كێ‌ دەستی لە پشتە، خەڵك یان ئێوە!

22-12-2017 08:59

 

كەم ئەرزشترین دەربڕین ئەوەیە ناڕەزایەتی خەڵك تۆمەتبار بكەیت بە ئاژاوەگێڕی‌و دەست لەپشتبوون، زۆرن ئەو دەستەواژە بێنرخانەی هەمیشە دەسەڵاتی خۆسەپێن، دەیداتە پاڵ شەقام‌و خەڵكی ناڕازی. بەردەوام ئەو دەربڕینە ناشرینەی زۆرترین لەو حزبە دەسەڵاتدارانەی هەرێمی دەبیستین، ئەو دەستەواژە بێ‌ ئەرزشەیە، كە بەردەوام تۆمەتێكی ئامادەكراوەو دەڵێن"دەستی لەپشتە"، لەسەردەمانی ڕاپەرینی گەورە، ئێوە كە تازە لە سنوری ئێرانەوە پەڕیبوونەوەو هاتبونە ناوشارەكانەوە، هەڵسوڕاوی شوراكانتان تۆمەتبار كرد‌و لەبەرئەوەی كە لەخۆتان نەدەچوون تۆمەتی ئەوەتان دایە پاڵیان كە ئەوان تابوری پێنج‌و دەستلەپشتن.

 

ئێوە لەشاخ و شار، نیوەی تەمەنی سیاسیتان بەشەڕی یەكترییەوە خەرج كرد، نیوەی توانای میدیاییتان بەتۆمەتباركردنی یەكترەوە بەڕێكرد، ئێمە نەمانوت، ئێوە دەستتان لەپشتە، سەرێكتان لەشام‌و قاچتان لە تاران بوو، نەمانوت دەستتان لەپشتە، هەتا دەسەڵاتی سەددام لەناونەچوو پەیوەندی ئاشكراو نهێنیتان بەردەوام بوو، نەمانوت دەستتان لەپشتە، بۆچەندینجار بەرەی شەڕتان لەدژی ڕۆژئاواو ڕۆژهەڵات‌و باكور بەپاساوی بێبنەما گەرم بوو، كەچی نەمانوت دەستتان لەپشتە، هێزی سەددام‌و بەعس‌و تاران‌و ئەنكەرەتان هێنایەسەر یەكتری، هەر نەمانوت ئێوە دەستتان لەپشتە، ژێرخانی وڵاتتان تاڵانفرۆشت كرد، ڕێككەوتنی پەنجا ساڵەی نەوت‌و گازتان ژێربەژێر لەپشتی پەرلەمانەوە ئیمزا كرد، ئێمە پڕكێشیمان نەكردو نەمانوت، دەستتان لەپشتە، لەشەو و ڕۆژێكدا نیوەی خاكی كوردستانتان دابەدەستی حەشدی شەعبییەوە، یەكترتان تۆمەتباری خیانەت‌و شكست كرد، ئێمە نەمانوت ئێوە دەستتان لەپشتە، میدیای جیهانی تۆمەتباریان كردن بە بازرگانی چەكی پێشمەرگەو پێتانوترا بازرگانیتان لەگەڵ داعش هەیە، ئێمە زمان لە دەمماندا نەگەڕاو نەمانوت ئێوە دەستتان لە پشتە، ئێوە بەئاشكرا ئەو نیوە خاكەی لەبندەستتاندایە پڕتانكردووە لە سوپای توركیاو گروپی نهێنی‌و ئاشكرای ئێران، هەر نەمانوت، دەستتان لە پشتە، ئێستا ئێوە بە بەهانەی دەست لەپشت بوونی ناڕەزایەتییەكان، دەتانەوێت شەرعیەت بدەن بەوەی لولەی چەكەكانتان بكەنە ئەو خەڵكەی بەهۆی برسێتی‌و بێئومێدی بەسیاسەتی ئێوە هاتونەتەسەر شەقام، ئێوە ڕاست ئەكەن ئەو خەڵكەی ناڕازییە دەستی لە پشتە، بەڵام دەستی پشتی ئێوە پاوانخوازی‌و خۆسەپێنی‌و ڕازیكردنی حەزەكانتانەو دەستی پشتی خەڵكیش تەنها مافەكانیانە بۆ ژیانێكی شایستە تر.