لە ڕۆژی جیهانییەكەیدا، لە هەرێمی كوردستان كۆكردنەوەی پارەی ئاو دەدرێتە كەرتی تایبەت

ساڵانە وڵاتانی دنیاو ئەوانەی لەگرنگیو بەهای ئاو دەڕوانن لە22-3دا كە لەلایەن ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتوەكان بەڕۆژی جیهانی ئاو دیاریكراوە، باس لە گرنگی ئاو، بەڕێوەبردنی، پاراستنی، مەترسییەكانو كەمبوونەوەی ئاو دەكەن.
لەم ڕۆژەدا شارەزایانی بوارەكە لەوڵاتاندا سەرقاڵی پلانو بەرنامەڕێژین بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی هاوڵاتیان بۆئاوی خاوێنو شیرین، ئاوی پێویست بۆكشتوكاڵ، كەرتەكانی پیشەسازیو گەشتیاری.
لەئێستادا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم مەترسی بێئاویدایە، عێراقیش لەو وڵاتانەیە كە هەڕەشەی تینوێتی لەسەرە، ساڵانی دادێ، ئاو لەعێراقدا بەتەواوی كەم دەكات كە هۆكارێكی سەرەكی وشكەساڵییەو هۆكارێكی تریشی ئەو ڕێوشوێنانەیە كە وڵاتانی توركیا، ئێرانو سوریا گرتویانەتەبەر.
عێراق ساڵانە پێویستی بە لانیكەم 50 ملیار مەترسێجا ئاو هەیە بۆ هەموو كایەو سێكتەرەكان، وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عێراق ڕێژەی بەكارهێنانی ئاوی وڵاتەكەی بەم شێوەیە پۆلێنكردوە:
لە %75 بۆ بواری كشتوكاڵ، لە %12 لە هۆڕەكاندا بەكاردێت، لە %8 لەناو ماڵاندا، لە %2.5 بۆكەرەستەی بیناسازی، لە %2.5 بۆحەوزەكانی ماسی.
ئەمە جگەلەوەی توێژینەوەكانی هەمان وەزارەت ئاماژەبەوەدەكەن كە لەئێستادا لە %30 ئاو كەمیكردوەو ساڵی داهاتوش ڕێژەی كەمكردنەكە بەرزدەبێتەوە بۆ لە %50، هۆكارەكانی كەمئاویشی گەڕاندۆتەوە بۆ دروستكردنی بەنداو لەوڵاتانی دراوسێو زۆربونی دانیشتوانی عێراقو دراوسێكانو سەرپێچیكردنو بەفیڕۆدانی ئاو.
لەگەڵئەوەی سێ بەشی ئاوی عێراق بۆكشتوكاڵ بەكاردێت كەچی هەرلەمساڵدا یەك ملیۆن دۆنم زەوی كشتوكاڵیی كە بۆگەنم بەكاردەهێنران بونەتە دێم وبیابان.
لە هەرێمی كوردستاندا لەگەڵ ئەوەی خاوەنی ئاوێكی زۆرین لەڕووی شیرینیو سازگارییەوە، بەڵام نەتوانراوە ئاوی پاكو پێویست بۆ هاوڵاتیان دابین بكرێت، نەتوانراوە زەوییە كشتوكاڵیەكانیشمان بەراو بكرێن لەڕێگەی پڕۆژەی ئاودێرییو شێوازی ئاودانی پێشكەوتو و دڵۆپاندنەوە.
بەواتایەكی تر لەگەڵ هەبوونی ئاو لەهەرێمدا بەڕێژەی چەندین هێند زیاتر لەو بڕەی كە هەیە بەپێی پێداویستی ژمارەی دانیشتوانەكەی، كەچی كێشەی ئاو لەهەرێمدا ساڵانە زێدەتردەبێت بەشێوەیەك كەبۆتە كێشەیەكی درێژخایەنو هەمیشەییو بێچارەسەر.
ئەوەی وایكردوە كە لە هەرێمدا نەتوانرێت چارەسەری ڕیشەیی بۆسێكتەری ئاوو گرفتەكانی بدۆزرێتەوە جگە لە نەبونی پلانێكی وردو تۆكمە، نەبونی یاسایەكی تایبەتە بە بەڕێوەبردنو پاراستنی ئاو، هەرچەندە ئێمە وەك لیژنەی كشتوكاڵو ئاژەڵداریو ئاودێریو بەنداوەكانی پەرلەمانی كوردستان لە 16-11-2014 پڕۆژەیەكمان ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانكردو دوای مانگێكیش خوێندنەوەی یەكەمی بۆكرا و دواتریش بۆدەوڵەمەندتركردنی پڕۆژەكە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداری حكومەت، زانكۆكانی كوردستان، ڕێكخراوەكانی تایبەتمەندو شارەزایانی بوارەكە دیبەیتو وۆرك شۆپمان ئەنجامدا، دواین هەوڵیش بۆكردنی پڕۆژەكە بەیاساو خستنەبواری جێبەجێكردنەوە لەمانگی 11ی ساڵی 2017بوو كە كۆبونەوەمان لەگەڵ لیژنەی یاسایی كرد تاوەكو ڕاپۆرتی هاوبەشی بۆ بنوسرێتو بخرێتە بەرنامەی كاری دانیشتنەكانی پەرلەمان، بەڵام بە بیانووی دروستكردنی ئیلتیزاماتی دارایی بۆحكومەت، وتیان دەبێت ڕای حكومەتی بۆ وەربگیرێت ئینجا بخرێتە بەرنامەی كارو دواتر بكرێتە یاسا، بەڵام تائێستاش نەحكومەتو نەبەرپرسەكانیشی وەڵامێكی ڕاستو ڕونیان نەداوەتەوە بە پەرلەمانو لیژنە پەیوەندیدارەكان تاوەكو ئەویاسایە دەربچوێنرێتو هەرێم ببێتە خاوەنی یاسایەكی تایبەت بە بەڕێوەبردنو پاراستنی ئاوەكەی، بەوەش ئەو ڕاستییەمان بۆ ڕووندەبێتەوە كە ئەم هەرێمەو دەسەڵاتدارەكانی ئەوەی بەلایانەوە گرنگ نیە ئاو و سەرچاوەكانیەتی كە پێداویستیەكی ڕۆژانەو بەردەوامی ژیانی مرۆڤەكانە.
لەمساڵیشدا حكومەتی هەرێمو لایەنی پەیوەندیدار بڕیاریانداوە كە كۆكردنەوەی داهاتی ئاو بدەنە چەند كۆمپانیایەكو دانانی پێوەری ئاو بۆماڵانو شوێنە گشتیو پیشەسازیو بازرگانیەكانیش دەبێتە بڕیارو هەر ماڵو شوێنێكیش پێوەر دانەنێت ئەوا لەقۆناغی یەكەمدا بەبڕی 100 هەزار دینار سزا دەدرێتو ئەگەر هەرپێوەریان دانەنا سزاكان مانگانە زیاتردەبن بۆ200 هەزارو زیاتریش.
هەرێمی كوردستان بۆئەم مەبەستە كراوەتە چوار زۆنو هەر زۆنێكیش دەدرێتە كۆمپانیایەك، زۆنەكان بەم شێوەیە دابەشكراون(پارێزگای هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجەو ئیدارەكانی گەرمیانو ڕاپەڕین.)
یەكێك لە داواكارییەكان كە بەسەر كۆمپانیاكاندا دەسەپێنرێت ئەوەیە كە دەبێت ڕوپێوییەكی زۆنەكان بكەن تاكو بزانرێت چەند هاوبەشی ئاو هەیە، چەندیان پێوەری ئاویان بەستوە، ئەگەر پێوەرێان نەبەستبوو ئەوا كاتێكیان كە زیاتر نەبێت لە(دوو مانگ) بۆدیاریدەكرێت تاكو لەو ماوەیەدا پێوەرەكان ببەستن.
كۆمپانیاكان كە دەچنە ئەو زۆنانە ئۆفیسی تایبەت بەخۆیان دەكەنەوەو داتابەیس دادەنێن، كارمەندانی بەشی داهات لە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی شارو شارۆچكەكان وەك پێشتر بەردەوام دەبن لەسەر كارەكانی خۆیانو دواتر موچەكەیان لەلایەن كۆمپانیاكانەوە پێدەدرێت بەبێ پاشەكەوت.
كۆمپانیاكان لەسەرەتای مانگی 1ی ساڵی 2018وە گرێبەستیان لەگەڵدا كراوەو ماوەی 105 ڕۆژیان پێدراوە تاوەكو ئامادەسازیی خۆیان بۆكارەكان بكەنو ئامێرەكان پەیدا بكەن بۆ گرتنی وێنەی كەشو ڕوپێوی شارەكان.
پێدەچێت ئەگەر ماوەیەك كاتەكەیان بۆدرێژ نەكرێتەوە بەهۆی بارانو خراپی كەشو هەوا، ئەوا لە 20-4-2018وە كارەكان تەواو بكرێنو دەست بكەن بەخوێندنەوەی پێوەرەكانو كۆكردنەوەی پارەی ئاو، دواتر كارەكانی دانانو چاودێریكردنی پێوەری ئاوو كۆكردنەوەی داهاتەكەشی بۆماوەی 7 ساڵی تەواو دەدرێتە كەرتی تایبەت لەڕێگەی ئەو چەند كۆمپانیایەوە كە گرێبەستیان لەگەڵدا كراوە لەلایەن حكومەتەوە.
بەپێی وتەی بەرپرسانی بوارەكە كە بەدواداچونمان بۆكردوە، دەڵێن ئامانج لەكارەكە ئەوەیە بتوانرێت چیدیكە ئاو بەفیڕۆ نەچێتو ئاو بپارێزرێتو بشتوانن ئاوی پێویست بۆ هاوڵاتیانو شوێنەكانی تر دابین بكەن، ئەمە جگەلەوەی كە حكومەت نەیدەتوانی داهاتی ئاو كۆبكاتەوە.
ماوەتەوە بوترێت پێویستە ئامانجی گەورە لە كارێكی لەوشێوەیە بریتی بێت لە پاراستنی ئاو، پێدانی ئاوی پێویست بەهاوڵاتیان بەپێی ستاندارد كە ڕۆژانە بۆ هەر هاوڵاتیەك پێدانی 250 لیتر بێت، پاراستنی مافی تەواوی كارمەندانی كەرتی گشتی كە پێشتر لەوشوێنانە كاریانكردوە، هەروەها لەبەرچاوگرتنی دۆخی خراپی هاوڵاتیان لەڕووی ئابورییەوە بێت، نەك مەبەست لێی دەوڵەمەندكردنی چەند كۆمپانیایەكی حزبیو خۆدزینەوەی حكومەت بێت لە بەرپرسیارێتی، چونكە لەبنەڕەتدا دەبێت حكومەت خزمەتكاری هاوڵاتی بێت نەك ببێتە بارو پێشێلكردنی مافە سەرەتاییەكانی كە دابینكردنو پێدانی ئاوی پێویست یەكێكیانە .