هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ گەیشتۆتە دۆخێكی تاریكەوە بەهۆی سیاسەتی سیاسییە فاشیلەكانی دەسەڵات، خەڵكی هەرێم ماوەی بیستو شەش ساڵە باجی هەڵەكانی سیاسییەكان دەدەن، ئەمڕۆ بەهەمو پێوەرێك سیاسییە پیرەكان كۆتاییان هاتوە، بەڵام واز ناهێننو بەردەوامن لەبەرئەوەی كۆمەڵگایەكی ئازا و حزبێك و هێزێكی ئازا بوونی نیە، هەرێمی كوردستان وەك تابلۆیەكی تاریكەو هەندێ ڕوناكی تێدایە، بەڵام زۆر لاوازن و لەناو تاریكاییەكەدا بزر بوون، تابلۆ تاریكەكە پێمان دەڵێت تا ئێستا هیچ ڕوناكییەك نەیتوانیوە چواردەوری خۆی ڕوناك بكاتەوە، ئەم تابلۆ تاریكە نائومێدی دەبەخشێتو پێمان دەڵێت هەموان لاوازن لە ئاستی تاریكاییەكەی دەسەڵات.
بەردەوام باسی بوونی خۆپیشاندانو ڕاپەڕین دەكرێت دژی ئەم دەسەڵاتدارانەی كە چارەكە سەدەیەكە حوكمێكی مافیاییانەیان كردوە، ئەو هێزانەی بانگەشەی دژایەتی دەسەڵاتیان دەكرد لە تیۆردا وەستاون، نەیانتوانیوە خۆپیشاندانێكی سەرتاسەری بكەن دژی سیستم، خەونی ڕاپەڕینو خۆپیشاندان بەم ستایلە مردووە خزمەتی سیستمە سیاسییەكەی كردوە، زیاتر وەك شاگردێكی خراپی دەسەڵات خۆیان نمایشكردوە، چونكە نەیانتوانیوە شەپۆلی گەورە دروستبكەن دژی سیستم، بەڵكو بەردەوام سواری شەپۆلی ناڕەزاییەكان بوونو خۆیان كردۆتە شێری سەر شەقام، بەڵام لەواقیعدا جگە لە شێرە بەفرینەیەك زیاتر نەبوون، چونكە سیستم هەركاتێك كێكی دەسەڵاتی نیشاندابن وەك بەفر تواونەتەوەو شەقامیان چۆڵكردوە و خەڵكیان جێهێشتوە، بەردەوام هەردوو وشەی خۆپیشاندان و ڕاپەڕین دوو درۆی گەورەبون بۆ خەڵەتاندنی خەڵك و فڕێدراونەتەسەر شەقام، دروستكردنی دوو ئومێدی درۆزنانە بوون، هەركات خەڵك بۆئەم دوو مەبەستە جوڵابن ئەوا هێزێك یان چەند هێزێك بونەتە دەمڕاستو جڵەوی خۆپیشاندان و جوڵە مەدەنییەكانیان گرتۆتەدەست و دواتر لەسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵات كۆتاییان بەمجۆرە جوڵانە هێناوەو تەسلیمی دەسەڵات بوون لە پێناو چەند وەزارەت و پۆستێكدا، ئەمانە شاگردە خراپەكانی سیستمن كە بەردەوام ڕێگری خۆپیشاندان و ڕاپەڕین بوون، بەردەوام بەدرۆ و بەڵێنەكانیان شەقامیان گەرمكردوەو دواتریش بەپەلە ڕیزی ئۆپۆزسیۆنی سیاسییان جێهێشتووەو چەند وەزارەتو بەڕێوبەرایەتییەكیان وەرگرتووە.
بانگەشەی خۆپیشاندانی گشتی لە هەرێم لای ئەم حزبانە بەتاڵە، چونكە تا ئەمڕۆش هیچ هێزێك نەیتوانیوە خۆپیشاندانێكی گشتیو سەرتاسەری ئەنجامبدات لە هەرێم دژی سیستمی سیاسی، كەی هێزێك توانی خۆپیشاندانێكی گشتی بكات دژی دەسەڵات ئەوكات دەتوانێت بانگەشەی ڕاپەڕین بكات، گەر خۆپیشاندانی گشتی كرابا بێگومان ئەنجامی دەبو و دەیتوانی چەندین جار دەسەڵات بچەمێنێتەوە بۆ خواستی خەڵك، چونكە هەمو دەسەڵاتێكی سیاسی لە خۆپیشاندانی گشتی دەترسێت بە دیكتاتۆرەكانیشەوە، ئەم جۆرە گوتارە لە كەمتواناییو بێ جورئەتی ئەو هێزانەیە كە تائێستا نەیانتوانیوە خۆ پیشاندانێكی گشتی ئەنجام بدەنو بۆ ئێستاش ناتوانن، بۆ خەڵەتاندنی شەقام باسی ڕاپەڕین و شۆڕش دەكەن، تا ئەمڕۆش خۆپیشاندانی گشتی ئەزمونێكی تاقینەكراوەیە، چەكێكی بەكارنەهاتوە چونكە نەیانتوانیوە ئەم چەكە بەكاربێنن، كەی چەكی خۆپیشاندانی گشتی بەكارهات و ئەنجامی نەبوو ئەوكات دەتوانرێت بیر لە ڕاپەڕین بكرێتەوە بۆ هەڵتەكاندنی ستەمكارەكانی دەسەڵات.
بەهەموو ماناكان ئەم دەسەڵاتە خراپە شایەنی گشت ئەگەرەكانە، دەسەڵاتێك چارەكە سەدەیەكە لەوپەڕی فاشیلیدایەو وەستاوە، پێویستە بەهەر شێوەیەك بێت ئەم جۆرە دەسەڵاتە تێپەڕێنرێت، لەم دۆخە خراپەدا هەمو هێزەكان لە ئاستی چەمانەوەدان بۆ دەسەڵات، تابلۆ تاریكەكە خەریكە هەموان بزردەكات، شێرە بەفرینەكانی دژە دەسەڵاتیش بەتەواوی تواونەتەوە، پێویستە هێز و جوڵەیەك دروستبكرێت ئەم ستایلەی دەسەڵات بگۆڕێت، چونكە ئەم دەسەڵاتە پێویستە بەتوندی دژایەتی بكرێت، وەستانی هێزەكان بەدیار برسیبوونی خەڵك و تاڵانی و ستەمكاری دەسەڵات شەرعیەتدانە بەم ستایلەی دەسەڵات.