بۆچی ماڵی جەلالی سام ئاغا؟!

16-02-2018 05:25

 

ئەگەر سەیری مێژوو بكەیت كێشە ناوخۆییەكانی كورد لە بابەتی زۆر سادەو ساكارەوە سەریانهەڵداوە، لەسەردەمی میرایەتی بابانەكاندا 5 برا هەبوون 37 ساڵ براكوژییان كردووە، لەسەر چەند گردو تەپۆڵكەیەك ئەمیان چووە توركە عوسمانییەكانی هێناوەو ئەویان چووە فارسەكانی هێناوە!. باقر یاسین لە (كتێبی كەسێتی تاكی عێراقی) باسلە سەردەمی شەڕی ناوخۆی یەكێتی‌و پارتیش ئەكا، ئەڵێ‌ شەش پێشمەرگەی لایەنێكیان بریندار ئەبن، سەیارەیەك كە چەكداری لایەنەكەی تری تیایە لەبری ڕێزگرتن‌و چارەسەركردنیان، كەچی یەكێك لە چەكدارەكان دائەبەزێت هەموویان ئەكوژێت و، مورتاحانە سەرئەكەوێتەوە، وەك ئەوەی كارێكی ئاسایی ئەنجام دابێت!.

 

بەڕێز كاك مەسعود بارزانی دێت بۆ سلێمانی بۆ سەردانی جەنابی مام جەلال بەهۆی نەخۆشییەكەیەوە، كاك نەوشیروان چاوەڕێ ئەكات بارزانی سەدانێكی ئەویش بكات و چا یەك بخۆنەوە، ناچێت‌و ئەڕواتەوە بۆ سەری ڕەش، ئیتر بەدوایدا كێشەی سەرۆكایەتی هەرێم‌و ئیفلیج بوونی پەرلەمان‌و چەندین كێشەی دارایی دیكە ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان ئەبنەوە.

 

ئەستێڵی مێژوو پڕە لە چارەسەركردنی گرفتی قووڵ كە واباوە ڕێككەوتننامەو دانیشتن‌و لوتكەكان لە كەناراوە دڵفڕێن‌و هاوینەهەوارەكاندا ئەكرێن، شەڕی چەند ساڵەی ناوخۆی كوردستان‌و براكوژیی لەم دەڤەرەو، دواجار ڕێككەوتنی ئاشتی بەهۆی وەزیری پێشووی ئەمریكا (ئۆلبرایت)ەوە، دەری ئەخات كێشەكانی كورد لە ناوخۆیداو لە شوێنی خۆیدا ئەبێت چارەسەر بكرێت، بەتایبەت لە پەیوەند بەو هەموو فرە ئاڕایی و بێسەروبەرەییەی كە لە ناوچەكەدا دروست بووە.

 

لەم ڕوانگەیەوە، ئێمەومانان كە دۆست‌و نزیكی كاك جەلالی سام ئاغاین، چەندین جار داوامان كردووە، كە ڕۆڵێكی هەبێت لەپێكهاتنەوەی لایەنەكان، لە (5 ی شوباتی 2018) هەرسێ‌ لایەنی هاوپەیمانی بۆدیموكراسی‌و دادپەروەری بە سەركردایەتی بەڕێز دكتۆر بەرهەم ساڵح‌و بزوتنەوەی گۆڕان بەسەركردایەتی بەڕێز عومەری سەید عەلی‌و كۆمەڵی ئیسلامی بەسەركردایەتی بەڕێز عەلی باپیر، لە ماڵی كەسایەتی سەربەخۆ و ناوداری كورد جەلالی عومەری سام ئاغا كۆبونەوە بۆ ئەوەی پێكەوە یەك ڕاو یەك دەنگ بن، جا بێگومان لە پێناو چاكەی گشتی دا.

 

قسەكە ئەوەیە، ئەم لایەنانە هەریەكەیان خاوەنی چەندین ژووری كۆبونەوەو هۆڵی باش باشن، لە شارا چەندین باڵەخانەو هوتێلی گونجاو هەیە، بۆچی لەماڵی جەلالی سام ئاغا دائەنیشن؟ بێگومان لەبەر دوو هۆكاری سەرەكی:

 

یەكەمیان: جەلالی سام ئاغاو ماڵەكەی شوێن و پێگەی هیچ لایەنێك نییەو، سەربەخۆن و، دەخالەتی سیاسیی لەبەرژەوەندی ئەم و ئەو ناكەن، پەكەكەو دیموكرات و كۆمەڵە دێنە ماڵی ئەو، هاوپەیمانی و پارتی و یەكێتی و ئیسلامی‌و گۆڕان سەردانی ماڵی ئەو ئەكەن، چونكە ناوبانگی ئەو بە پیاوە داوەر و سپییەكەی كوردستان دەمێكە هەیە.

 

دووەم: لەبەرئەوەی كاك جەلالی سام ئاغا داوای لێكراوە ڕۆڵی نێوبژیوانییەك ببینێت، چ لە لایەن لایەنەكان، چ بە هەوڵ و فشاری كەسایەتی میدیایی و سەربەخۆ، ئێمەومانان وەك ڕۆژنامەوان و توێژەری بێلایەن دەمێكە وەك نزیكێكی كاك جەلالی سام ئاغا فشار ئەكەین بۆ ئەمەو ئەو فیكرەو داوایەمان هەبووە، چونكە ئەم پێكەوە بوونە بەقازانجی فەزای ئاڵۆزی كوردستانە بەگشتی، وە بە قازانجی هەموو لایەنەكانە.

 

جا ئیتر دەسەڵاتی سیاسیی یان حزبێكی دیاریكراو، یان هەندێك میدیای سێبەر‌و كەسانێك پێیانوابێت كە ئەم دانیشتن‌و ڕێككەوتنە دژی لایەكەو بۆ مەرامێكە، ئەسەح پێچەوانەكەی ڕاستە، تەنها ئەوەیە جەلالی سام ئاغا دەستێكی ئەمینەو نیو سەدە ئەزمونی كاری ئیداریی هەیەو، ئەو پاشگری "ئاغا" یەش بەناوەكەیەوە "ئاغا"ی ئاغاو دەرەبەگایەتی نییە، ئەم ئاغایە ئاغای شەفافیەت‌و لێپرسینەوە لە گەندەڵكاران‌و ئاشتەوایی‌و بەخشین بووە، ماڵ‌و موڵكی خۆی‌و باوباپیری بەخشیوە، خانووی خۆی داوە بە حكومەت، خوێندنگەی گەورە لەم قەیرانەدا لەسەر تێچووی خۆی‌و خانەوادەكەی دروست ئەكات، كارەكانی وەك ئاو و دۆ بۆ كوردو كوردستان دیارن.

 

 

جەلالی سام ئاغا. وێنە؛ پەرەگراف.