نەوشیروان مستەفاو ئەم تایپە

24-03-2018 06:52

 

1
ئەزانن جیاوازیە ڕیشەییەكە چیە، نەوشیروان مستەفا نوسەرو سیاسی‌و ڕۆشنبیرو خوێنەوارو بە هەڵوێست بوو، بە كورتی هەموو ئەرێنییەك بوو بەس خۆی بە خاوەنی هیچ نەدەزانی، هەیە هیچ نییەو خۆی بە خاوەنی هەموو شتێك دەزانێ، كەس لە توڕەبوونی نەوشیروان مستەفا قەڵس نەدەبوو، هەموو كەس دەیزانی توڕە بوونەكەی جگە لە هەڵوێستێك بۆ بەخۆدا چوونەوە هیچی تر نەبوو، ڕق نەبوو، دژایەتی نەبوو، ناجۆری نەبوو، لێ‌ ڕق هەڵگرتن، ناجۆری لەم تایپەدا جۆرێكە لە هەڵوێست.

 

2
لەنێو هەموو ئەوانەی لە نەوشیروان مستەفاوە نزیك بوون، زۆرن كە هەڵگری بە شێك لە ئاكارو هەڵوێستەكانی ئەون، هەڵبەت نزیكەكانی كە لە یەكێتییەوە لە گەڵیا هاتنە دەرەوە، نامەوێ‌ ناوی كەس بەرم، بەڵام عومەری سەید عەلی، عوسمانی حاجی مەحمود، قادری حاجی عەلی، ئایا لەوانە نزیكتر هەن لێیەوە، هەڵگرتنی ئاكارو هەڵوێستی نەوشیروان مستەفا دوركەوتنەوەیە لە پارەو پلەو پۆست، دوركەوتنەوەیە لە ماستاو كردن، نەوشیروان مستەفا وەك سروشت ماستاوچی خۆش نەدەویست.

 

3
هێشتا كاك نەوشیروان جێگری سكرتێری یەكێتی بوو، ئەو شوێنەی دواتر هەرگیز نەتوانرا پڕ بكرێتەوە، وتارێكم نووسی بوو لەسەر گەنەو گەندەڵی، لای مەجید ساڵح پەسەنی زۆری وتارەكەی دابوو، سەر لەبەری وتارەكە ڕەخنەی توند بوو لە سیستمی حوكمڕانی یەكێتی، ئەوە جیاوازییەكەیە.

 

4
لەوانەی نەخۆشی دەرونییان هەیە لەزمانی ئاساییدا پێیان دەڵێین "شێت" لە بادینان "دین" یان پێدەڵێن، چەند دۆستێكم هەیە هەموویان نەوشیروان مستەفایان خۆش دەویست، ئەوەش بریتییە لە ژیری شێتان، لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا ئەوەی دوای پارەكەوێت نەوشیروانی نییە، ئەوی شەق‌و بۆكس بوەشێنێ‌ نەوشیروانی‌و گۆڕان نییە، ئەوی شێتی پۆست‌و پلە بێت نەوشیروانی‌و گۆڕان نییە، لەوە دەچێت سەردەمەكە گۆڕابێت و ئێمە ئاگادار نەبین.