بەرهەم ساڵح و سیاسەتی فەرخە گورگ!

16-04-2018 08:46

 

(1)

 

وەك سەردەمی جیابوونەوەی بزووتنەوەی گۆڕان، یەكێتی دەستی بە پاكتاوكردنی ریزەكانی خۆی لە هاودیدەكانی دكتۆر بەرهەم ساڵح كردووە. هەموو ئەو بڕیارانەش لەكاتێكدان كە دوای دانانەوەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، تێكڕای دەسەڵاتەكانی سكرتێری گشتی تا بەستنی كۆنگرە (كە ئەویش خوا دەزانێ كەیە) دراون بە كۆسرەت رەسوڵ، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی. ئەم گۆڕانكارییە دوای ئەوە هات كە ماڵی تاڵەبانی و برایم ئەحمەد بەرامبەر بە كۆسرەت رەسوڵ بەچۆكدا هاتن و نەیانتوانی كۆنگرەیەكی دیزەبەدەرخۆنەكردن ببەستن. هەر بۆیە پێدەچێ بە پشكی خۆیان لە یەكێتیدا و لە داهاتووی كاری سیاسییان رازی بووبن، یان چاوەڕێی فرسەتێكی دیكە بن.

 

دەمێكە كۆسرەت رەسوڵ و دكتۆر بەرهەم لێك نزیكن و دۆستایەتییەكی پتەویشیان هەیە. بەتایبەتی دوای نەخۆشكەوتنی تاڵەبانی هەردووكیان بە كردەوە كەوتنە بەرەی بەرامبەری ماڵی تاڵەبانی و تا ئەو ئاستە چوونە پێش كە پلە و پۆستی خۆیان لەناو یەكێتیدا هەڵپەسارد و تەنانەت ناوەندی بڕیاریشیان راگەیاند. لەو ماوەیەدا هەموو چاوەڕوانییەكان بەو ئاراستەیەدا بوون كە هەردووكیان حیزبێكی نوێ درووست بكەن، بەڵام راستییەكەی سەرباری هەموو ئەو نزیكی و دۆستایەتییە، هیچیان متمانەی تەواویان بەیەكتری نەبوو، ئەگەرچی تەواوكەری یەكتری بوون، بەڵام ئەگەر كۆسرەت رەسوڵ وەكو فەرخە گورگەكەی هەیاس (لە رووی سیاسییەوە) لەبەرامبەر ماڵی تاڵەبانی دكتۆر بەرهەمی بەكارهێنابێت، ئەوا ئەگەر دكتۆر بەرهەمیش هەمیشە لە پاڵپشتی و باڵادەستیی سەربازیی كۆسرەت رەسوڵ سوودمەند بووە.

 

ئاراستەی سیاسیی هەردووكیان بەپێی بەرژەوەندییەكانیان نەخشاوە، چونكە سەردەمانێك دكتۆر بەرهەم، سەرباری ئەوەی كە كۆسرەت رەسوڵ دژی هێنانە پێشەوەی قوباد تاڵەبانی بوو (تەنانەت بارزانیش رازی نەبوو) پاڵپشتیی لە قوباد تاڵەبانی كرد و بارزانیشی رازی كرد، بەڵام دوای ئەوە ماڵی تاڵەبانی پشتیان تێكرد! كۆسرەت رەسوڵیش هەمیشە خۆی بە میراتگری بەرهەقی یەكێتی زانیوە دوای تاڵەبانی و ئێستا دەرفەتێكی زێڕینە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێ كە ئەمجارە یەكێتی لە هەولێرەوە هەڵدەستێتەوە نەك لە سلێمانییەوە، لەو پێناوەشدا بەرامبەر كۆنە هاوپەیمانەكەشی دەوەستێتەوە، بەوەش بە تیرێك دوو نیشان دەپێكێت، هەم حەجمی راستەقینەی دكتۆر بەرهەم لەناو یەكێتیدا نیشان دەدات و هەمیش ئەو لق و پۆپانەی ماڵی تاڵەبانی كە دەستیان لەگەڵ شیعە تێكەڵ كردووە، هەڵدەپرتێوێ.

 

یەكێتی چی لێ بەسەر دێت؟

(2)

 

ئەگەرچی ئێستا یەكێتی وەكو حزبێكی بێ دەرگا و پەنجەرەی لێهاتووە، بەڵام هەوڵەكانی كۆسرەت رەسوڵ بۆ هەستاندنەوەی یەكێتی (بە تایبەتیش كە هەموو حیزبەكانی سلێمانی چاویان بڕیوەتە دەنگەكانی) لەم هەڵبژاردنەدا، مەیدانخوازییەكی كەموێنەیە. گۆڕینی بەرپرسی مەڵبەندەكانی سلێمانی و هەولێر (كە قسە هەیە بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكیش بگۆڕدرێ و جارێ لەسەر ناوەكە مشتومڕ هەیە) و، كۆمەڵێك گۆڕانكاریی ریشەیی لە پێكهاتەی رێكخستنەكانی یەكێتی، دەسەڵاتی كۆسرەت رەسوڵ وەك كەسی یەكەمی یەكێتی پتەوتر دەكات. ماڵی تاڵەبانی و برایم ئەحمەد، ئەگەرچی بەوە خۆشحاڵ نین، بەڵام كۆسرەت رەسوڵ دوایین شانسی مانەوەی ئەو بنەماڵانەیە لە پێگەی سیاسی و حوكمڕانیدا، چونكە پارتی لە هەموو هەنگاوەكانی داهاتوویدا، مامەڵە لەگەڵ ئەمری واقیعدا دەكات نەك خاتر و خواهیشت.

 

پارتی بە هەستانەوەی یەكێتی خۆشحاڵە و بە تایبەتیش ئەگەر ئەو هەستانەوەیە لەسەر دەستی كۆسرەت رەسوڵ بێت، هەرچەندە بە هەڵكشانی دكتۆر بەرهەمیش ناڕەحەت نییە. چونكە لانیكەم لەوە دڵنیایە كە توانای مامەڵكردنی لەگەڵ هەردووكیاندا هەیە و بەرچاوڕوونییەكی مێژوویی لەوباریەوە هەیە. دانانی شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ وەكو بەرپرسی مەڵبەندی هەولێری یەكێتی، نفوزی حزبەكانی سلێمانی لە هەولێر كەمڕەنگتر دەكات، دەنگە تۆراوەكانی یەكێتی بۆلای خۆی رابكێشێتەوە و، ئەوەش لە قازاجی پارتییە، چونكە پارتی مەترسیی لەسەر دەنگدەرانی خۆی نییە و، بەهێزبوونەوەی یەكێتی لەكۆڵ سەرئێشە و ئیستیفزازی حیزبەكانی دیكەی دەكاتەوە.

 

هاوكات لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو گۆڕانكارییانەی كە یەكێتی ئێستا دەیانكات، بەجۆرێكە كە ئەو بەرپرسە حیزبیانەی لە 16ی ئۆكتۆبەردا پارتی تۆمەتی خیانەتی دەدانە پاڵ، وا هێدی هێدی گۆڕەپانەكە چۆڵ دەكەن و جێگەی خۆیان دەدەن بە كەسانێك كە قەت لەگەڵ رادەستكردنی كەركووكدا نەبوونە. بۆیە ئەم هەڵبژاردنە بە نیسبەت یەكێتی و پێگەی كۆسرەت رەسوڵ یەكجار گرنگە و دەبێ یەكێتی بتوانێ (رەنگبێ لە كەركووك زەحمەت بێت) لە هەولێر، دهۆك، سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان پارێزگاری لە دەنگەكانی بكات.

 

مەلای خورماخۆر!
(3)

 

دوای جیابوونەوەی (بزووتنەوە) لە یەكێتی نیشتمانی كە تاڵەبانی بە (ناڕەسەن) ناوی دەبردن و درووستكردنی (حزبی سۆسیالیستی كوردستان)، راگەیاندنی (ئاڵای شۆڕش) لەسەر دەستی مەلا بەختیار دووەم هەوڵی لەتكردنی یەكێتی بوو كە بە شێوەیەكی تراژیدی لەسەر دەستی تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا ئیحتیوا كرا. سەیر ئەوەیە كە دوای ئەوەی مەلا بەختیار لە (ئیعدامی جەستەیی) لەسەر دەستی یەكێتی رزگاری بوو و (ئیعدامی سیاسی) كرا و دواتر نامەی پەشیمانیی پێ نووسرا، یەكەم كەس كە بەرەنگاری هەموو ئەوانە دەبێتەوە لە یەكێتی جیا دەبنەوە! وتارە ئاگرینەكانی ئەو و میدیاكەیەتی.

 

هەڵوێستی مەلا بەختیار و كاردانەوەی توندی بەرامبەر ئەوانەی لە یەكێتی جیادەبنەوە، رەنگبێ بەشێكی عوقدەی مێژوویی بێت (چونكە ئەویش بەوە تۆمەتبار بوو كە هەموو ئیمكاناتی یەكێتی بۆ دروستكردنی ئاش بەكارهێناوە!)، بەڵام حەقیقەت ئەوەیە كە مەلابەختیار لە هەموو سەردەمێكدا، هەوڵ دەدات ئەوەی لە یەكێتی جیابووەوە، جارێكی دیكە قەت روو لە یەكێتی نەكاتەوە!