیسی نەخۆشخانەیەك‌و بەڕێوەبەری قوتابخانەو تەنانەت ناو سەندیكاو ڕێككخراو و بەڕێوەبەری ناو بەشەكانی دامەزراوە حكومییەكان، ئەمانە لایەنی دەسەڵات جومگەكانی خۆی پێبەهێز كردووەو بونەتە پاساودەرێكی بەهێزی لەمجۆرە لە حوكمڕانی.

 

ڕوئیایەكی تر لە سیاسەت دەبێت بكرێتەوەو كەسێك خاوەنداریەتی بكات، باڵدار ئاسا مەدرەسەی سیاسەت بنیات بنێتەوە، چۆن ئیبراهیم باڵدار زۆر ژیرانە لە كتێبی ئەلیف بێی كوردی، ئەسپی خۆی تاودا، لە دیدی منەوە باڵدار وردبینانە هاتووە یەكەم پیت كە منداڵ فێری دەبێت (د)یە‌و بۆیەش ڕستەكانی (د)ی زۆر تیایە لە وێنەی دارا دوو داری دی، لێرەداو بۆ ئەمڕۆی هەرێم كەسێكمان پێویستە كە لە خەبات‌و قوربانی‌و ناكۆكی‌و ململانێكان تێگەیشتبێت‌و یەكەم هەنگاومان فێر بكاتەوە لە سیاسەت بۆئەوەی ژیرانە سود لە مێژوو و حوكمداریی وڵات وەربگرین.

 

بەش بەحاڵی خۆم بۆ ئەمڕۆی كوردستان كەسێكی وەها ژیر بێ موجامەلە لە جەنابی دكتۆر بەرهەمدا دەبینم كە كاری جدی بكات‌و بە مۆڕاڵێكی سیاسییانەی گونجاو و پاڕادایمی بەهاداری خۆی، كاری نوێ لە كایەی بنیاتنانەوەی چۆنییەتی بیركردنەوەی كۆمەڵگەو بەڕێوەبردنی بكات لە شێوەی كۆمەڵناسێكی بەتوانا.