پینەچییەكانی دەسەڵات!

09-02-2018 06:47

 

دەسەڵات بریتییە لە دەسەڵاتی سیاسی یەكێتی‌و پارتی لە هەرێمی كوردستان، ئەم دوو حزبە لە دوای ڕاپەڕینەوە كۆنتڕۆڵی دەسەڵاتی سیاسییان كردوەو تا ئەمڕۆش ملیان نەداوە بۆ دەستاودەستی دەسەڵات.

 

دەسەڵات دوای چارەكە سەدەیەك لە ڕووی دێت داوای یەكڕیزی‌و یەكهەڵوێستی‌و یەكلیستی سیاسی بكات! لەكاتێكدا ئەم دەسەڵاتە كۆمەڵگای وێران كردووە بە دروستكردنی جیاوازی چینایەتی گەورە، ئێستا كەمینەیەكی خەنی‌و تێرو زۆرینەیەكی برسی دروستبووە بەهۆی سیاسەتی كلیپتۆكراسی دەسەڵاتەوە، ئەم دەسەڵاتە دەبێت لە هەڵبژاردنی داهاتودا زۆر بچوك بكرێتەوەو بكرێتە یاریزانێكی لاوازی یاریگای سیاسەت.

 

دەسەڵات ناشیرینترین ئەزمونی حوكمڕانی نیشانداوە، دەبێت هۆشیاری سیاسی تاك گەیشتبێتە ئاستێك ئەم دەسەڵاتە بوەستێنێت، دەسەڵاتێكی كۆنتڕۆڵكەرو ستەمكارو نادیموكراس، نەیتوانیوە ژیانێكی شایستە بۆ تاكەكانی دروست بكات دەبێت متمانەی پێنەكرێتەوە بەتایبەتی دوای سیاسەتی برسیكردن، ئەم دەسەڵاتە بە ملیاران دۆلاری شاردۆتەوە لە بانكەكاندا بەڵام ڕۆژانە خەڵكەكەی لەبرساندا خۆی دەكوژێت! متمانەكردنەوە بەم دەسەڵاتە دۆڕاو و فاشیلە كارەساتەو دەبێت گومان لە هۆشیاریمان بكەین.

 

دەنگۆی یەكلیستی‌و یەكڕیزی سیاسی گەورەترین درۆی دونیای سیاسی ئێمەیە، یەكلیستی‌و یەكڕیزی لەگەڵ یەكێتی‌و پارتی لە هەڵبژاردنەكاندا بریتییە لە پینەكردنی سیاسی، ئەو حزبانەی یەكلیستی ئەنجام بدەن لەگەڵ دەسەڵات دەبنە شاگردەكانی دەسەڵات، هێزەكانی دژە دەسەڵات چەندین ساڵە لە ڕێگەی ڕاگەیاندن‌و گوتارە پۆپۆلیزمەكانیان ناشیرینییەكانی دەسەڵاتیان نیشانداوە، ئەم هێزە دژانە چۆن ڕوویاندێت جارێكی تر باسی دیوە تاریكەكەی دەسەڵات بكەن، بەناوی گوتاری ناسیۆنالیزم خەریك بوون بە یەكلیستی‌و پینەكردنی ناشیرینییەكانی دەسەڵات مەترسیدارەو ئێوە دەكاتە پینەچیی سیاسی.

 

ناوچە جێناكۆكەكان بەهۆی سیاسەتی ناسیۆنالیزمی دەسەڵاتەوە وێران بوون، پێویستە هێزی تازەی دوور لە ناسیۆنالیزم لەم ناوچانە دروست ببن نەك دووبارە بچنەوە ژێر چاكەتەكەی دەسەڵات، گۆڕان‌و كۆمەڵ ئەگەر بچنە ناو یەكلیستی لەگەڵ دەسەڵاتی دۆڕاو بەمانای خۆكوژی خۆیان‌و گوتارەكانیان دێت، ناوچە جێناكۆكەكان قوربانی دەستی ئەم دەسەڵاتەن‌و گیریان خواردبوو بەدەستی شەڕە پەڕۆو دوو ئاسایش‌و شەڕی حزبایەتی، گۆڕان‌و كۆمەڵ دەبێت ببنە هێزی تازە لەم ناوچانەو نەبنە پینەچی دەسەڵات، پینەكردن ڕەواییدانەوەیە بەدەسەڵات‌و دووبارە بۆیاغكردنەوەی ناشیرینییەكانە.