لەم ساتەدا لیست‌و بەرەی ئیسلامیی بۆ؟

06-02-2018 02:01

 

برادەرانی یەكگرتووی ئیسلامی بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەمجارە، خەریكی دروستكردنی لیستی هێزە ئیسلامیەكان‌و بەرەی ئیسلامین، لە ڕاستیدا لە بەرامبەردا لیست‌و بەرەی عەلمانی‌و غەیرە ئیسلامی بوونی نییە تا ئەوان پێویست بكات ئاوا خۆیان بەلیست‌و بەرەی ئیسلامی جیابكەنەوە، جاران یەكگرتوو بەشێك لە شانازییەكانیان لەسەر ئەوەبوو كە ئەوان لەسەر بنەمای ئیسلامی بوون دژی ئەم بەرەو خۆجیاكردنەوەیەی هێزە ئیسلامییەكان بوون، بەڵام ئەمڕۆ بەپێچەوانەوە پێشەوایی ئەو تێزە دەكەن كە دوێنی خۆیان لە دژی بوون.

 

ئێستا كۆمەڵگە دابەشی دوو بەرە بووە، بەرەیەك دەیەوێت درێژە بەم فۆرمە لەدەسەڵات بدات كە پڕە لە شكست‌و نادادی‌و زوڵم، بەرەیەكیش بەنیازی گۆڕینی ئەم جۆرە لە فۆرمی دەسەڵاتن، یەكگرتوو لەباتی ئەوەی خۆی سەرقاڵی بەرەو لیستی ئیسلامی بكات، باشتربوو پێی بوتینایە لەنێوا ئەو دوو بەرەیە ئەو وەك هێزێكی میانەڕەوی ئیسلامی كوێی كردۆتە مەیدان بۆ خەبات‌و تێكۆشانی خۆی، ئایا ئەو لەگەڵ ئەوەدایە ئەم فۆرمە لە حوكمڕانێتی بەردەوام بێت‌و بەدەنگ‌و قوەتی ئەو درێژە بەتەمەنی خۆی بدات، یان دەنگ‌و قوەتی خۆی بەكاردەهێنێت تا لەگەڵ ئەو خواستی گۆڕانكارییەدا بێت كە خواستی زۆرینەی خەڵكە، یەكگرتوو وەك هێزێكی حساب لەسەر بۆكراوی مەدەنی دەبوو بەدور لە پەرچەكداری سیاسی‌و بەریەككەوتنی هێزەكان، بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە نەخوازراوە خاوەن پڕۆژەو پیشنیارو هەڵوێستی خۆی بوایە.

 

جاران دەیانوت فەلسەفەی دروستبوونی یەكگرتوو وەك هێزێكی ئیسلامیی مەدەنی چاكسازی‌و چاكەخوازییە، ئێستا ئەم هێزە ئەبێت تەكلیفی خۆی ڕۆشنبكاتەوە، ڕۆڵی ئەو لەم نەهامەتی‌و میحنەتەی كۆمەڵگەی تێكەوتووە چییەو لەكوێی هاوكێشەكە وەستاوە، خۆئەگەر نایەوێت لەپاڵ حوكم‌و دەسەڵاتێكی شكستخواردووی نادادپەروەر بوەستێت، وەك بەهەڵوێستی (كشانەوەی لەحكومەت نیشانیدا) نایەوێت بەشی هەبێت لە سەقامگیری پایەكانی ستەم‌و درێژكردنەوەی تەمەنی نادادیی، بەدڵنیاییەوە ئەقڵمەندانی ناو یەكگرتوو زۆر لەوە هۆشیارترن‌و ئەزانن كە ڕێگای نەجات خۆجیاكردنەوە نییە بەناوی لیستی ئیسلامی‌و بەرەی ئیسلامی، بەڵكو ئەمەش ئەبێتە دانانی بەردێك لەسەر ڕێگای گۆڕانكاری‌و هیچی تر.