پیاوێك لە مۆزەخانە

15-03-2018 11:19

 

لەم ڕۆژانەدا چالاكوانانی كۆمەڵگای مەدەنی لە ڕێگای كاك نزاری گوڵی شەقام دیمانەیان لەگەڵ كاك جەلالی سام ئاغا سازدا، پر بە دڵ حەزم لەم دیمانەیە بوو، چونكە مرۆڤ تامەزرۆی بینینی شتی دانسقە دەكات، حەزی لەوەیە بابەتی نوێ یان جیاواز ببینێ، بۆ خۆم زۆرم حەز لەوەیە سەردانی مۆزەخانە بكەم تا شتە بەسەرچووەكان ببینم، لای ئەم كەسەی كە پێی دەڵێن پیاوە سپییەكە زۆر شت دەبینی سەردەمی ئاڵتونیت بیردەخاتەوە، گەرچی لە ئێستادا دەژی كەچی وا دەزانی ئەفسانە دەخوێنیتەوە، كە لە زەمەنێكدا دەژین پڕبێ لە مرۆڤی كارتۆنیی‌و مقەباو پاڵەوانی بەزیو و شڕەخۆر لە پڕ نموونەیەك لە بەهای بەرز بەرجەستە دەبێت.

 

با بچینە وردەكاریی، لە كاتێكدا مایەپووچی باڵی كێشاوە بەسەرماندا كەچی هەمیشە پۆست سحری خۆی هەیەو ئێستاش خەڵك ملی خۆی بۆ دەشكێنێ، ناوی كەس نابەم خەڵكی واهەیە ئەمڕۆ سەلاحییەتی سەلكە تورێكی نییە، كەچی كورسییەكەی خۆی بە هەموو دونیا نادات، لەم ماوەیەدا كاك جەلالی سام ئاغا پۆستێكی بەغدادی ڕەتكردەوە كە لەلایەن حەیدەر عەبادی پێشنیار كرابوو، كاتێك حكومەتی عێراقی بۆ وردبینی موچەی فەرمانبەران دەستبەكاربوو لە ڕێگای پەرلەمانتارێكی بەغداد لەلایەن حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق پێشنیاری ئەوەكرا كە پیاوە سپییەكە سەرپەرشتی گشت پڕۆسەی وردبینییەكە بكات، بەڵام كاك جەلالی سام ئاغا ڕەتیدەكاتەوە، سەیر لەوەدایە لە كاتێكدا ئەم پۆستە ڕەتدەكرێتەوە كە پەیتا پەیتا خەڵكی كوردستان بەرەو بەغداد دەڕۆن‌و تامەزرۆی بینینی عەبادین، مامۆستایان، فەرمانبەران، زیندانی سیاسی، ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی‌و خانەنشینان‌و هی دیكەش... بەداخەوە بەلارە ملی دەیانەوێ بگەنە فریاد ڕەسی بەغداد؟! كەچی ئەم بەغدایە ئەم عەبادییە ئەم فریاد ڕەسە بۆخۆی لە دەرگای ماڵی پیاوە سپییەكە دەدات بۆئەوەی وەك باسدەكرێ پۆستێكی بەغدای بداتێ بە موچەی بەغدا لەلایەن گەورەترین دەسەڵاتی بەغدا كەچی ڕەتیدەكاتەوە.

 

سڵاو لەو كەسەی ئێستا ڕووی ئێمەی لای عەبادی سپی كردووە، ئاخر ماوەیەكە عەبادی هەر دەسەڵاتی خۆفرۆش‌و خاكفرۆش‌و نەوت دزو وەفدی بچوكی لە ئێمە دیوە، لەپڕ كەسێك پێی دەڵێت (نا) ئیتر دەزانێ كە خەڵكی ئێمە نمونەی پیاوی درەوشاوەی تیایە، حەزدەكەم لێرەشەوە چەند پۆستێكی ترتان پێ بڵێم كە كاك جەلالی سام ئاغا ڕەتیكردوونەتەوە:

 

ــ پۆستی سەرۆكی نەزاهەی كوردستان كە بۆی پێشنیار كرابوو لەلایەن بەرزترین دەسەڵاتی هەرێم.

 

ــ پۆستی وەزیری دارایی لەلایەن گۆڕان.

 

ــ پاڵاوتنی بۆ سەرۆكی هەرێم لەلایەن خوالێخۆشبوو نەوشیروان مستەفا.

 

مشتێ هەڵوێست لە خەزنەی پیاوە سپییەكە

 

ــ كە وەكیلی وەزارەتی دارایی‌و سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی بوو، دووجار بە فەرمی داوایكرد موچەكەی كەم بكرێتەوە.

 

ــ خانووەكەی لە گردی سەرچنار كە بە 700 هەزار دۆلار مەزەندە كرابوو دایناوە بكرێت بە بنكەی تەندروستی.

 

ــ زەوییەكەی كە بە 70 ملیۆن دینار فرۆشتی دانرا لە بانكدا قازانجەكەی(فائیدەی بانكی) ساڵانە دابەشدەكرێت بەسەر كارمەندانی چاودێری دارایی‌و خانمی سەلاری ناو دیوان.

 

ــ ئێستا سەرقاڵە بە درووستكردنی قوتابخانەیەكی 12 پۆلی بە تێچووی 250 هەزار دۆلار.

 

ــ ماڵەكەی كراوەیە بۆ ڕەنگە جیاوازەكان، گۆڕان‌و هاوپەیمانیی دیموكراتی‌و كۆمەڵی ئیسلامی لە ماڵی ئەم زاتە كۆبوونەوە بۆ درووستكردنی بەرەیەكی دژ بە گەندەڵی.

 

سڵاو لەو پیاوەی كە نەدیومەو نە بە خزمەتی گەیشتووم كە وەڵامی ئەو عەبادییەی نەیایەوە كە وەفدی كوردی لەبەر دەرگاكەی وەستاوەو بە ئاشكرا ئەپاڕێنەوە بۆ مەرحەبایەكی عەبادی‌و دەڵێن(بەداخەوە عەبادی دەرگای دایەلۆگی داخستووە).

 

ئیمەیڵی نوسەر؛ awat7000@hotmail.com

 

جەلالی سام ئاغا. وێنە؛ پەرەگراف.