دەوڵەتی كوردی كرایە قوربانیی بیركردنەوەی خێڵ

10-12-2017 04:00

 

كورد یەكێكە لە گەلە كۆنەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە خاوەنی مێژوویەكی دوور و درێژی پر لە ململانێیە، لە پێناو مانەوەو قبوڵنەكردنی ژێردەستەیدا خەباتی كردوە كە بە دڵنیاییەوە ئەگەركەسێكی بێگانە، لە هەر كوێی ئەم دونیایەدا زانیاریی تەواو پەیدابكات، لەسەر ڕوبەرو ژمارەی دانیشتوانی هەر چوار پارچەكەی‌و ئەو كانزاو ماددە خاوە زۆرەی كە سەرچاوەی ژیانێكی شكۆمەند دەبێت بۆ تاكەكانی ئەگەر حكومڕانێكی دادپەروەر هەبێت، سەری سوڕدەمێنی لەوەی ئەم گەلە بێ دەوڵەتە!.

 

لە ڕابردوودا سەرجەم بزوتنەوە ڕزگاری خوازەكانی گەل داخوازییان دروستبوونی دەوڵەتی كوردی بووە، لە باشوری كوردستانیش كە ماوەی چارەكە سەدەیەكە وەك هەرێمی كوردستان ناسێنراوە و لەلایەن پارتە سیاسە كوردییەكانەوە بەڕێوە دەبرێت، هەردەم باسی دەوڵەتی كوردی لە سەر زاریان بووە، وەك كارتێكی فشار بەرانبەر حكومەتی ناوەندیی بەكاریان هێناوە.

 

بەڵام لەسەر ئەرزی واقع كاری جدییان بۆ نەكردوەو هیچ پایەیەكی دوڵەتێكی بەهێزیان دانەمەزراندوە. بەڵكو هەردەم زاراوەی دەوڵەتی كوردییان بۆ داپۆشینی كەموكورتییەكان بەكارهێناوە یان لەو كاتانەی كە هەرای ڕاگەیاندنی دەوڵەتیان كردووە لە ژێرەوە كۆمەڵێ مەرامی حزبییان جێبەجێ كردوە.

 

دواجار ئەم كارتە بەهێزەی كورد بەبێ ئەوەی دیراسەیەكی ورد بكرێت، لە ژێر كاریگەری كومەڵێ راوێژكاری پارە خۆری خانەنشینی هەندێك وڵاتی بێگانەو خۆشباوەڕیی هەندێك حزبی تر، لەشەو و ڕۆژێكداو بە ناوی ڕیفراندۆمەوە لەگەڵ شاری كەركوكدا لەدەستیاندا.

 

لەكۆتاییدا دەمەوێت بڵێم سەد ساڵی تر و لە دوای نەمانی تەواوی ئەم سیاسییانەی كورد بە خۆیان و حزبەكانیان و سەرجەم ئەو هاوڵاتیانەی ئەم هەرێمی كوردستانە و ناوچە كوردستانیەكانی كەركوك و قەزاو ناحیەكانی تر، هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێت باسی دەوڵەتی كوردی و كەركوك بكات، چونكە لە سایەی عەقڵیەتی خێڵەكیی و تاكڕەوانە، بەهێزترین كارتی فشارمان لەدەستداو هیچ هاوڵاتییەك بڕوای بە حزب و سیاسیەكان نەماوە تا جارێكیتر باسی دەوڵەتی كوردی و پاراستن و گەڕانەوەی شاری كەركوكی بۆ بكەن بۆ سەر هەرێمی كوردستان، بەڵكو هاوڵاتیان ئێستا لە بێ ئومێدییەكی گەورەو هیلاكبوویەكی دوای جەنگ دەچن، كە تەنها موچەیەكیان هەبێت پێی بژین و لە جەنگ دووربن هیچی تریان ناوێت.