لە 12-10-2015 بە بڕیاری مەسعود بارزانیو مەكتەبی سیاسی پارتی، وەزیرەكانی گۆڕان لە حكومەتی هەرێم دەركران. ئەم هەنگاوە، بۆ ئەوەی ڕەسمیەت وەربگرێت، دەبوایە لە پەرلەمانی كوردستانەوە، دەستلەكاركێشانەوەی ئیجبارییان بخرێتە دەنگدانەوە، دیارە بەهۆی پەككەوتنی پەرلەمان وەیا هەر هۆیەكی تر بێت ئەو كارە نەكرا.
لەو كاتەوە تا ئێستا، گۆڕان لە نێوان دوو تێڕوانیندا وەستاوە، بەشێك پێی وابو دەبێ هەر یەكسەر دوای ئەو هەنگاوەی پارتی، لە كابینەكە بكشێتەوەو وەك ئۆپۆزسیۆن كار بكات، بەشێكی تریشی پێی وابو باشترین وەڵام نەكشانەوەیە، بۆئەوەی پیلانی دورخستنەوەی گۆڕان لە پڕۆسەی سیاسی سەرنەگرێت. مەعلومە تا ئەم ساتەوەختە تێڕوانینی دوەم هەرچەندە كەمینەش بوە سەركەوتوو بوە(لە زۆرینەی كۆبونەوەكاندا تێڕوانینی یەكەم زاڵ بوە.)
ئێستا دوای دوو ساڵ لەو ڕوداوە، گوایە نیازی كشانەوە لە حكومەت هەیەو گۆڕان ئەبێتەوە بە ئۆپۆزسیۆن. جارێ سەرەتا ئەبێ ئەوە ڕونبكەمەوە كە بەشداری نەبون لە كابینەیەكدا ئۆتۆماتیكی ناكاتە ئۆپۆزسیۆن بون. دەشێ لایەنێك لە حكومەت بەشدار نەبێتو ئۆپۆزسیۆنیش نەبێت. ئۆپۆزسیۆن بون پڕۆسەیەكی جدی و بە پلانە بۆ ڕوخاندنی كابینەكەو جێگرتنەوەی.
من ئەو هەنگاوەی گۆڕان، واتە ڕاگەیاندنی كشانەوە لە كابینەكە، بە هەنگاوێكی دروست نازانم. دەبێ بڵێین گۆڕان لە بناغەدا هەر لە 12-10-2015وە بەشێك نەبووە لەم دەسەڵاتەو بەزۆر دەستی پێكێشراوەتەوەو تەحەمولی هیچ كارنامەو هەنگاوە سیاسی و ئیدارییەكانی كابینەكە ناكات و بەشەرعیشیان نازانێت. مەفروزوایە گۆڕان بڵێت ئێمە هەر لەو مێژوەوە بەشێك نین لەو حكومەتە، بەڵام دەمانویست دەرفەتێك بدەین بە كابینەكە بۆ چاكسازی و پێداچونەوە بە هەنگاوەكانی، بەڵام لە ئێستاوە ئێمە ئیتر ئەچینە قۆناغی ئۆپۆزسیۆنێكی ڕاستەقینەی جدیەوە لەپێناو ڕوخاندنی ئەم كابینەیە. ئەوەش ئەركی ڕاستەقینەی هەر هێزێكی ئۆپۆزسیۆنە.
ئەگەر گۆڕان مێژوی كشانەوەی لەهەفتەی داهاتووەوەە دیاری بكات، واتە لەو كاتەوەی كە خۆی ئەو بڕیارەی داوە، كەواتە لە ڕوی ئسوڵییەوە دەبێت خۆی بەشەریكی كارنامەی ئەم دوو ساڵەی حكومەت بزانێت.
ئەوەی كە پێویستە گۆڕان كاری لەسەر بكات و بڕیاری لەسەر بدات ئەوەیە كە ئیتر لەم ساتەوەختەوە، بە دروشمە فێڵاویەكان ناخەڵەتێتو هەنگاوی ڕاستەقینە ئەنێت بۆ گۆڕانكاری ڕیشەیی لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا.
لە ئێستادا گرنگ بڕیاری كشانەوە نیە، بەڵكو بڕیاری بون بە ئۆپۆزسیۆنێكی ئازاو چالاك و خاوەن دیدگاو دابڕان لەم سیستمو كابینەو مەنزومە حوكمڕانیەیە. تەنها ئەوەش بەلای خەڵكەوە گرنگە.
بەڵام لە سایەی بونی هێزێكی موحافیزەكار لە ڕابەرایەتی گۆڕاندا، كە هێشتا لە نێو بازنەی كوردایەتی تەقلیدیدا ئەخولێتەوە، چەند ئەم كارە ئەكرێت، ئەوا بەم زوانە بۆمان ڕون ئەبێتەوە.