لەنێوان نەوت ونۆك، حكومەت‌و مێروولەدا

10-12-2017 05:10

 

ئەم حكومەت‌و دەسەڵاتدارانەی هەرێم لەو ساتەوەی شەیدای سوتەمەنی بەگشتی‌و نەوت بەتایبەتی بوون‌و بووشنە عاشقێكی چاوبازو سەرسەختی ئەم شلەمەنییە نازدارەو بەتەواوی وازیان لەوهەموو مەعشوقە دێرینانەی پێشوی خۆیان هێناو بۆساتێكیش نە دڵیان بۆیان لێیداو نە نامەیەكی تیرئاساشیان ئاڕاستەكرد.

 

كە نەوت هاتەكایەو یاری تازە دەركەوت‌و خۆی نمایشكرد، ئیتر كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری و.... هتد بوونە مایەیەكی بێ هەیبەتكراو و لەگۆشەیەكدا هەڵگیران.

 

لە دونیادا نەبوەو ناشبێت وڵاتێك یان هەرێمێك لەپێناو سەرخستن‌و بوژاندنەوەی سەرخان‌و ژێرخانی ئابورییەكەی تەنها پشت بە تاكە سەرچاوەیەكی دیاریكراو ببەستێت‌و بیكاتە بنەمای یەكەم‌و كۆتایی بۆ كۆكردنەوەی داهاتی ئەو وڵاتە یان هەرێمە.

 

ئەگەر حكومەتی هەرێم بچوێنین بەئۆتۆمبێلێك كەلەسەر چوار تایە دەڕوات‌و تایەكانیشی بریتیبن لە سێكتەرەكانی سوتەمەنی، كشتوكاڵ، پیشەسازی، گەشتیاری‌و یەدەگەكەشی گەر هەیبێت سێكتەری بازرگانی بێت، ئەوا ئەو ڕاستیەمان بۆ ڕووندەبێتەوە كە تایەكانی ئۆتۆمبێلەكە پێش بەڕێكەوتنی پەنچەروتەقیون‌و تەنانەت هەندێكیشیان كەوتونەتەسەر ویل‌و توانای ڕۆشتنیشیان نەماوە.

 

كە حاڵیشت گەیشت بەوئاستە دەبێت چاوەڕێی هەموو ئەگەرو ئاستەنگەكان بكەیت بەڕووداو و پێشهاتە جۆراوجۆرە خوازراو و نەخوازراوەكانیشەوە.

 

لێرەوە دەمەوێت بچمە سەر ناونیشانی بابەتەكە كە ڕەنگە لەڕووی ناوەوە زۆر لێك دوربن، بەڵام لەڕووی ناوەڕۆك كە مەبەست لەپلان‌و بەها ئابورییەكەیەتی هاوتەریبن یان نا.

 

حكومەت‌و بەرپرسەكانی هەركە ئاشنابوون بە نەوت ئیتر لەهەموو سێكتەرەكانیتر تۆران، ئەمما تۆرانێك بەتامی دابڕان و جیابونەوەی یەكجارەكی.
ئیتر نازانم گوێیان نەگرت لە ڕاوێژكارو شارەزا ئابورییەكانیان یان ئەوانیشیان بەبۆنی سوتەمەنی و نەوت وڕوكاس كردبوو، كە بەبێ سڵمینەوەو بە دەنگی بەرز پێیان بڵێن، گەلۆ ناكرێت هەموو هێلكەكانتان بخەنە سەبەتەیەكەوە كە ناوی نەوتەوەو ئەوەش حاڵیەتی كە جگەلەوەی ئەم میللەتەی توشی نەهامەتییەكی بێوێنەكرد لەسەردەستی دەوڵەتمەدارەكانی، كەسیش خۆزگا بەحاڵی ناخوازێت‌و حەزیش بەبیستنی ناوەكەشی ناكات.

 

لە بەرهەمهێناندا هێندەی چۆنێتی‌و چەندێتی سەرچاوەی داهاتەكە گرنگە هێندە گرنگ نییە نەوت یان نیسك‌و نۆكە.

 

گەر بێین نەوت‌و نۆك لەڕووی بەهای ئابورییەوە بەراورد بكەین لەئێستای بازاڕەكانی دونیادا ئەوەمان بۆدەردەكەوێت كامیان بە بەهاترو بەنرخترن، بۆنمونە ؛ نرخی یەك تۆن نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا لەنێوان ( 200 ــ 230 ) دۆلاری ئەمەریكیدایە، بەڵام نرخی یەك تۆن نۆكی دەنك گەورە لەنێوان ( 2000 ــ 2300 ) دۆلاردایە، نرخی تۆنی نۆكی دەنك بچوكیش لەنێوان ( 1200 ــ 1300 ) دۆلاردایە كە جیاوازیی نێوانیان هێندەی ئاسمان‌و ڕێسمانە، تەنانەت تۆنێك نیسكیش بایی ( 1000) دۆلارو بەرەو ژوریشە.

 

لەم گۆشە نیگایەوە دەردەكەوێت كە مەرج نییە هەموو كات‌و ساتێك پشت بەستن بەتاكە سەرچاوەیەك بۆ كۆكردنەوەی داهات بمانگەیەنێتە كەناری ئارامی‌و خۆشگوزەرانی.

 

بەعسییەكان بەو شۆڤێنی‌و دڕندەییەی خۆیانەوە كشتوكاڵیان بە نەوتی هەمیشەیی پێناسەدەكرد، كەچی دەسەڵاتدارانی كورد كارێكیانكرد نەك كشتوكاڵیان پوكانەوە بەڵكو نۆك‌و نیسكی خۆماڵیشیان لێكردینە هەنارە شیرینە‌و مەگەر لەبۆنەیەكی تایبەتدا پێی ئاشنابین‌و تامی بكەین، ئاخرپێم ناڵێن چ لۆژیكێكی تێدایەو بەویژدانی كێ ڕەوایە تەنها ( 10 ) ساڵ پێش ئێستا لەم هەرێمی كوردستانەو لەنێو خاكی خۆمان‌و بەدەست‌و بازوی جوتیاری خۆماڵی ساڵانە لانیكەم ( 5000 ) پێنج هەزارتۆن تەنها نیسكیان بەرهەمدەهێنا كەچی لەئێستادا ( 5 )كیلۆش بەرهەممان نیە، ئەمە بۆنۆكیش نزیكە لەڕاستی، لەكاتێكدا لەم وڵاتەی كەناوی عێراقە ساڵانە لانیكەم ( 5000 ) پێنج هەزارتۆن نۆك دەهاڕدرێت‌و تەنها دەكرێتە خواردنێك كەناوی ( فەلافل )ە.

 

بۆیە گەربەراوردێكی حكومەتی هەرێم‌و مێروولە بكەین ئەوا ڕوون‌و ئاشكرایە كە مێروولەكە لەبواری دانانی پلاندا زۆر لەحكومەت پێشكەوتوترو بەپلانترە، چونكە مێروولە لەگەڵ هاتنی وەرزی هاویندا دەستدەكات بەكۆگاكردنی تەدارەك‌و پێداویستیەكانی دوو وەرزی دواتر واتا پایزو زستان، بەڵام حكومەت ڕێك پێچەوانەی ئەو لەوەرزی زستاندا چارەكە موچەی هاوین‌و پایز تەنانەت بەهاری خانەنشینان دابەش دەكات.

 

بۆیە هێندە بەسە بوترێت نەوت‌و سوتەمەنی نەك خۆشبەختی پێ نەبەخشین، بەڵكو بۆ زۆرینەی زۆری خەڵكی بووە بەدبەختی‌و دواتریش نەگبەتی‌و نەهامەتی، بۆیە دەگەڕێینەوە بۆ ناونیشانی نوسینەكەو دەڵێین ئێوە لە پێناوی نەوتدا هەمووشتێكتان بێقیمەتكرد تەنانەت نیسك‌و نۆكی پڕ بەهاو بەقیمەتیش، وەنەشتان توانی لەچارەكە سەدەی فەرمانڕەوایەتیتاندا چاوێك لەمێرووش بكەن لەپلاندانان.

 

* عەبدولرەحمان عەلی ڕەزا، ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵە لە پەرلەمانی كوردستان.