
لە ئێستادا زۆرترین باس كە میدیا جیهانییەكانی بەخۆیەوە سەرقاڵ كردووە هێرشەكانی توركیایە بۆسەر عەفرین، بۆ عەفرینێك وەك دەڵێنو دەركەوتووەو سەلمێنراوە شادەماری دڵو خۆری هەڵهاتنی وڵاتە، هەرتیشكێك لە خۆری دەبێتە گەریلایەك لە گڕ، هەر بستەخاكێكی ڕایەڵەیەكە لەخوێن تا ئاسـمان.
لەم نێوانەدا لە باشووری كوردستان باسی گەرم ئەوەیە كە ئایا ئەو بەرگرییە بەرخۆدانیەی لە عەفرینو دەوروبەری دەكرێت بۆ 1%ی ئەوە لە كەركوك نەكرا؟ لەكاتێكدا پێشمەرگە هێزێكە توانی ڕوبەڕوی دڕندەترین هێزببێتەوە كە داعش بوو وەتا كۆتایی هێنان بەوهێزە توندڕەوە بەرامبەری ڕاوەستابوو.
لە باشوری كوردستان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو ئەوەی لەشاخو لە شار كراوە زۆرترین كات دژایەتیكردنی یەكتر بووەو هەمیشە دوو هێزی سەرەكی باشوور لەسەنگەردا بوون بۆ ئەوەی بزانن چۆن یەكتر دەشكێنن.
كاتێك ساڵی 1996 پارتی هیچی بەدەستەوە نەمابوو، پشتی لە كوردایەتی كردو هێزی دەرەكی هێنا بۆ زاڵ بوون بەسەر یەكێتی، لەم ساڵەوە تا ئەم ماوەیەی پێشوو زۆربەی هەرە زۆری سەركردایەتی یەكێتی بە كادیرە دیارەكانیشەوە لە سەنگەرێكدا وەستابوون بۆ ئەوەی بزانن چۆن تۆڵەیەكی ئەم مێژووە لە پارتی بكەنەوە، لە كاتێكدا ئەوەی پارتی كردی خیانەت بوو، وە ئەوەی یەكێتی لە 16ی ئۆكتۆبەر كردی تۆڵەی خیانەت بوو بەخیانەت، بەڵام ئەم دوو هێزە سەرەكییەی باشوور ئەوەندەی لە هەوڵی لەناوبردنی یەكتر بوون ئەوەندە لە هەوڵی بەدەستهێنانی یەكپارچەیی كوردستان نەبوون، جگە لە شیعارێكی درۆینە كە دەیانووت (كەركوك دڵی كوردستانە یان كەركوك بوكی كوردستانە..)
واتا ئەمەی لەكەركوك ڕوویدا بێ دەسەڵاتیو بێ جورئەتی پێشمەرگەو كوردایەتی نەبوو، وەلێ خیانەتێك بوو كە تۆڵەی خیانەتێكی تر بوو، من گومانێكم لەوەنییە كە پێشمەرگە تواناو هێزی لە ڕادەبەدەریان هەیە، بەڵام مخابن سەركردەو پێشڕەویان نیە تا ئێستاش.
یەكێتی ساڵی 1996 هەولێری لەدەستداو ماوەیەكی زۆر نەیتوانی تەرازووی سیاسی بۆ بگەڕێتەوە، لەبەرامبەریشدا پارتی لە بەرامبەر 16ی ئۆكتۆبەری یەكێتی، سەرۆكایەتی هەرێمو دەسەڵاتو هێزو داراییەكی زۆری ناوخۆیو دەرەكی لە دەستدا، بەجۆرێك لاواز بووە كە لە ڕاگەیاندنەكانیشدا بەتەواوی ڕەنگی داوەتەوە.
لە كۆتاییدا دەمەوێت بڵێم كە هەموو باسكردنێكی هێزەكانی باكور و ڕۆژئاوا دەمانباتەوە لای ڕێبەرێك كە ئەو سەركردەی بەردی بناغەو پەیكەری ڕێكخستنو ستراتیژو بەرنامەی سیاسیی ڕێكخراوەكەی دانا، ئەویش سەرۆك "ئاپۆ" بوو، هێزەكەی "ئاپۆ" لەیەكەم ڕۆژی دامەزراندنیی دەوڵەتی كوردیی كردۆتە ئامانجو ئێستا داوای خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی دەكات.
بەكورتیو بەپوختی لای عەفرین دەوڵەتی كوردیو ئامانجیان خۆبەڕێوەبەری دیموكراتییە، لای باشوور سەنگەرگرتن لەخیانەتی یەكتر.