
كەم ڕۆژ هەیە گوێبیستی ئەم وتەیە نەبیت، كە دەڵێت سیاسەت هەمووی درۆیە، یاخود سیاسییەكان زۆربەیان درۆدەكەن، پڕۆفیسۆر جۆن جەی میرشەمیر لە كتێبی بۆچی سەركردەكان درۆدەكەن، دەڵێت"سیاسەتمەدارەكان درۆناكەن، بەڵام لەوتنی ڕاستیدا ڕەزیلی دەكەن."
كتێبەكەی پڕۆفیسۆر جۆن درۆی سەركردەكانی جیهان ڕووندەكاتەوە، كە بەشێكیان لەپێناو بەرژەوەندی هاونیشتیمانیانی وڵاتەكەیاندا درۆیان كردوە لەكاتە جیاوازەكاندا، ئەگەرچی درۆ كردەیەكی بێزراوە لەهەموو ئاینو ئایدۆلۆجیاكانو كۆمەڵگاو كلتورێكدا، بەڵام ئەوەی بۆمن گرنگە درۆی سەركردەكانی كوردە لە قۆناغی شاخو شاریشدا كە تەنها حوكمڕانیی شاریان زیاتر لە چارەكە سەدەیەكە.
سەركردە سیاسییەكانی كورد كە لەشاخ بوون بە لێدانی دەهۆڵی ڕۆشنبیریو خەباتكردن لە پێناو ئازادیو دادپەروەریدا گوێی هەموانیان كەڕ كردبوو، هەتا لە شاخ بوون لەچاوی قەڵەم بە دەستانەوە وەك بناغەدانەری یۆنانی كۆنو شارەزای قوتابخانە فەلسەفییەكان دەبینران، بەڵام كە هاتنە شارو بوون بە دەسەڵاتدار، یەكەم چینی كۆمەڵگا كە كەوتە تیرۆكردنو ئیهانە كردنی ڕۆشنبیرانو شاعیرانی كورد بوون كە دەبوو یان وەك حزب بیربكەنەوە یان شوێنێك نامێنێ بۆ ژیانكردن بۆیان.
دوای ئەویش درۆیەكی تریان كەشف بوو كە ئازادی بوو بۆتاكەكان، هەرهاوڵاتییەك ئینتمای بۆحزب نەبووبێت بە چەندین شێوە بێبەش دەكرێ لە داهاتی ئەم هەرێمە، لەدوای ئەوانیش درۆی دادپەروەری دێت، سەركردایەتی كورد نەك نەیتوانی دادپەروەر بێت بەڵكو لەگەڵ گەیشت بەشار دامودەزگا حكومییەكانی تاڵان كردو ئاودیوی سنورەكانیان كرد.
یەكێكی تر لە درۆكانی سەركردەكانی كورد دروستكردنی دوژمنی وەهمی بووە كە زۆر بێشەرمانە ئیشیان لەسەر ئەم درۆیە كردوە، بەتایبەت لەكاتێكدا كە دەنگی ناڕازی بەرزبۆتەوە لەناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان، خێرا چەندین درۆی گەورەیان كردوەو دەیان دوژمنی ناوخۆو دەرەكییان دروستكردووە.
هەروەها لە ڕێگای درۆكردنەوە هەردەم ئیشیان لەسەر دروستكردنی ترس كردوە لە دڵودەرونی هاونیشتمانیدا كە خۆیان واوێناكردووە ئەوان نەبن ئەزموونەكەمان لەدەست دەچێتو هەموو گەلی كورد لەناودەچێت.
سەركردەكانی كورد لەكاتی ڕوودانی جەنگیشدا هەردەم درۆكانیان ئامادەبووە، ئەو هێزانەی لە بەردەستیاندابووە وەك هێزێكی تۆكمە لە ڕووی چەكو پێداویستی جەنگیو ماددیو لایەنی مەعنەوی وێناكردووە، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع پێچەوانەكەی ڕاستبووە، ئەزموونی شەڕی داعش ئەم ئەفسانەیەی پوچەڵ كردەوە كاتێك كە ئەگەر ئەمەریكاو زلهێزەكان نەبوونایە، لە چەند سەعاتێكدا هەموو كوردستان بەدوای یەكدا دەكەوت.
سەركردە شۆڕشگێڕەكانی دوێنیو مشەخۆرەكانی ئەمڕۆی سەرجەستەی تاك بەتاكی كورد، لە ڕێگای سەدان دەزگای ڕاگەیاندنەوەو بەهاوكاری بە شێكی زۆری ڕۆشنبیرو ڕوناكبیرانو پیاوانی ئاینیو ڕۆژنامەنوسان، هەردەم پاكانە بۆ درۆكانیان دەكەن، ئەمانە هۆكارێكی سەرەكین بۆ مانەوەی ئەم چەند كەسە لە حوكمڕانیدا.
گەرسەركردەكانی جیهان بەشێك لە درۆكانیان لەپێناو گەلەكەیاندا بێت، ئەوا هەموو فەرهەنگی سیاسیو ڕاگەیاندنی كوردی بگەڕێیت، درۆیەك نادۆزیتەوە لە بەرژەوەندی خەڵكدا كردبێتیان، بەڵكو هەمووی لەپێناو بەرژەوەندی خێڵو حزبەكانیاندا بووە، بۆیە ئەو وتەیەی كە دەڵێت"پێوستە لە تەنیشت هەرسیاسییەكەوە دارێك بڕوێندرێت" بۆ سیاسییو سەركردەكانی كورد زۆر گونجاوە.
دواجار سەركردایەتی كورد بە درۆكانیان ئاسمانو زەوی كوردستانیان فرۆشتو سەرجەم ئەوداهاتانەی كە لەسەر زەویو ژێرزەوی كوردستان هەیە فرۆشتیان، كارەسات ئەوەیە لەپاش ئەو هەموو درۆیەو ئەو كارەساتو فرۆشتنی هەموو كوردستان، كەسانێك هەبن بەرگرییان لێبكەنو شەڕیان لە پێناودا بكەن!؟