دۆخی ئەمڕۆی كوردستان پێویستی بە كرداری هێزەكانی دەرەوەی دەسەڵاتە، دروشمەكەی ساڵانی ڕابردووی بەرهەم ساڵح شەرتە بۆ ئەمڕۆ كە یارو نەیاری لە بەرامبەری بەكاریان دەهێنا، بۆكاری باش بە شانازییەوەو بۆكاری خراپیش وەك توانج تێگرتن دەیانوتەوە.
ئێستا ئێوە كە سێ هێزی ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵاتنو وەك بەدیل خۆتان دەناسێنن، هیچ پاساوێك نییە بۆ نەبوونی كردارتان، دەبێت لەم دۆخەدا جیاوازبوونی خۆتان پیشانبدەن، چیدی قسەو دروشمی قەڵەو و بەیاننامە لای ڕایگشتی جێناگرێت، ئێوە نەك ئەوە ناكەن، بەڵكو ڕەفتارتان بەجۆرێكە پیشاندانی هەمان عەڵییەتی دەسەڵاتدارانە كە خەڵك لەدژیان هاتووەتەسەر شەقام.
ئێوە هیچ لە ئاستی ئەو دۆخەدا نین، وەك پێویست بەرگریكار نین لە مافو ئازادییەكان، پشتی زوڵملێكراوان ناگرن، بەتایبەت لە دۆسیەی شەهیدو برینداركردنی خۆپیشاندەرانو ڕەشبگیری هێزە حزبییەكانو دەستگیركردنی دەیان گەنجی خوێن گەرم، هەروەها لە داخستنی ئێن ئاڕتیو دەستگیركردنی شاسوار عەبدولواحیدو هاوڕێكانی.
ئەو پاساوەی خۆتان بۆ بێهەڵوێستیتان دەیهێننەوە، سەلمێنەری هاو عەقڵییو هاو ئاوازیتانە لەگەڵ دەسەڵاتی ئێستا، بەڵام بە دوو فۆڕمی جیاواز، ئێوەی ئۆپۆزسیۆنو ئەوانی دەسەڵاتدار.
دەسەڵات شاسوارو هاوڕێكانی دەستگیردەكاتو میدیاكەیان دادەخات، لەبەرئەوەی بە مەترسی لەسەرخۆی دەیانبینێت، بۆ خۆپیشاندانو بۆكاتی هەڵبژاردنیش، ئێوەش بێدەنگن لە ڕەفتارەكانی دەسەڵات كە سوور دەزانن نایاساییەو پێشێلكاریی مافو ئازادییەكانە، لەبەرئەوەی هەمان ترسی دەسەڵاتتان هەیەو پێتانوایە شاسوارو میدیاكەی مەترسین لەسەر دەنگەكانی ئێوە لە هەڵبژاردندا، هەڵوێستتان نییە لەبەرئەوەی وەك خۆتان دەڵێن: بۆئەوەی گەورەیان نەكەن!.
ئەو جۆرە بیركردنەوەیەتان هەمانشێوەی دەسەڵاتی ئێستایە، لە ستراتیژدا جیاوازیتان نییەو تەنها تاكتیكتان جیاوازە ئەوەش بایی ئەوەندەیە كە ئێوە ئۆپۆزسیۆنو ئەوان دەسەڵاتن، لە كاتێكدا خۆتان وەك داكۆكیكارو پارێزەری مافو ئازادییەكان دەناسێنن، پێتانوایە تەنها ئێوەو ئەوانەی لەگەڵتان كاردەكەن مافو ئازادییان هەیەو ئەوانی دەرەوەی ئێوە بەجەهەننەم چییان بەسەردێت، ئەمە هەمان عەقڵییەتی دەسەڵاتە.
شەرتەكەی هەڤاڵ ئەبوبەكر
ئەم كاك هەڤاڵە لە قسەكردنو وشەو ڕستەسازیو دەربڕیندا وێنەی كەمە، بیرمە لە بەرامبەر دروشمی كردارشەرتە، هەڤاڵ ئەبوبەكر كە ئەوكات شارەو شار بۆ كۆكردنەوەی دەنگی خەڵك دەگەڕا، وەك زەمكردنێك بەسەر بەرهەم ساڵحدا دەیوت: نەك هەر كردار شەرتە، ئێمە شەرت بۆ كردار دادەنێین.
دوای كۆكردنەوەی 250 هەزار دەنگ بەو زمانو دروشمانەی، ئێستا ئەو پارێزگاری سلێمانیو سەرۆكی لیژنەی ئەمنییە لە پشكی گۆڕان كە سەروبنی زمانیان جیاوازبوونە لە دەسەڵاتو دادپەروەرییو پاراستنی مافو ئازادییەكانە.
قسەكردن لەسەر گۆڕان گرنگترە لە یەكێتی لەم كاتەدا، ئەوەش بەهۆی جیاوازی نێوان ئەو دوو حزبەو زیاتریش بەهۆی ئەوەی گۆڕان بە ڕێژەی دەنگ لەم پارێزگایە لەپێش یەكێتییەوەو لە ئەنجومەنی پارێزگا زۆرینەیەو پارێزگار پشكی ئەوە.
دەبێت گۆڕان ئەم پرسیارە جەوهەرییە لەخۆی بكاتو وەڵامی واقعیو ڕاستگۆیانەی هەبێت، گۆڕان بۆ گرنگەو بۆچی خەڵك دەنگی پێبدات؟ ئەگەر وەڵامەكەیان ڕیزكردنی دەیان دروشمە كە گوایە ئەگەر زۆرینەی خەڵكیان لەگەڵ بێت جێبەجێیان دەكەنو ژیان باشترو خۆشتر دەكەن، ئەوە لە واقیعدا ئەمانە هیچی وادەرنەچوون.
ئێستا هەڤاڵ ئەبوبەكر لە كوێی ئەو ڕەشبگیرییەدایە كە لە پارێزگای سلێمانی دەكرێت؟ هەڵوێستی لەسەر داخستنو هەڵكوتانەسەر ئێن ئاڕتی تەنها ئەوەیە كە دەڵێت، لەسەر داواكاریی من نەبووە! پارێزگاری سلێمانی لەكوێی لیژنەی باڵای هێزەكانە كە سەركردایەتی یەكێتی، بڕیاری پێكهێنانیداوە لە هێزی پێشمەرگە، ئاسایش، زانیاری، دژەتیرۆر، پۆلیسو دەزگاكانی تر، هەڵوێستی سەرۆكی لیژنەی ئەمنیی سلێمانی كە هەڤاڵ ئەبوبەكرە لەسەر ئەم لیژنەیە چییە؟.
هەڤاڵ ئەبوبەكر دوای چاوەڕوانییو بێنەوبەردەیەكی زۆر بوو بە پارێزگار، بەڵام بۆ گرنگە گۆڕان دەسەڵاتدارو پارێزگارو سەرۆكی لیژنەی ئەمنیی بێتو حزبەكانی دیكە نەبن؟ خەڵك وەڵامی ئەم پرسیارەی بە قسە ناوێت، كردار شەرتە، ئەو كردارەی هەڤاڵ ئەبوبەكر شەرتی بۆ دادەنا.
پێشتریش ئەم پرسیارەم كردووە، لە دۆخی پێشێلكردنی مافو ئازادییەكانو ڕفاندنو ترسو تۆقاندن لە سلێمانی، خەڵك ڕووبكاتە كێ؟ ئەو حزبەی زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە یاخود ئەو حزبەی دیكە كە لە واقیعدا دەسەڵاتی بەدەستەوەیە؟ ئەگەر وەڵامەكە ئەوەیە ڕووبكەنە حزبی دووەم، ئەی بوونی یەكەم بۆ گرنگە؟ گۆڕان چۆن لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا داوای دەنگی خەڵك دەكات، زۆر بەسادەیی، دەنگی خەڵكو زۆرینەی بۆ چییە؟.