
چەند ڕۆژێكە باسی چاكسازیكردنو ئامادەكردنی پڕۆژە لەلایەن حكومەتەوە بۆ ئەومەبەستە بووەتە بابەتی گەرمی ڕۆژو نێو دەزگاكانی ڕاگەیاندن بەبینراو، بیستراو و خوێنراوەوە. پێموانیە هیچ كەسێك جگە لەگەندەڵخوازانو ئەوانەی تابینەقاقایان نقومی گەندەڵی بوون، دژی پڕۆسەی چاكسازی بن، بەڵام چاكسازییەك هەموو سێكتەرەكان بگرێتەوە نەك هەرناو و چەمكەكەش بكەنە گاڵتەجاڕی مەملەكەتو مرۆڤ بێز لەناوهێنانیشی بكاتەوە.
چەندساڵێكە حكومەت چەندین بڕیار ڕیزدەكاتو زوو زوو دەشڵێن دەستمانكرد بەپڕۆسەی چاكسازی كەچی لەسەرزەمینی واقیعدا وادەرنەچوون، باشترین نمونەش ئەنجامدانی پڕۆسەی بایۆمەتری بوو لەساڵی 2016دا كە دواتر دەركەوت لەگەڵ ئەوەی نزیكەی 146 هەزارو 628 ناوی موچەخۆری وەهمیو بندیوارو دووموچە لەنێو لیستی موچەخۆراندا ئاشكرابونو كەمیانكرد، كەچی ئەوپارەیەی كە مانگانە بۆموچەی فەرمانبەران خەرجدەكرا 24 ملیارو 500 ملیۆن دینار زیادیكرد، ڕێك ئەو پەندە كوردییەم بیرهاتەوە كەدەڵێت (چاكی مەكەن باخراپ نەبێت) ئەمە ڕێك لەمەتەڵێكی بێوەڵام دەچێت، چونكە هیچ بیردۆزێك نییە لەجیهاندا جگەلەم هەرێمە ئەوە بسەلمێنێت كە ژمارەی موچەخۆران لە (یەك ملیۆنو 395 هەزارو 109) كەسەوە كەمببێتەوەو ببێتە (یەك ملیۆنو 249 هەزارو 481) كەس كەچی بڕی موچەی پێوستی مانگانە بۆ موچەی فەرمانبەرانو موچەخۆران لە 873 ملیارەوە بەرزببێتەوە بۆ 897 ملیارو 500 ملیۆن دینار.
ئەم حكومەتە ئەگەر نیەتو ویستێكی ڕاستەقینەی هەبێت بۆچاكسازی ئەوا زۆر ئاسانەو تەنها ئەوكارە نایاساییانەی كەلەچارەكە سەدەی فەرمانڕەواییاندا كردویانە لەبەر ڕازیكردنی دڵی كەس، گروپ، حزبو.. ، هەڵبوەشێننەوە ئەوا گەورەترین چاكسازییە ئەگەر بیكەن كە بەهۆیەوە پارەیەكی خەیاڵی دەگەڕێتەوە بۆخەزێنەكانی حكومەت.
من تێناگەم 25 ساڵە مانگانە پارە لە موچەی فەرمانبەران دەبڕێت بەناوی خانەنشینی كەچی تازە بەتازە بەرپرسەكانی ئەم حكومەتە دەڵێن لە سەرەتای ساڵی 2018وە سندوقی خانەنشینی دادەنێینو دەستكاری پارەكەی ناوی ناكەین.
ئاخر پێمان ناڵێیت بۆچیو لەپای چی سەدان كەستان بەپلەی جیاوازی هاوشێوەی وەزیر، وەكیل وەزیر، بەڕێوەبەری گشتی، ڕاوێژكارو پلەی جیاوازجیاوازی سەربازی خانەنشینكردوە بێئەوەی بۆلەحزەیەكیش بەدیداری ئەوپۆستانە شادبوبێتنو وێنەیەكی یادگاریشیان بۆئەرشیفی خۆیان تەنانەت لەوشوێنانەشدا گرتبێت.
لەم هەرێمەدا هێندە پاسەوانی كەسییو بارەگای حزبیو حكومیی بەیاسا ڕێكنەخراوی تێدایە كەژمارەیان لە 55 بۆ 60 هەزاركەسی تێپەڕاندوە، كە ڕەنگە بەڕێوەبەرانی كتێبی گینس بۆ ژمارە پێوانەییەكان پێبزانن هەر زوو لای خۆیان بەڕەنگێكی سوری تۆخ تۆماری بكەن، ئەی باشە پێمناڵێیت كە جگەلە دەرماڵە جێگیرەكان چ پێویست بوو زیاتر لە 25 جۆریتر دەرماڵە ببەخشیت كە مانگانە بودجەكەی زیاترە لە 300 ملیار دینار كە هەندێكیان وەك كاڵا بە باڵا دوراون.
ئەوەشمان پێبڵێن كە بەپێی یاسای ڕاژەی موچەی فەرمانبەران ژمارە 22ی ساڵی 2008ی عێراقی بەدەق پێت دەڵێت، نابێت دەرماڵەی هیچ موچەخۆرێك لە 200% زیادبێت بۆچی دەرماڵەی وەزارەتێكت 200%ەو هی دامەزراوەیەكی ترت لە 300%ەو فەرمانگەیەكی زەبەلاحیشت 350%یە.
دەتوانن هەر بەو كلیكەو لەهەمان كۆمپیوتەردا دەیان هەزار كەس كە بێگوێدانە هیچ پێوەرو پێودانگێكو نەبوونی هیچ مەرجێكی یاسایی داتان مەزراندوەو بەشێوەیەكی تیرئاساش خانەنشینتانكردوە كە هیچ دۆسیەیەكیشیان نییە مەگەر حیلەیەكتان بۆ دۆزیبێتەوە، بیسڕنەوە ئەوسا دەتوانین بڵێین ئێوە دەتانەوێت چاكسازی بكەن.
ئەگەر وانەكەن ئەوا نەپلانتان بۆی هەیە، نەویستو ئارەزووشتانە، وەلێشتان تێكنەچێت چۆن كەسانی پاكو بێگەرد بەدەنگێكی بەرزو دلێرو بێسڵەمینەوە دژی گەندەڵی دەجەنگن، ئەوا چاكسازیكردنیش پێویستی بەسوارچاكی بوێرو ئازاو كەسانی چاكساز هەیەو هەر بەوانیش دەكرێت.
چونكە چاكسازیكردن بریتی نییە لە قسەی بریقەداری كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیو لەبەركردنی قاتی ئوتوكراو و گرانبەها لەگەڵ بەستنی ڕیباتی ماركە بەناوبانگەكان.
* عەبدولرەحمان عەلی ڕەزا، ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵە لە پەرلەمانی كوردستان.