تەنیایی ڕەگی مانەوە

20-01-2018 02:56

 

- دەسكەوتەكانی ڕۆژئاوا بەرهەمی شێوانی دۆخی سوریا بوو، لەم ئەخیرەشەوە خەریكبوو دۆخەكە وا ئیستقرار بكات، كە كانتۆنەكان بەیەكجاری لەیەكترو لە دەریا دابڕێن. شڵەقانێكی تری دۆخەكە ئەگەرچی ئەگەری شكست ئەهێنێت، بەڵام ئەگەرو خەیاڵی گەیشتن بە یەكترو بە دەریا جارێكی تر ئەهێنێتەوە، یەعنی بەڵكو خێری پێوەبێت.

 

- پشت بە خۆبەستن یەعنی بەرگەگرتنی تەنیایی، هەر هێزێك بەرگەی تەنیامانەوەی گرت‌و زاڵبوو بەسەر ترسی تەنیایدا، ئەوە مەشروعی مانەوەیە. هەر هێزێك فۆبیای تەنیامانەوەی هەبوو، لای وابوو تەنیایی یەعنی كۆتایی، ئەو هێزە مەشروعی ڕۆشتنە ئەگەرچی زۆریش بمێنێتەوە.

 

- (ئاشبەتاڵ و تەنیایی) دووانەن، هەر هێزێك لە تەنیامانەوەدا مقاوەمەتی هەڵبژارد، ئەوە هەر لە سەرەتاوە مەشروعی مقاوەمەتە. هەر هێزێك لە تەنیامانەوەدا ئاشبەتاڵی كرد، ئەو مەشروعە هەر لە ئەساسەوە ئاشبەتاڵێكی ڕانەگەیەنراوبووە.

 

- هەر هێزێك بەرگەی تەنیایی گرت نابێتە داردەس، بە پێچەوانەوە ئەو هێزانەی كە بەرگەی تەنیایی ناگرن، هەمیشە پەیوەندییەكانیان ناهاوسەنگەو سەری لە عەمالەت و خیانەتەوە دەرئەچێ! چونكە ئەوەی لە تەنیایی ناترسێ، بۆ پڕۆژەو كارێك پەیوەندی ئەبەستێ، بەڵام ئەوەی لە تەنیایی ئەترسێ، بۆ پڕكردنەوەی 'بۆشایی' تەنیاییەكە پەیوەندی ئەبەستێ!

 

- مقاوەمەت مانای سەركەوتن نیە، مانای دوو ئەگەرە، شكست‌و سەركەوتن. بەڵام ئاشبەتاڵ تەنیا ئەگەری شكستی هەیە، سیاسەتیش كە یەك ئەگەربوو، ئیتر بكەرەكانی تەنیا فاشل نین، بەڵكو تاوانباریشن، تاوانباری كوشتنی ئەگەرەكان.

 

- ڕەگی مقاوەمەت پشتبەخۆبەستنەو ڕەگی پشتبەخۆبەستنیش پەروەردەیەو پەروەردەش یەعنی فكرو ئەخلاقی سیاسی، كە ئەمانە نەبوو ئیتر ترس لە تەنیایی‌و بۆشاییەك دروست ئەبێ كە بە پشبەستن بە غەیرە پڕئەكرێتەوە، ئەمەش ڕەگی مەشروعی تەسلیمبوونە.

 

- دواجار ڕۆژئاوا ناكەوێ، لەبەر ئەوە نا كە ئەمەریكای لێیە، لەبەرئەوە كە نوسخەی پشت بەخۆبەستووی خۆمانی لێیە.