بانەییزم

04-03-2018 05:32


هەموو ئەنتی تلیاكێك خۆی تلیاكە، تلیاكێكی تریش نا، بەڵكو هەمان تلیاك!
گۆڕینی تلیاكێك بە دژەكەی، ناچێتەوە سەر فكر، ئەچێتەوە سەر عوقدە.
ئەنتی فكری یەكەم ناكاتە فكری دووەم، ئەكاتە عوقدەی فكری یەكەم.

 

دۆخی مەوزوعیی خاڵێك، ئەوەیە كە خاڵێكە نەك هەموو خاڵەكان، سەرەتای هەنێ شتە نەك سەرەتای هەموو شتەكان، كۆتایی هەنێ شتە نەك كۆتایی هەموو شتەكان، هەنێ شتی لێوە دەرئەچێ و هەنێ شت ئەچنەوە سەری، بەڵام هەموو شت نا.. هەمان خاڵ لە ئایدیۆلۆژیادا، تەنیا خاڵە، هەموو شتەكان لەوێوە دەرچوون، هەموو شتەكان ئەچنەوە ئەوێ، هەموو سەرەتاكان و هەموو كۆتاییەكان ئەوێن. تێپەڕاندنی خاڵێك ئەوەیە كە بگەڕێیتەوە بۆ دۆخی مەوزوعیی خاڵەكە، نەك ئەوەی پێشتر بە شێرا تیای چەقیبیت و ئێستا بە خەتا، واشبزانیت تێتپەڕاندوە!!

 

پێشتر واتزانیوە هەموو ئیجابیات و چارەسەرەكان ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو خاڵە. ئێستا وائەزانیت هەموو سلبیاتەكان و كێشەكان ئەگەڕیتەوە بۆ ئەو خاڵە. لێرەدا تێپەڕاندنێك لەئارادا نیەو چەقینێك هەیە لە هەمان خاڵدا، بەڵام بە دوو نەوعی جیاواز. دوو نمونەی زۆر زەقی ئەم دیاردەیە گروپی ئەنتی كوردایەتی و گروپی مولحیدەكانن، ئەمانە پێیانوایە دین و كوردایەتییان تێپەڕاندوە، لەكاتێكا ئەوان ڕێك لەو دووانەیا چەقیون!! ئاخر 'ئیلحاد' فكرێكی جیاو سەربەخۆ نیە لە دین، ئیلحاد عوقدەی دینە، ئەنتی كوردایەتیش فكرێكی تر نیە، عوقدەی هەمان فكرە.

 

كە ئایدیۆلۆژیا دنیای لە خاڵێكا قەتیس كرد، تێپەڕاندن هەر ئەوەیە كە تێبگەیت، دنیا لە خاڵێكا كورت نابێتەوە، نەك ئەوەی بێیت، دنیا بئاخنیتەوە هەمان خاڵ بەڵام بەشێوەیەكی تر!! تێپەڕاندنی فكری ڕوونادا تا كرانەوەی عەقڵی ڕوونەدا، كرانەوەی عەقڵیش تێپەڕاندنی تاكڕەهەندییە. تۆ هەر ئەونەی كە تاكڕەهەندیت، یەكسەر ئەحمەقێكیت وائەزانیت وەكالەتی فكرو مەعریفەت لایە!! ئەم خاڵییە لە فكر، ئەو پڕە لە مەعریفە، ئەوان بە جوملە ئەحمەقن، من فڵان فكرم تێپەڕاندوە.. هەر لەخۆتەوە توشی ئەم وەهمانە ئەبیت، تیرۆری فكریش هەر ئەمەیە، لەڕاستییا هەموو تاكڕەهەندێك تیرۆرستێكی فكرییە.

 

تاكڕەهەندیی لەوە دەرچووە لە خانەی فكردا جێ ی ببێتەوە، پێویستە لە خانەی نەخۆشییا جێبگرێ، گرنگە لە زانستی پزیشكیدا فەرعێكمان هەبێت بە ناوی (دەرونناسی فكری). گرنگە لە هەموو كتێبخانەو سەنتەرێكی ڕۆشنبیری.. دوكتۆرێكی نەفسی فكریمان هەبێت، كارەكەی ئەوەبێت زوو زوو بیری خوێنەران و ئەهلی كتێب بخاتەوە كە دنیا لە فكرێكدا جێ ی نابێتەوە.وەكچۆن پاكەتی جگەرە وێنەو ڕێنمایی تەندروستی لەسەرە، گرنگە لە بەرگی هەموو كتێبێك، بنوسرێ ئاگاداربە هەموو ڕێگاكان ناچنەوە بانە!!

 

دنیا هەموو شوێنەكان و هەموو ڕێگاكانە، نەك تەنیا بانەیەك و دوو جادەی حیز، كلیلی فكریش ئەبێ ئەوەبێت كە (كرانەوە چەقی عەقڵە، نەك ئەوەی لە بانەیا بینوقێنیت). كە بانە چەقبوو ئیتر لە هەر لایەكەوە بچیت، هەر بۆ ئەوێ ئەچیت و هیچت تێنەپەڕاندوە!

 

كاتێ پێتوایە كوردایەتی یەكێكە لە كێشەكانی ئێمە، ئافەرین و دەستخۆش، بەڵام كە پێتوابوو كوردایەتی 'هەموو' كێشەی ئێمەیە، ئیتر توشی ئەو حەماقەتە ئەبیت كە حەشدی شەعبی بە فریادڕەس بزانیت.