
"بلۆكی مێژوویی" بە كۆبوونەوەی كۆمەڵێك هێزو گروپو لایەنی جیاوازو هەمەجۆر دەگوترێت لە بەرەیەكی یەكگرتوودا بۆ تێپەڕاندنی قەیرانە سەختو سەرەكییو گشتییەكانی ناو واقیع. دروستبوونو هاتنەكایەی "بلۆكی مێژوویی" بنەمایەكی مادیی لەناو واقیعدا هەیەو پابەست نییە بە حەز و خواستی تاكەكەسیی ئەم یان ئەو سەركردەی سیاسیی، یان خەونی ئەم یان ئەو گروپی تایبەتەوە بە تەنها.
بلۆكی مێژوویی لە دۆخێكدا دروستدەبێت كە زیاد لە هێزێكی كۆمەڵایەتیی گیری بەدەست ئەو واقیعە مێژووییەوە خواردبێت كە دروستكراوە. هەروەها بەردەوامی ئەو واقیعەش وەك هەڕەشە لە خۆیانو وەك بەردەوامی نەهامەتییو ئازارو بیمارییەكانی خۆیان ببینن. ئەم بنەما مادییە بنەمای سەرەكیی كۆكردنەوەی هێزە جیاوازەكانی ناو بلۆكێكی مێژووییە بەیەكەوە.
بێگومان ئامادەگیی ئەم بنەما مادییە بە تەنها بەس نییە بۆئەوەی بلۆكێكی مێژوویی دروستببێت، ئەوەی پێویستە ئەوەیە ئەو هێزانە بتوانن وێنەیەكی هاوبەش بۆ واقیع بەرهەمبهێننو زمانێكیان بۆ لێكدانەوەی دۆخی خۆیانو ئەو واقیعە هەبێت كە زمانێكی هاوبەش بێت لەنێوانیاندا. ئەمەش زمانی بەگژاچوونەوەی كێشە هاوبەشەكانو نەهامەتییە كۆییەكانە. هاوكات بلۆكی مێژوویی هەم خاوەنی وێناكردنو تێگەیشتنێكی مێژوویی باشتری دونیایە، هەم خاوەنی زمانو سیاسەتێكی ڕاڤەكردنی هاوبەشە كە بەشە جیاوازەكانی ناو كۆمەڵگا لێیتێبگەنو هەڵگریبن. لای گرامشی دروستكردنی ئەو وێنە گشتییەو ئەو زمانی خۆباسكردنو خۆشیكردنەوەو دونیابینییە كاری ڕۆشنبیرانە، كاری ئەكادیمییەكانو میدیاكارانو فیلمسازانو هونەرمەندانو كادرە دڵسۆزو خاوەن ویژدانو تێگەیشتنە سیاسییەكانی ناو حیزبو دەرەوەی حیزبو خوێندەوارە دینییو نادینییەكانو چالاكەوانانی كۆمەڵگای مەدەنییو ئافرەتانو ئەوانیترە.
ئەمەش لەڕووە كردەییەكەیەوە مانای كۆكردنەوەی هەموو گروپو هێزە كۆمەڵایەتییانەیە كە ئەو دۆخە مێژووییەو ئەو شێوازە باڵادەستەی دەسەڵاتو ڕێكخستنی كۆمەڵگاو پەیوەندییەكانی ناوی، زیانی پێگەیاندون، یان هەڕەشەی ئەوەیان لێدەكات زیانیان پێبگەیەنێت، یان هەراسانی كردوون، بەبێ گوێدانە ئینتیمای سیاسییو دینییو ئایدیۆلۆژییو كۆمەڵایەتیی ئەو هێزانە. هاوكات كۆكردنەوەی ئەو هێزو گروپو كەسانەش كە ڕەنگە ئەو دۆخەی ئەمڕۆكەی كوردستان زیانی ڕاستەوخۆی پێنەگەیاندبن، بەڵام لەڕووی ئەخلاقییو ویژدانییو ئینسانییەوە درێژەپێدانی بە هەڵەو ناڕاست بزانن، ئەمەش دەشێت كەسانی ناو پارتە سیاسییەكان بێت، وەكچۆن دەشێت كەسانی دەرەوەی ئەو پارتانە بێت.
بلۆكی مێژوویی بەبێ كارو ڕۆڵی چالاكو بەفراوانی ڕۆشنبیران دروستنابێت، بەشداری چالاكانەی ڕۆشنبیرانو خوێندەوارانو دڵسۆزان لە دروستكردنی ئەم بلۆكەداو بەخشینی زمانو وێنەو لێكدانەوەو دونیابینیی بەو هێزو كەسە جیاوازانە كارێكی هێجگار بنەڕەتییو بونیادییو دەستنیشانكەرە.
تێبینی پەرەگراف: مەریوان وریا قانع لە نوسینێكی دیكەیدا ڕای خۆی دەربارەی پێكهێنانی هاوپەیمانێتیی لە نێوان گۆڕانو كۆمەڵو هاوپەیمانی دیموكراسیو دادپەروەری خستووەتەڕوو، پێیوایە یەكەم هەنگاوی سیاسیی ڕاستە بە ئاڕاستەی دروستكردنی ئەو "بلۆكە مێژووییە".
نوسینەكەی مەریوان وریا قانیع
یەكەم هەنگاوی سیاسیی ڕاست
زیاد لە ساڵێكە منو كاك ئاراس فەتاح باس لە گرنگییو پێداویستیی دروستكردنی"بلۆكێكی مێژوویی" نوێ دەكەین كە بتوانێت بەرامبەر بەو بلۆكە سوڵتانییە بوەستێتەوە كە ماوەیەكی درێژە لە كوردستاندا حوكمڕانەو ئەو وێرانە سیاسییو ئابورییو كۆمەڵایەتییەی لەهەرێمدا دروستكردوە، كە هەموومان تەفاسیلەكانی دەزانین. بیرۆكەی ئەم بلۆكە ئەوەیە هەموو ئەو هێزانەی كە ڕاستەوخۆ، وەك یەكێتیو پارتی، بەشدارنین لە دروستكردنی ئەو زۆنگاوە سیاسییەداو خودی زۆنگاوەكەش پەراوێزی خستونو زیانی پێگەیاندون، لەسەر بەرنامەیەكی نیشتیمانی گشتیی كۆببنەوە بۆ ڕێگەگرتن لە درێژەدان بەو مۆدێلە سیاسیەی تا ئێستا سەروەركراوە.
لەناو نەخشە سیاسییەكەی ئەمڕۆكەی كوردستانیشدا ئەوانەی كاندیدی سەرەكین بۆ دروستكردنی ئەم بلۆكە، بزوتنەوەی گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامییو هاوپەیمانی دیموكراسین. ئەم سێ هێزە دەتوانن ئەو بلۆكە سیاسییە دروستبكەنو خواستی سەرەكییان ببێت بە گرتنە دەستی دەسەڵاتو بەكارهێنانی ئەم دەسەڵاتە بۆ دەسكاریكردنی ئەو وێرانەیەی لەئارادایە. بێگومان دەشێت ئەم"بلۆكە مێژووییە" گەورەتر بكرێتو هێزگەلێكی وەك یەكگرتووی ئیسلامییو لیستی نەوەی نوێو كەسانیتریشی بچێتە پاڵ. ئەم هەنگاوەی ئەمڕۆ كە ئەم سێ هێزە ناویانە سەرەتایەكی گرنگەو شوێنی دەستخۆشییە، بەڵام گرنگتر ئەوەیە لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستانیشدا هەمان كار بكەنو وەك بلۆكێكی نوێ بێنەپێشەوە. ئەگەر هیوایەكی سیاسیی مابێت بۆ دەسكاریكردنی ئەو دۆخە وێرانەی هاتۆتەكایەوە، دروستبوونی ئەم بەرە سیاسییە تازەیەیە لەسەر بنەمای بەرنامەیەكی نیشتیمانیی كە بیەوێتو بتوانێت ڕێگاچارەیەك بۆ دەربازبوون لە بڕێكی زۆری كێشەكانی ئەمڕۆكەی هەرێم بهێنێتەكایەوە. ئەم كردە سیاسییە تازەیە جێگای دەستخۆشیە.