ڕێگاكانی ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی

09-12-2017 06:36

 

لە ڕۆژی ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی لە جیهاندا واتا ئەمڕۆ (9ی دیسەمبەر) دەمانەوێ تیشك بخەیەنەسەر گەندەڵی، جۆرەكانی كامانەن؟ هۆكارەكانی چین؟ دیاردەكانی چین؟ یاسای ڕوبەڕوبونەوە چیە بۆ گەندەڵی؟ چۆن دەتوانین لێی دەربازبین، كامانەن ئەو كۆمەڵگایانەی كە توشی گەندەڵی هاتوون؟.

 
لە خوارەوە دێین بە وردی باسی لێوەدەكەین، سەرەتا سادەترین پێناسە بۆ گەندەڵی بریتیەلە: بەد بەكارهێنان یا خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات بۆ بەرژەوەندی تایبەتی و شەخسی هەروەها بەكارهێنانی دەسەڵات بۆ خزم و كەسوكار واتا محسوبیەت و منسوبیەت، هەروەها پێشێلكردنی ڕێنمایی و یاسا و دەستور و ڕاسپاردە..

 

لە دنیای ئەمڕۆی پێشكەوتندا گەندەڵی بە یەكێك لە هەرە ئافاتە گەورەكانی كۆمەڵگا دادەنرێت، ئەمەش لە ئەنجامی كەمبونەوەی هۆشیاری و مرۆڤایەتی و هەستنەكردن بە بەرپرسیارێتی سەرشانمان.. بۆئەوەی بچینە وردەكارییەوە سەرەتا بابێین بزانین

 

جۆرەكانی كامانەن؟

 

ـ جۆرێكیان گەندەڵی ئیدارییە
ـ جۆرێكیان گەندەڵی دارایییە
ـ جۆرێك گەندەڵی سیاسییە
ـ جۆرێك گەندەڵی ئەخلاقییە
ـ جۆرێك گەندەڵی كۆمەڵایەتییە

 

ئێستا كە زانیمان جۆرەكانی چین، بابزانین:

 

هۆكارەكانی چین؟
ئەگەرچی جۆر و هۆكارەكانی گەندەڵی تۆزێك لەیەكترەوە نزیكن، بەڵام دێین یەك بە یەك هۆكارەكانی شیدەكەینەوە:

 

یەكەم: هۆكاری سیاسی
هۆكاری لاوازی دەسەڵاتی دامەزراوە حكومییەكان بەپلەی یەكەم دەگەڕێتەوە بۆ لاوازی هەریەك لە سێ دەسەڵاتە سەرەكییەكە بەتایبەتی دەسەڵاتی جێبەجێكردن، هەروەها ونبونی ئەرك و مافەگشتی و تایبەتیەكان لەناو كۆمەڵگادا.

 

دووەم : هۆكاری ئابوری
كۆمەڵگا بەجۆرێك دوچاری بارودۆخێكی ئابوری خراپ دەبێتەوە توشی داڕمانی ئابوری دێت، بۆ نمونە بەهۆی هەڵگیرسانی شەڕ و گەمارۆی ئابوری و بەرزبونەوەی خەرجیەكانی ژیان و بڵاوبونەوەی گەندەڵی ئابوری و ڕامیاری.

 

سێیەم: هۆكاری كۆمەڵایەتی
هۆكارە كۆمەڵایەتیەكان لە ژینگەیەكەوە بۆ ژینكەیەكی تر و لە كۆمەڵگایەكەوە بۆ كۆمەڵگەیەكی تر دەگۆڕێت.

 

چوارەم : هۆكاری دینی
لەهەر كۆمەڵگایەكی پەیوەست بە ئاینەوە، لاوازی خیتابی دینی وادەكا كۆمەڵگا پەلكێشی گەندەڵی ببێ، بەوەی پیاوانی دینی كۆمەڵگاكە نەیانتوانیوە پەیامەكە بگەیەنن.

 

پێنجەم: هۆكاری پەروەردەیی
لاوازی هەریەك لەلایەنی معنی‌و معریفی پەیوەست بە پەروەردەو خوێندنی باڵاوە دەبێتە هۆی بڵاوبونەوەی گەندەڵی.

 

بە شێوەیەكی زانستی و ئەكادیمی ئەمانە كۆمەڵێك بون لەو هۆكارە سەرەكیانە كە دەبنە هۆی بڵاوبونەوەی گەندەڵی، تا ئاستێك وای لێدێت لە كۆمەڵگادا دەبێتە دیاردە، سەرچاوەی بڵاوبونەوەی دیاردەكەش بە هەمان شێوە پەیوەستە بە هەندێك دیاردەی ترەوە ئەمانیش(ڕەشوەو بەرتیل خۆری‌و خزم خزمێنەو واسیتەو كەمبونەوەی پاداشت و شایستەی دارایی و ئیستغلال كردن و بەكارهێنانی موڵك و ماڵی گشتی و كەمی پابەندبون بە دەوامی فەرمی و كەمبونەوەی گرنگیی كات‌و هیدیكەش..)

 

گەندەڵی بەپێی حەجمی خۆی لەهەر وڵاتێك بڵاوبویەوە وڵات توشی داڕمانی ئابوری دەكات دەربازبونیش لێی ئەستەم دەبێ، واتا بەپێی هەمان حەجم ڕاستەوانە دەبێت، لەخوارە باس لە ڕوبەڕوبونەوەی دەكەین.

 

ڕێگاكانی ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی:

ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی و بنەبڕكردنی، ئەركی سەرشانی تاك بەتاكی كۆمەڵگایە وەك ئیلتیزامی ئاینی و ئەخلاقی و نیشتمانی و مرۆڤایەتی.

 

یەكەم: دووبار پێداچونەوە بە یاسا كارپێكراوەكان كە هۆكارێكن بۆ بڵاوبونەوەی گەندەڵی و ڕێخۆشكەرن، هەروەها نەهێشتنی ڕۆتین لە دامەزراوە حكومیەكان و جێبەجێكردنی سزای گەندەڵی بۆ گەندەڵكاران و ڕاپێچكردنیان بۆ بەردەم دادگا.

 

دووەم: هۆشیاری كۆمەڵایەتی، لەسەر ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و پەیوەست بە دژە گەندەڵی و نیشتمان دۆستییە كاربكەن بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاری دژ بەگەندەڵی و ڕاهێنانی تاك و پەروەردەكردنیان بە نیشتمانەوە.

 

سێیەم: دیاریكردنی پاداشت، لە بەرانبەر بنەبڕكردنی هەرگەندەڵییەك لە هەر ئاستێك لە هەر دامەزراوەیەك لە دامەزراوەكانی حكومەتدا.

 

چوارەم: بەهەمان شێوە دیاریكردنی سزا، بۆ ڕێگریكردن لە دووبارەبونەوەی دیاردەكە، بەشێوەیەك گونجاو بێت‌و ببێت بە پەندو پەشیمانی بۆ كەسی گەندەڵیكار.

 

پێنجەم: دۆزینەوەی هەلی كاری گونجاو بۆ هاونیشتمانیان‌و دامەزراندن و هێنانەپێشەوەی فەرمانبەری لێهاتوو لە دامەزراوە حكومییەكاندا.

 

شەشەم: لە بواری پەروەردەوە ساڵانە بڵاوكراوەی تایبەت بە بنەبڕكردنی گەندەڵی بڵاو بكرێتەوە، هەروەها لەناو كۆمەڵگاش لەلایەن پیاوانی دینییەوە بە هەمان شێوە.

 

حەوتەم: پێكهێنانی لیژنەیەكی تایبەت بە دژە گەندەڵی لە هەر فەرمانگەیەك بۆ ڕێگریكردن‌و ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی.

 

هەشتەم: هێنانەپێشەوەی گەنج و سود بینین لە توانا و كەفائەتیان و ئەو باوەڕە پتەوەی كە هەیانە لە بەرانبەر گۆڕان و گۆڕانكاری.