گۆڕان بەرپرس نییە لەڕیفراندۆم‌و لێكەوتەكانی

22-04-2018 10:35

 

بۆ مێژوو.. بەم بەڵگانەی خوارەوە، گۆڕان بەرپرس نییە لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم‌و لێكەوتەكانی:

 

یەكەم: گۆڕان بەشداری نەكردوە لە كۆبونەوەی لیژنەی باڵای ڕیفراندۆم لە ڕێكەوتی 7-6-2017.

 

دووەم: لە 14-8-2017 دوو ئەندامەكەی گۆڕان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و ڕاپرسی، دەنگیان نەداوە بەئەنجامدانی ڕیفراندۆم. (هەرچەندە یەكێتی لەكۆبونەوەی سەركردایەتی هاوبەشی گۆڕان‌و یەكێتی، بەئامادەبونی ئەندامانی كۆمسیۆنی هەردولا، یەكێتی بەڵێنیدا، كۆمسیۆن ڕێگری بكات بۆ ڕیفراندۆمی 25-9-2017، بەڵام وەك هەمیشە! بەڵێنەكەیان نەبردەسەر. بێگومان، پشتگیری یەكگرتوو بۆ پارتی لەو بابەتەدا، بەئێستاشەوە، لەهەمو ئاستەكاندا، شاراوەنەبوەو نیە)!

 

سێیەم: گۆڕان بەشداری نەكردووە لە كۆبونەوەی 15-9-2017ی پەرلەمانی كوردستان بۆ شەرعیەتدان بە ڕیفراندۆم.

 

چوارەم: گۆڕان بەشداری نەكردوە لەهیچ ئاهەنگێك و گردبونەوەیەكی بارزانی بۆ ئەو مەبەستە.

 

پێنجەم: سەبارەت بە مەترسیەكانی ڕیفراندۆمی 25-9-2017و پێش ئەم ڕێكەوتە، ژوری توێژینەوەی سیاسی شەش توێژینەوەمان لەبوارە جیاوازەكاندا ئەنجامداوەو دواتر لەكتێبێكدا بە ناونیشانی(ڕیفراندۆم‌و دەوڵەتی كوردستان: ئامراز یان ئامانج؟) بڵاومانكردنەوە.

 

شەشەم: بەیاننامەكانی جڤاتی نیشتمانی هەمویان ماون و شاهیدی ئەوەن كە گۆڕان دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی 25-9-2017 بوە، بەتایبەتی بەیاننامە هاوبەشەكەی گۆڕان و كۆمەڵ لە 23-9-2017 (دوو ڕۆژ پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم)، باشترین بەڵگەی واقیعبینی و ڕاستگۆیی ئەم دوهێزەیە سەبارەت بە ڕیفراندۆم.

 

ئێستاش درەنگ نیە، لەبری شانازیكردن بەشكست‌و لەدەستدانی زیاتر %51ی خاكی كوردستان‌و موزایەدەكردن بە كوردایەتیەكی موزەیەفەوە، داوای لێبوردن بكەن باشترە.