عەفرین نیشتمانی پۆڵاكان

24-01-2018 02:25

 

لەناو مێژودا چەندین گەلی هۆشیار هەبوون كە مرۆڤیان سەرسامكردووە بە ئازایەتی. گەلێك بە ملیۆنان شەهیدی داوە لە پێناوی خاكەكەیدا، گەلێكی تر چەندین ساڵ بەرگریكردووە بۆ مانەوە، ئامانجی هەموو ئازایەتییەكان پاراستنی خاكەكەیان بووە، چونكە لەدەستدانی خاك بە ئاسانی‌و بەقوماری سیاسیی، كۆتایی ئەخلاقە. خەڵكی كۆبانێ جیهانیان سەرسامكرد كاتێك توانییان بەرگریی بكەن‌و كۆبانێ ڕزگار بكەن لە دەستی چەتەكانی داعش، ئازایەتی مرۆڤە پۆڵاینەكانی كۆبانێ وایكرد ئەمەریكاو ڕوسیا حساب بۆ (یەپەگە) بكەن.

 

بەگشتی پەروەردەی ئاپۆیی‌و پەكەكە پەروەردەیەكی پۆڵاینە لە بواری سەربازیدا، گەریلاكان ئەتۆمن‌و پڕن لە ئیرادەو خۆڕاگریی، توركیا زیاتر لە سی ساڵە شەڕی لە ناوبردنی پەكەكە دەكات، بەڵام تا ئەمڕۆش پەكەكەو لقەكانی بەپێوەن‌و بەهێزتر بوون، پەروەردەی سیاسی وایكردووە مرۆڤێك لە گۆشت‌و ئێسك ببێتە پۆڵایەك، توركیا بەهەموو چەكە پێشكەوتووەكانی شەڕ دەكات‌و واز لە كورد كوژی ناهێنێت، بەڵام ئیرادەی قوتابخانەی ئاپۆیی هەر لەبەرزیدایە.

 

ئێستا توركیا پەلاماری عەفرینی داوەو بەچەكی قورس هێرشدەكات، تورك لە مێژوی سەد ساڵی ڕابردودا یەكەم پیلانی لاوازكردنی كوردبوەو بەردەوام كوردی بە چەقۆی ژەهراویی سەرسنگی ناسیۆنالیزمی تورك زانیووە، مێژو پێمان دەڵێت توركیا خوێنمژی كوردەو لە ئازاردانی كوردان چێژ وەردەگرێت، سادیزمی توركی بە ڕەنگی عەلمانی‌و ئیسلامی یەك سیاسەتە، ئەو ئیسلامیانەی لەسەر شاشەی تیڤییەكان مایكیان كۆنتڕوڵكردبوو بە زۆر بڵێیی بۆ حزبە ئیسلامییەكەی ئەردۆغان‌و باسی گەڕانەوەی خەلافەی عوسمانییان دەكرد، ئەوانە لینگەوقوچ لە مێژوی تورك تێگەیشتبون‌و ختوكەی دینی دور لە خوێندنەوەی عەقڵی توشی خەوخۆشیی كردبون، بێئاگا لەوەی عەقڵی دەسەڵاتی توركی بە ڕەنگی عەلمانی و ئیسلامی بریتییە لە كورد كوژی، حزبە ئیسلامییەكەی ئەردۆغان هێرشدەكاتەسەر خاك‌و شارێك تەنیا لەبەرئەوەی كوردن. ژن‌و منداڵ‌و پیرو گەنج دەكوژێت‌و سڵ لە دەقە دینییەكان ناكاتەوە كە دژی مرۆڤكوژین وەك خوا دەفەرموێت"ئەوەی مرۆڤێك بكوژێت وەك ئەوەیە هەمو خەڵكی كوشتبێت" یان " كەعبە بڕوخێت باشترە نەك كەسێك بكوژرێت" كەواتە ئیسلامیبوونی ئەردۆغان ماسكێكە بۆ خەڵەتاندن‌و جوڵاندنی ختوكەی دینی، دین دەبێت لە واقیعدا باشیی خۆی نیشان بدات چونكە مرۆڤ گەورەترە لە دین.

 

ئەوانەی ئیمانیان بەهێز بوبو بە ئەردۆغان دەبێت بەخۆیاندا بچنەوەو گومانیان لە ئیمانەكەی خۆیان هەبێت، چونكە فەلسەفەی سیاسی توركی بریتییە لە كورد كوژی.

 

پۆڵاكانی عەفرین پڕن لە وزەو ئیرادەو خاكویستن نەك خاكفرۆش، ئەوان نیشتمان دەپارێزن نەك بیفرۆشن. سەیرە لێرە چەند هێزێك نیوەی كوردستانیان دۆڕاند لە شەو و ڕۆژێكدا، بەڵام ڕویاندێت بڵێن گەر عەفرین پێویستی بێت ئامادەین هێز بنێرین! خەڵكی عەفرین دەزانێت هێزێك خاكی خۆی نەپارێزێت چۆن خاكێكی تر دەپارێزێت. لێرە چارەكە سەدەیەكە نەتوانراوە هێزێكی تۆكمەی دور لە حزب دروستبكرێت‌و بكرێتە پۆڵا بۆ پاراستنی نیشتمان نەك حزب، بەڵام ئەوان لە كانتۆنەكانی خۆرئاوا هێزێكی پۆڵا ئاسایان دروستكردوەو وڵاتانی زلهێزی جیهانیان ناچار بەهاوكاری كردوە.

 

كورد بەردەوام قوربانی دەستی زلهێزەكانی جیهان بوە، بەردەوام لەكۆتاییدا پشت لە كورد كراوە، دیموكراسی‌و مافی مرۆڤ تا ئەمڕۆش بۆ كورد دوو درۆی گەورەبون، چونكە بە بەرچاوی دونیاوە كوردكوژی كراوەو دەكرێت، باشترین كار دروستكردنی نیشتمانێكی دادپەروەرو هێزێكی نیشتمانیە، ژن‌و پیاوی عەفرین چەكدارن‌و هەموان شەڕ دەكەن بۆ نیشتمانەكەیان بەبێ جیاوازی، هەمویان وەك پۆڵان‌و بەرگری دەكەن تا مردن، عەفرین لوتكەی خۆڕاگری‌و ئیرادەیە، بونی ئیرادە مرۆڤ گەورە دەكات‌و دەیكاتە پاڵەوان، زۆرجار ئەوەی شەڕ دەباتەوە جۆری چەك نیە بەڵكو چەندیەتی ئیرادەیە.