
لەئێستاداو بەتایبەت دوای كاردانەوەكانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەلایەن حكومەتی ناوەند و ڕوداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كەبووە هۆكاری لەدەستدانی زیاتر لەنیوەی خاكو خەڵكی كوردستانو ئاوارەبوونی هەزاران هاوڵاتی ناوچە دابڕێنراوەكانو ماڵوێرانییەكی زۆر بەسەریاندا، هەرێمی كوردستان پێشتر خۆی چەندە گیرۆدەی قەیران ببوو هێندەی تر ڕووبەڕووی قەیرانو تەنگەژەی زیاتربوەوە كە لەئاستیدا دۆشداماوەو توانای دۆزینەوەی هیچ ڕێگەچارەیەكی نەماوە لەسەرجەم بوارەكاندا بەگشتیو بواری داراییو ئابوری بەتایبەتی.
ئەگەر دەسەڵاتدارانی هەرێم دەیانەوێت ڕێگا چارەیەكی خێرا بۆئەم دۆخە بدۆزنەوە تاكو چیتر بەرەوئاقارێكی خراپتر نەڕوات ئەوا پێویستە بەزوویی ئەم چەند هەنگاوە بهاون:
- بەزووییو بێسڵەمینەوە، بێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی كەسیو حزبی هەرچی موچەخۆری بندیوار، وەهمی، نایاساییو ئەوانەی بەپلەی باڵاو نایاسایی خانەنشینكراون بێئەوەی ڕۆژێك ئەو پۆستەیان بینیبێتو بوونەتەبارێكی قورس بەسەر بودجەی ئەم هەرێمەوە، بكرێنە قوربانییو بەزوویی لە لیستی موچەدا تاڵكێش بكرێن كە كارێكی هێندە قورس نییە ئەگەرئیرادە هەبێت، ئەویش لەپێناو دابینكردنو پێدانی موچە بە فەرمانبەرو موچەخۆرانی سەردیوارو ڕاستەقینە لانیكەم لەكاتو ساتی خۆیدا.
ـــ یەكێتیو پارتی كە چارەكە سەدەیەكە حوكمڕانییان بەدەستەو لەسایەیشیەوە چەندین كۆمپانیای زەبەلاحی هەمەچەشنیان بنیادناوەو بەهۆیەوە بوونەتە خاوەنی داهاتو پارەیەكی بێشومار، دەكرێت لەم دۆخەدا چەند چەردەیەك پارە بدەنەوە بەحكومەت تاوەكو لەم ئیفلاسییە ڕزگاری بكەن.
ـــ دەوترێت لەهەرێمدا دەیان ملیاردێرو هەزاران ملیۆنێری دۆلاری تێدا دروستبووە كە بەدڵنیاییەوە زۆرینەیان ئەگەر كەسانی باڵای حزبەكان بەتایبەت یەكێتیو پارتی نەبن ئەوا یان دۆستیانن یان لە هەردوو حزب نزیك یان شەریكن، ئایا ئەم لەشكرە ملیاردێرو ملیۆنێرە چییانكردوە لەم هەرێمەداو ئەو هەموو سەرمایەیەیان لەئێستادا لەكوێ حەشارداوە.
بۆیە دەكرێت لەمكاتەدا بڕێكی باش لەو پارەیەی كە لەلایەن ئەوسەرمایەدارە دەستكردانەوە كۆكراونەتەوە لەدەرەوە بێت یان ناوەوەی هەرێم بیگەڕێننەوە بۆچارەسەری دۆخەكەو خزمەتی هاوڵاتیان كە قوربانیدەری یەكەمو كۆتایی هەرئەوانن.
ـــ دەبێت لەمساتەوە حكومەت بەجدییەتێكی زۆرو پلانێكی هەمەلایەنەوە بڕیاری چاكسازی ڕاستەقینەبدات لەسەرجەم سێكتەرەكان، لەداهاتو خەرجیشدا زۆر ڕوونو شەفاف بێتو هیچ گومانێك بۆ كەس نەهێڵێتەوە لەو ڕووەوە، دەزگاو دامەزراوەكانیش ڕابسپێردرێن بۆ بەدواداچونو لێكۆڵینەوەو دەسەڵاتی تەواویشیان پێبدرێت، چونكە هۆكارێكی سەرەكی قوڵبونەوەی قەیرانەكان سیخناخبوونی دامەزراوەكانی هەرێم بوو بەگەندەڵی جۆراوجۆر.
ـــ دەكرێت سەركردایەتی سیاسی كورد بیر لەدروستكردنی فشارێكی بەهێزبكاتەوە لەبەرامبەر حكومەتی ناوەند تاوەكو وڵاتانی زلهێزو یۆنامیو ئەوانەی دیكەش بێنە سەرهێڵو ببنە ناوبژیوان، ئەویش هەڕەشەی كشانەوەیە لەپڕۆسەی سیاسی لەعێراقدا لە سەرۆك كۆمارەوە تا دواپۆست لە حكومەتی ناوەند كە ئەوەش دەنگدانەوەیەكی گەورە دروستدەكات لەئاستی وڵاتانی دونیادا كە كورد وەك پێكهاتەیەكی سەرەكی لەنێو پڕۆسەی سیاسیدا بڕیاری كشانەوە دەدات، ئەگەرنا عێراق بەو ئاسانییە نایەتە پێشەوە بۆدانوستان لەگەڵ هەرێم، لەم نێوەندەشدا خەڵكی بەشمەینەتی كوردستان باجی هەڵەی سیاسییەكانی هەرێم دەدەن نەك سیاسییە كورتبینەكانی هەرێم خۆیان بیدەن، وەناكرێت حكومەتی ناوەندیش لەپێناو و لە بەرامبەر تۆڵەكردنەوە لە چەند حزبێكو بەرپرسەكانیان سزایەكی گەورەو ناڕەوای كۆی خەڵكی كوردستان بداتو ئەوان ببنە خۆراكی ململانێكانیان.
* عەبدولرەحمان عەلی ڕەزا، ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵە لە پەرلەمانی كوردستان.