تەقە لە بەرهەم ساڵح مەكەن

17-01-2018 11:35

(1)

 

پارتی خەریكە هەڵەی دە ساڵی رابردووی خۆی لە مامەڵەكردن لەگەڵ واقیعی سیاسیی تازەی سلێمانی دووبارە دەكاتەوە، شەش ساڵی رەبەق لە 2006 ـەوە تا 2012، لە ژێر ناوی هاوپەیمانیی ستراتیژیدا، لە دژی بزووتنەوەی گۆڕان و نەوشیروان مستەفا، شەڕی بەوەكالەتی بۆ ماڵباتی تاڵەبانی و برایم ئەحمەد كرد، نەتیجەكەشی چنییەوە!

 

پارتی لە جیاتی ئەوەی دژایەتی بەرهەم ساڵح بكات، دەبێ خۆشحاڵ بێت كە ئێستا بووە بە چەتری بەرەیەكی سیاسی و حیساباتی سیاسیی خۆی تا راددەیەك لە یەكێتی جیاكردووەتەوە. تەنانەت بە حوكمی ئەو پەیوەندییە باشەی كە لە نێوان بەرهەم ساڵح و سەركردایەتی پارتیدا هەیە، دەبوو لانیكەم دوای بەستنی كۆنگرەكەی، پەیامێكی پیرۆزباییان بۆ ناردبایە! ئەوە وایدەكرد كەمێك ئەو كەشوهەوا دڕودۆنگەی لە رووی سیاسییەوە لەناو حیزبەكانی دەرەوەی دەسەڵاتدا هەیە، ئەهوەن ببێتەوە.

 

پارتی دەبێ بەرهەم ساڵح وەك شانسێكی نوێ لە سەركردایەتیی ئۆپۆزیسیۆن، بەتایبەتیش دوای غیابی نەوشیروان مستەفا سەیر بكات، كە بتوانێ لە داهاتوودا لەسەر بنەمای هاوسەنگ ئیئتیلافی لەگەڵدا بكات. ئەو هاوپەیمانییە (گۆڕان، كۆمەڵ و هاوپەیمانی) ئەگەر لە داهاتوودا لەسەر ئاستی هەڵبژاردنی ناوخۆیی كوردستانیش بەردەوام بێت، هیچ مەترسییەكی بۆ سەر دەنگەكانی پارتی نییە، پێش ئەوەی پارتی یان یەكێتی هیچ هەنگاوێكیان هاویشتبێت، گۆڕان و كۆمەڵ بۆ لەدەستنەدانی پێگەی سیاسیی خۆیان (بە چوونیان بۆناو هاوپەیمانی و یەك لیستی) بەرهەم ساڵحیان بەجۆرێك ئیحتیوا كردووە. ئەوەش رەنگبێ سەودایەكی سیاسی بێت لەگەڵ بەرهەم ساڵحدا بۆ بەرگرتن بەو نەزیفە سیاسییەی كە ئەو دوو حیزبە لە چەند ساڵی رابردوودا تووشی هاتبوون و، كادر و ئەندامانیان چاوەڕێی بەدیلێكی دەرەوەی پارتی و یەكێتییان دەكرد.

 

دەشێ قسەكانی بەرهەم ساڵح لەسەر سیستەمی حوكمڕانی (كە خۆیشی بەشێكی كاریگەری ئەو حوكمڕانییە بووە) بەلای پارتی یان یەكێتییەوە تووند بووبێت، بەڵام ئەوە واقیعی حاڵی سیاسی و كۆمەڵایەتیی كوردستانە كە لە چەند سەعاتێكدا نیوەی خاكی كوردستان لە سۆنگەی بەردەوامیی مەدرەسەی جەلالی و مەلاییەوە لەسەر سینییەكی زێڕ پێشكەشی شیعە كرا! بۆیە پارتی دەبێ دەرسی لە رابردوو وەرگرتبێت و، هەمیشە دەرگای كراوە بێت و لەدەرگەی بەرامبەرەكانیشی بدات. ئەوانیش دەبێ لەوە تێبگەن كە سیاسەتی (ئانتی پارتی) ئەگەر بە جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا بەڕێوە نەچوو، بەوانیش بەڕێوەناچێت.

 

تەحەدییەكانی بەردەم بەرهەم ساڵح

(2)

 

دوای جودابوونەوەی یەكجارەكیی بەرهەم ساڵح، ئیتر یەكێتی ناچارە پێداچوونەوە بەساختاری خۆیدا بكات، رەنگبێ لەم زرووفەدا یەكێتی نەتوانێ كۆنگرە ببەستێ، بەڵام لانیكەم توانای بەستنی پلینیۆمی هەیە و، ئیتر چارەنووسی یەكێتی لە گۆڕەپانی سیاسی و حوكمڕانیدا بەندە بە رێككەوتنی نێوان كۆسرەت رەسوڵ عەلی و بنەماڵەی تاڵەبانی و، هەر لەوێش رەنگبێ چارەنووسی ئەو كەسانە دیاری ببێت كە ئێستا لەناو یەكێتین و بەجۆرێك لە جۆرەكان پشتیوانی لە هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح دەكەن.

 

ئەو قسەیە راست نییە كە فەرماندە سەربازییەكانی یەكێتی (كە بەرهەم ساڵح پشتئەستوور بە هێزی ئەوان توانای ململانێی لەگەڵ ماڵباتی تاڵەبانیدا هەیە) بتوانن لاقێكیان لەناو یەكێتی و لاقەكەی دیكەیان لەناو هاوپەیمانیدا بێت! كاتێك نەوشیروان مستەفا جیابووەوە، نەك سەركردایەتی بگرە ئەندام كۆمیتەكانی یەكێتیشی بە ئیعترافی بینراو دەگواستەوە ناو هەڵسوڕاوانی خۆی و، كەس نەبوو (جگە لە ماڵباتی تاڵەبانی) لاقێكی لەناو یەكێتی و ئەوەی دیكەی لەناو گۆڕان بێت!

 

ئێستا كە هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح بووەتە حزبێكی سیاسی، پێویستی بە داڕشتنی ساختاری بەڕێوەبردنە كە ئەم ساختارە تا ئێستا تەنها دەستەواژەی (هاودید)، سەرۆكی هاوپەیمانییەكە و بەرپرسیاری چەند دامەزراوەیەكی رێكخستنی بەرهەم هێناوە. لێرە بەدواوە، پرسیار ئەوەیە كە ئایا بەرهەم ساڵحیش وەكو نەوشیروان مستەفا تووشی هەمان ئەزموونی ململانێی نەوەی كۆن و نوێ و ئیسلامی و عەلمانی دەبێتەوە یان نا؟ ئایا ئەو فەرماندە سەربازییانەی كە پاڵپشتی لە بەرهەم ساڵح دەكەن و لەناو یەكێتیدان، ئامادەن پلە و پۆستەكانی خۆیان بەجێبێڵن و وەك (هاودید) لەگەڵ ئەو بەردەوام بن؟

 

ئایا ئەوان رێگە دەدەن كە بە حزووری ئەوان خەڵكێكی گەنج بێنە پێشەوە، بەتایبەتیش كە بەرهەم ساڵح بەقەدەر نەوشیروان مستەفا ئۆتۆریتەر نییە؟ ئایا بۆ جاری دووەم پۆپۆلیستە میدیایی و رێكخراوەییەكان و ئیسلامییەكانی كوردستان (كە خۆیان بە هێمنی دەخزێننە ناو هەموو جوڵانەوە سیاسییە نوێیەكانی كوردستان) وەك چۆن دەستیان بەسەر بزووتنەوەی گۆڕاندا گرت و لە بزووتنەوەیەكی چەپی ماركسییەوە كردیان بە بزووتنەوەیەكی موحافەزەكاری هاوپەیمانی دوو حیزبی ئیسلامی و پۆپۆلیست، دەست بەسەر هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵحیشدا دەگرن؟ ئایا بەرهەم ساڵح لە دەرەوەی دژایەتیدا، دەتوانێ هێڵە سیاسییە جیاكەرەوەكانی لەگەڵ پارتی و یەكێتی و، لە پەیوەندییە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكاندا دابنێت؟ ئەمانە هەمووی تەحەددین و ئیدیكەشی بەدوادا دێن.

 

دروستكردنی لیستی (نیشتمان)

(3)

 

دروستكردنی لیستی (نیشتمان) بۆ ناوچە داگیركراوەكانی كوردستان، لەو سۆنگەیەوەیە كە لانیكەم (گۆڕان و كۆمەڵ) پێشتر نفووزێكی ئەوتۆیان لەوناوچانەدا نەبووە و، هاوپەیمانیش تائێستا شانسی خۆی تاقی نەكردووەتەوە. بەڵام پێیانوایە كە پارتی لە غیابی جەماوەرە ئاوارەكەیدا، دەنگ ناهێنێ و یەكێتیش بەهۆی خیانەتی بەشێكی ماڵباتی تاڵەبانی لەبەرچاوی خەڵك كەوتووە.

 

بۆیە ئەمە ئەگەرچی پێچەوانەی ئیجماعی نیشتمانییە لەسەر چارەنووسی كەركوك و ناوچەكانی دیكە، بەڵام هەلێكی سیاسیی زێڕینە و پاڵنانی پارتی و یەكێتییە بۆ دروستكردنی هاوپەیمانی (كە پارتی بە حزووری خیانەتكارانی ناو یەكێتی ناچێتە بن ئەو بارەوە تەنانەت ئەگەر یەك دەنگیش نەهێنێت). رەنگبێ ئەگەر پارتی سەرباری ئەو هەوڵانەی ئێستا لە بەغداوە بە هاوكاریی ناوخۆیی لەدژی بەڕێوەدەچێ بچێتە ناو هەڵبژاردنەوە، دوور نییە بیر لە هاوپەیمانێكی شیعەی وەكو موقتەدا سەدر بكاتەوە و، بەوەش بە بەردێك دوو چۆلەكە بكوژێت.