بارزانی ستراتیجی نەتەوەیی بە قوربانی تاكتیكی مەزهەبی كرد

30-12-2017 03:49

 

ڕاكێشانی كورد بۆ ناو ململانێ و ئەجندای تایفی‌و مەزهەبی، جگەلەوەی كێشەی كورد وەك كێشەیەكی نەتەوەیی‌و جوگرافی‌و شارستانی‌و مێژوویی، ئەرگۆمێنتی ڕەوایەتیبوونی خۆی لەدەستدەدات، بەڵكو دەكەوێتە سەنگەرو بەرەی دژ بەدیموكراتی‌و پێكەوە ژیان‌و ئازادی ڕادەبڕین‌و ئازادی بیروباوەڕ و مافی مرۆڤ.

 

لەوێوە لەپاڵ ڕاسیزمی نەتەوەیی، فاشیزمی مەزهەبیشی دێتەسەر، لێرەوە لەجیاتی ئەوەی كورد ببێتە فاكتەری ئارامی، دەبێتە هۆكاری شەڕو شۆڕو ماڵوێرانی‌و نائارامی‌و پشێوی‌و بێهێزكردنی بەرەی دیموكراتی لەكوردستان‌و ناوچەكە، هەر ئاوڕدانەوەیەك لەڕاسیستی نەتەوەیی‌و فاشیزمی مەزهەبی‌و تایفی، سەرەتای لەدەستدانی هاوكاری‌و پشتیوانی دونیای دیموكراتی ئەمریكاو ئەوروپا بەدوای خۆی دێنێ، بانگەشەكانی ڕیفراندۆم، شایەتی سەلماندنی ئەو ڕاستییەن كاتێك كورد بانگەشەی سەربەخۆبوونی لەسەر ئەو دوو تەوەرە بنیات نابوو.

 

كورد لەمێژووی كۆن‌و نوێدا هەرگیز لە بابەتی مەزهەبی نەگلاوە، كورد كێشەیەكی نییە بەناوی كێشەی مەزهەب، ئەوە وایكردوە دونیای دەرەوە بەردەوام چاوی لەسەر كوردبێت‌و ڕۆژئاوا وەك دۆست مامەڵەی لەگەڵدا بكات، جیاواز لە سوننەو شیعە سەیری كردووە.

 

بەشێكی زۆری ئەو پشت تێكردنەی ئەمریكا و ئەوروپا لە بارزانی، هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆئەوەی بارزانی هەوڵیدا ئەم هەرێمە بۆ بەرەو ئەجێندای سوننە مەزهەب یەكلایی بكاتەوەو بەئاشكرا لایەنگرانی پارتی‌و بارزانی بانگەوازی تێكشكاندنی هیلالی شیعییان دەكرد، بارزانی ستراتجیەتی نەتەوەیی ، بەقوربانی تەكتیكی مەزهەب كرد!.

 

بۆیە لە دەروازەی خۆێندنەوەمان بۆ سیاسەتی زلهێزەكان‌و بۆ بەردەوامبوونی سەرچاوەكانی ووزە، هەروەها بەخستنەڕووی ئەو ڕاستییانە دەتوانین بڵێین، چارەنووسی ئیدارەدانی شاری كەركوك، بەندە بە خۆدوورگرتن‌و خۆیەكلایی نەكردنەوەی كورد لەسەر مەزهەبێك‌و تایفەیەك ، چونكە هەر دوو نەتەوەی عەرەب‌و توركمان، لەپاڵ ڕاسیزمی نەتەوەیی، بەفاشیزمی مەزهەبی‌و تایفی، مافی مرۆڤەكانی كەركوك پێشێل دەكەن! بۆیە كورد گەورەترین چانسی هەیە لە ئایندەدا ئیدارەدانی كەركوكی تەسلیم بكرێتەوە، بەڵام هەرگیز ناهێڵدرێت‌و ڕێگە نادرێت بەهەمان میتۆدو شێوازی كاری جارانی پارتی‌و یەكێتی كورد كاریگەری بەسەر ئەو هەرێمدا هەبێت.

 

لەدواجاردا، هەرهێزێك بەمیتۆدی بارزانی‌و بەدواكەوتووانی كاربكات، بەهەمان دەردی بارزانی دەچێت‌و كێشەی كوردیش ڕەوایەتی خۆی لەناو ململانێی تایفی لەدەستدەداو دەتوێتەوە.