پارە-مانتار

21-02-2018 01:19

 

هەتا ئێستاش بون بەپزیشك لەكۆنەستی ئێمەدا ئەولەویەتی خوێندنە، دافعەكەش پەیوەندی بەزانستخوازییەوە نیە، بەڵكو لەبەرئەوەی كاتی خۆی كاك فڵانی موزەمید یان دكتۆر فڵان كە لە لاكۆڵانێكدا دوكانێكی كردوەتەوە، دەوروبەر زانیویانە چ داهاتێكی بێشوماری دەستدەكەوێت. ئیدی بون بەدكتۆر لە ئامانجەوە بوە بە وەسیلەی پارە پەیداكردن. ئێستا ئەم كەسابەتە لەبرەو كەوتوە، شتێكی دی سەریهەڵداوە: پارە-مانتاریی.

 

ئێستا هەمو جۆگەیەك لەكوردستان دەچێتەوە ناو ئەستێلكی پەرلەمانەوە، دافعی گەورەش بۆ بون بە پەرلەمانتاری دیسانەوە فەقەت پول‌و پارەیە. كابرا لە وڵاتانی ئەوروپا دكتۆرای خوێندوە، كەچی پسپۆڕییەكەی خۆی لا سوكترە لەكاری پەرلەمانتاریی‌و سەردەكات بەكۆشی دەیان بەرپرسدا بۆئەوەی بیكەن بەپەرلەمانتار.

 

كابرا خۆی بە ڕۆژنامەنوسی نێودەوڵەتی دەزانی و رۆژ تا ئێوارە بەدەوری كۆشكی سپیدا مامەخولەی بوو، كەچی دەركەوت ئەمەی كردبوە وەسیلە بۆئەوەی ببێت بە پەرلەمانتار. دانەیەكی دی لەژێر جبەو مەندیلی مەلایەتیدا، ماڵ‌و مینبەری خودای بەكارهێنا هەتا ئەوكاتەی دەمی لە لەوەڕی پەرلەمانتاریی گیربوو، ئێستا نەقیزەشی لێدە نقەی لێوە نایەت. یان كابرا مامۆستای زانكۆیە، كەچی دامەزراوەی زانكۆی لا بچوكترە لەپەرلەمان‌و شەڕە لەقەیەتی بۆئەوەی ئەویش بچێتە ئاخوڕەكەی پەرلەمانەوە.‎

 

گومانم نییە، بڕیارێك دەركەن موچەی پەرلەمانتاریی بكەن بە ملیۆنێك دینار، هەر بەیانی لەسەدا هەشتای ئەوانەی ئێستا بە بۆینباخی پانەوە خۆیان كاندید كردوە، دەكشێنەوە. مرۆڤ شەرم دەكات كاتێك دەبینێت پارە چۆن كەرامەتی ئینسانی ئێمەی هاڕیوە. كاتێك هۆڵی پەرلەمان لەشوێنی یاسا دانان‌و كۆتوبەندكردنی حكومەتەوە دەبێتە شوێنی دەوڵەمەندكردنی ئەندامەكانی، واباشترە ئەندامەكانیشی ناوبنرێن پارە-مانتار.