كۆتایی غروری سیاسی

10-01-2018 07:39

 

لە دونیای سیاسەتدا سیاسی جۆراوجۆر دەبینین، هەندێكیان لە دوای مردنیش فیكرەو جوڵە سیاسیەكانیان هەر كاریگەرن، هەندێك لە سیاسیەكان هەر بە زیندویی فیكرەو هەڵسوكەوتیان دەمرێت، سیاسەت پێویستی بە تیۆرو عەقڵی باش هەیە كە دوربێت لە سۆزو فوتێكردنی خودئەڤینی، ئیگۆی سیاسی كاتێك وێنەكەی خۆی لەناو دەریای سیاسەتدا دەبینێت‌و عاشقی خۆدی دەبێت‌و خۆی دەخاتە ناو دەریاكەو دەخنكێت لە خودپەرستیەكەیدا، لە دونیادا سیاسی گەورە هەبون كە دەستكەوتو ئەكتی مەزنیان كردووە بۆ وڵاتەكەیان، جۆرج واشنتن‌و ماندیلاو گیڤاراو گاندی‌و... هیدیكەش، ئەمانە تا ئەمڕۆش نەمردون‌و لە دڵی گەلەكەیاندا دەژین، كاتێك سەركردەیەكی گەورە غروری سیاسی نابێت دەچێتە دڵی خەڵكەوە، هیچ شتێك هێندەی غرور سیاسییەكان گەمژەناكات، كاتێك سیاسیەك توشی غروری سیاسی دەبێت دەبێتە تاكێكی فوتێكراو، ئیگۆی سیاسی وانیشان دەدات گەورەترین مرۆڤ‌و عاقڵترین مرۆڤی گەلەكەیەتی، باوەڕی وایە دەوڵەت خۆیەتی‌و خۆشی دەوڵەتە، بەڵام كۆتایی هەموو سەركردە غرورەكان بریتییە لە مێژویەكی ناشیرینی سیاسەت، چونكە غروری سیاسی دەبێتە ڕێگر لەبەردەم بە عەقڵانیكردنی سیاسەت.

 

سۆسیۆلۆژیای سیاسی پێمان دەڵێت سیاسیە غرورەكان مرۆڤی دەرچون لە كۆمەڵگاو لە خۆیان زیاتر گەورەكراون، بونەتە باڵۆنێكی سیاسی پڕ لە هەواو كەمترین با دەیانجوڵێنێت‌و بچوكترین تیژاییش بەتاڵیاندەكاتەوەو بەردەبنەوە، سایكۆلۆژیای سیاسیش پێمان دەڵێت سیاسی غرور نەخۆشی دەرونی هەیەو توشی نێرجسیەت بوە، توشی عاشقبون بەخودی خۆی بوە، سیاسی كاتێك عاشقی خۆی دەبێت دەبێتە ستەمكارو كۆمەڵگا وێران دەكات، سیاسیە لە خۆباییەكان گوێ لەكەس ناگرن‌و حەقیقەتی كۆتایی لای خۆیانە، سەدام حسێن‌و هیتلەر تەواو لەخۆبایبون، مێژو پێمان دەڵێت غرورە سیاسیەكان كۆتاییان دێت بە ناشیرینی، سیاسی غرور وەك باڵۆنی فوتێكراو بە خۆپەرستی لەكۆتایدا دەتەقێت‌و دیوە پوچەكەی دەردەكەوێت، مێژوی سیاسی چەندین سیاسی تێدایە بەهۆی غروریانەوە دوركەوتونەتەوە لە عەقڵ‌و دەستكەوتی گەورەیان لەدەستداوە، گیڤارا شۆڕشگێڕ بوو چەند گەورەبوو، بەڵام غرور نەبوو، پانتۆڵەكەی بە ئارەقەی لەشی ڕەقببوو لەشاخەكان، بەڵام هەر گەورەیە تا ئەمڕۆش لە دڵی خەڵكدایە، سەدام‌و قەزافی‌و هاوشێوەكانی بەڤێللاو ڕیزە ئۆتۆمبێل‌و قات‌و بۆینباخیان كۆتاییەكی ڕەشیان هەبو و مێژوو نەفرەتی لێكردن، چونكە غروربون‌و لە واقیعی كۆمەڵگا دەرچون.

 

هەرێمی كوردستان تا ئەمڕۆ گیری خواردوە بەدەستی سیاسیە غرورەكانەوە، ئەوسیاسیانە كاتێك لەشاخ گەڕانەوەو تا ئەمڕۆش خەباتی شاخ بە خەڵك دەفرۆشنەوە، ئەوانە لەسەر شاشەی تیڤیەكان قاقا پێدەكەنن‌و غروریان گەیشتۆتە لوتكە، ئەوانەبون بەناوی شاخەوە غروربون و ئەم وێرانیەی ئەمڕۆیان دروستكرد، هەموكەس غروربێت نابێت سیاسی غروربێت، چونكە سیاسەت بۆ گشتە نەك بەقوربانیكردنی گشت بۆ تاك، سیاسیە لەخۆباییەكانی هەرێم چارەكە سەدەیەكە نەیانتوانیوە سیستمێكی سیاسی گونجاو دروستبكەن، بەردەوام شەڕی بە پاڵەوانبونی یەكتر دەكەن، بێئاگان لەوەی پاڵەوانانی سیاسی پێویستیان بەغرور نیە. یەكێتی‌و پارتی وەك دو هێزی دەسەڵاتدار تا ئەمڕۆش غروری سیاسییان سەپاندوە بەسەر هێزەكانی تردا، ئەم هۆكارە بۆتەهۆی دروستبونی حكومەتێكی بێ گوێ‌و حیساب بۆكەس ناكەن.

 

ئەم دوهێزە گوێ بۆكەس ناگرن‌و چەندین دەستكەوتو خەونی گەورەیان كردۆتە قوربانی غروری‌و لوتبەرزی سیاسیان، ڕیفراندۆم دواین غروری سیاسیان بوو كە كردیان و گەورەترین فەشەلیان هێناو خەونی دروستبونی دەوڵەتی كوردییان خستە مەترسییەوە، سیاسیە غرورەكان ئەمڕۆ وەستاون‌و لە ڕوی نێودەوڵەتییەوە پشتگوێ خراون، ئەوانەی دەیانگوت بەغداد موفلیسەو ئێمە نەوتمان هەیەو دیموكراسین! ئێستا غروریان شكاوەو ئەمڕۆ چاوەڕوانن بەغدا دەرگایان لێبكاتەوەو چایەكیان لەگەڵ بخواتەوە، بە هەڵوەشاندنەوەو سڕكردنی ڕیفراندۆمەوە لەبەردەم دەرگاكەی حكومەتی عێراق وەستاون‌و دەڵێن بەغدا پارەی هەیەو هەرێم موفلیسە! ئەمڕۆ فەشەلی حوكمڕانیان پێیەو خەڵكیان برسیكردوەو جیهان پشتی تێكردون، كۆتایی هەموو غرورە سیاسیەكان كەوتنە لەبەردەم حەقیقەتە ناچارییەكان، سیاسەت پێویستی بە عەقڵ‌و گوێگرتن هەیە، دەبێت لەقاوغی خێڵ‌و ناسیۆنالیزم‌و حزب پەرستی‌و ئیگۆ پەرستی سیاسی دەربچن، كۆتایی بە ڕاگەیاندنە فوتێكەرەكانتان بێنن كە ئێوەی پڕكردبوو لە غروری ساسی، كەوتن لەبەردەم حكومەتی بەغداو فەشەلهێنانتان لە حوكمڕانی پێمان دەڵێت غروری سیاسیتان كۆتایی هات، باڵۆنی فوتێكراو بە خۆپەرستی سیاسی لەبەردەم واقیعدا كەوتە خوارەوە.