خیانەت‌و تەخوین

03-02-2018 09:43

 

خیانەت ئەسڵەو تەخوین لێكەوتەی خیانەتە، ئەگەر خیانەت نەبووایە تەخوین نەئەبوو، یان ئەگەر خیانەت لە كارە باشەكان بووایە، ئێستا تەخوین لەبری ناشرینكردن، مەدح‌و جوانكاریی بوو.

 

جا بۆ ئەوەی لە تەخوین بدەین، ئەبێ لە خیانەت بدەین، بۆ ئەوەشی لە شتێك بدەین ئەبێ سەرەتا بیناسین، لێرەشدا كارەكەمان ئاسانە، چونكە خیانەت پێناسەش نەكرێ هەر ناسراوە!

 

یەعنی ئەمنی قەومی‌و یاساو دەستورو هۆشیاریی نوێش لە ئارادا نەبێ، تۆ هەر بە هۆشیاریی سەرەتایی‌و ئەشكەوت، ئەزانیت كە دەستێكەڵكردن‌و هاوسۆزی لەگەڵ قەبیلەیەكی تر دژی قەبیلەكەی خۆت خیانەتە.

 

ڕێكنەخستن‌و كۆنتڕۆڵ نەكردنی خیانەت، ڕاستە دەرگا بۆ ڕوودانی جۆرەها خیانەت ئەكاتەوە، بەڵام ڕوودانەكان مانای ئەوەنییە كە كردەكان ئاسایین‌و خیانەت نین! محاسەبە نەكردن‌و دەربازبوونی خائنەكان، مانای ئەوەنیە كە خائنەكان خائن نین.

 

لە هۆشیاری خەڵكدا خیانەت هەر خیانەتەو خائن هەر خائنە، ئەگەرچی هۆشیارییەكە سادەشبێ‌و تەیار نەبێت بە هۆشیاری مۆدێرن.

 

جا ئەم تەخوینە كە سەرەتا بوونێكی سەربەخۆی نیەو لێكەوتەی خیانەتە، دواتر ئەبێتە دەعبایەكی سەربەخۆ، دواتر ئەتوانێ بەتەنیا هەمان ئەو كارە بكات كە خیانەت ئەیكات!

 

خیانەت دامان ئەڕزێنێ‌و لەناوەوە توشی داخورانمان ئەكا، تەخوینیش هەمان كار ئەكا، خیانەت لە ئەمنی قەومی‌و ئاشتی كۆمەڵایەتی‌و پێكەوەژیان ئەدا تەخوینیش هەمان شت ئەكات.

 

ئەسڵەن تەخوین گێڕێ خراپتریشە، چونكە خیانەت خزمەتگوزارییەكی بە بەرامبەرەو لە خیانەتدا دوژمن عەزێتێكی كێشاوەو شتێكی داوە بۆ ئەوەی هەنێكمان بكڕێ‌و بگرێ. بەڵام لە تەخویندا دوژمن لەماڵی خۆی دانیشتووەو ئێمە لەناوەوە بەرئەبینە یەكترو قازانجەكەشی بۆ ئەوە بەبێ ئەوەی عەزێتێكی كێشابێ‌و شتێكی دابێت!

 

من دژی تەخوینم تا ئەو ڕادەیەی كە لە خراپیدا بیخەمە پێش خودی خیانەتەوە، بەڵام ئاگاداربە دژی ئەوەشم كە 'دژایەتی تەخوین' ببێتە غیتائی خیانەت!! یەعنی ناكرێ خیانەت‌و خائنەكان بە بەردەمماندا تێپەڕن‌و ئێمەش بێدەنگبین لە ترسی ئەوەی كە تەخوینی ئەوانیتر نەكەین!

 

ئاخر تەخوین ئەوەیە كە خیانەت لەئارادانیە، كە خیانەت هەبوو، ئیتر قسە تەخوین نیە، ئیتر دەنگ هەڵبڕین خودی ژیانە، بەرامبەر شتانێك كە لە مێژوودا مەرگی گەلانن.

 

لە دنیای سیاسیی ئێمەدا (خیانەت‌و تەخوین) هەردووكی زۆر بە تۆخی ئامادەیەو ئەمەش تەواو پەرت‌و داوەشاوی كردوین.

 

بێ دەنگی لە خیانەت خیانەتە، تەخوینكردنیش هەر خیانەتە، وەستانەوەش بەڕووی هەردوكیاندا ئەركە.